هەڵبژاردنی جۆری یاری رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی منداڵدا، دەبێتە هۆکاری دڵخۆش بوون و شادی بەخشە بۆیان
یاریکردنی منداڵان جۆرێکە لە شێوازی فێربوونیان، بەڵام ئەوان لە رێی تایبەتمەندییەکانی یارییەوە خۆیان فێر دەکرێن و چێژێکی زۆر لە جۆری یارییەکان دەبینن، یاریی و جیهانی تایبەت بەوان لەگەڵ گەورەکاندا زۆر جیاوازە، هەڵبژاردنی جۆرەکەشی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی منداڵییانداو دەبێتە هۆکاری دڵخۆش بوون و شادی بەخشە بۆیان.
هەر ئەو یاریکردنانەشە لە بەرامبەر زۆر لە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکاندا دەیانپارێزێت، هاوکاری دایک و باوک لەگەڵ مامۆستایانی قۆناغەکانی خوێندن لە رەخساندنی کەشی لەبار و دابینکردنی ئەو یاریانەی کە منداڵان ئارەزووی دەکەن و لەگەڵ تەمەنیان دەگونجێت، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی منداڵاندا.
بێگومان مەبەست لە هاوکاری گەورەکان ئەوە ناگرێتەوە، کە بە ویست و حەزی ئەوان جۆریەتی یارییەکان هەڵبژێرن و بە تەواوەتی دەست لە یاریی منداڵان وەربدەن، بەڵکو دابینکردنی کەرەستەی یاریی و خوڵقاندنی هەلومەرجێک کە منداڵان بتوانن بە یارییەکانەوە بەپێی توانا و کاتی گونجاو خەریک بن، لەبەرئەوەی هەرکات ئازادی تەواو لە هەڵبژاردنی یارییەکان درا بە منداڵ ئەوا کاریگەری لە پێگەیشتن و بەرەوپێشچوونیدا روودەدات.
سەرەڕای چێژوەرگرتن و رووخۆشییان، ئەو یارییانە دەبنە هۆکارێک بۆ چاندنی گیانی هاوکاریکردنی هاوڕێ و کەسانی دیکە لە کاتی پێویستیدا، لە بواری کۆمەڵایەتیشدا فێری چەند بەهایەکی کار دەبێت لەنێو کۆمەڵدا، باوەڕ بەخۆبوونی پتەو دەبێت و چوست و چالاک دەبێت لە کاتێکدا کە گرفتێک دێتە رێی.
هەر بەهۆی یارییەوە بەهێزیی هەستی بەرکەوتنی تیا دەبینرێت، بە چەند بارەکردنەوەی یارییەکانیش دەبێتە کەسێکی شارەزا و لێزان، ئەوکاتە وەک راهێنەر و شارەزایەک هاوڕێ و منداڵانی دیکە فێر دەکات کە لە جۆری یارییەکان نازانن، ئەم بابەتی فێرکردنە بەپێی بۆچوونی فرۆید زۆر کاریگەرە لە بواری پەروەردە و فێربووندا، لەبەرئەوەی منداڵ لە منداڵەوە زیاتر فێردەبێت و تەنانەت ئاسوودەتریشە کە هاوتەمەنێکی خۆی زانیاری پێ بدات و فێری بکات.