نان لە غەززە و بورج لە دوبەی

10:15 - 2025-02-03
‎‎سۆزان حەمە تاتە
102 خوێندراوەتەوە

غەززەییەکان بەدەست ئێش و ئازارەکانەوە دەناڵێنن و ئاگربەستی دوای شەڕی قورسی حەماس و ئیسرائیل، نەیتوانیوە کۆتایی بە دەردەسەرییەکانیان بهێنێت

بەگوێرەی راگەیاندنەکان، برسێتیی قورس تەنگی بە خەڵک و ئاوارەکانی غەززە هەڵچنیوە، بەڕادەیەک بۆ وەرگرتنی چەند نانێک چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا دەوەستن و هەندێکجار دەستیشیان ناکەوێ، ئەوەش بووەتە مایەی کارەساتی مرۆیی و دەیان هەزار ژن و منداڵ لە چاوەڕوانیی خواردنی پارووە نانێکدا خەویان لێ دەکەوێ.
ئەگەرچی بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان «لە 19ی مانگەوە کە رێکەوتی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززەیە، رۆژانە زیاتر لە 4200 بارهەڵگر هاوکاریی گەیشتوونەتە نێو کەرتی غەززە، واتە رۆژانە 300 بۆ 350 بارهەڵگر،  50 یان بارهەڵگریی سووتەمەنی بووە و بەشێکی زۆریشیان بۆ نانەواخانەکان دابینکراون.» لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا غەززەییەکان بەدەست ئێش و ئازارەکانەوە دەناڵێنن و ئاگربەستی دوای شەڕی قورسی حەماس و ئیسرائیل، نەیتوانیوە کۆتایی بە دەردەسەرییەکانیان بهێنێت، بەڵکو هەروەکو ئەوە وایە لە دۆخی شەڕدا بن.  
ئەوان لەم ژیانە دەژین و وڵاتانی کەنداو برا و خوشکان و دەسەڵاتدارەکانیشیان لە ژیانی بەهەشتیانەی خۆیاندا دەژین و لەبری بەرزکردنەوەی دەستیان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە، دێن زیاتر بورج و کۆشک و تەلارەکانیان بەرزتر دەکەنەوە، سعودیە و ئیمارات، ململانێی ئەوەیانە باڵای بورجی کامیان لە هی ئەویتریان بەرزتر بێت و مارکێتی کامیان فراوانتر و کامیان پارەی زۆرتر یەدەگ بکەن، هەموویشی لەژێر ناوی ئیسلامی و ئایینە هاوبەشەکەیاندا و ویژدانیشیان مردووە.  
ئاوارەیەکی غەززەیی کە بە کوڵەمەرگی گەڕاوەتەوە ماڵە وێرانبووەکەی دەڵێت: «دوو رۆژە بێ نانین، هەندێ برنجمان هەبووە، بەڵام نانمان نییە و منداڵەکانیشم زۆریان برسییە.» ئەو دیمەنە، مرۆڤ شێتگیر دەکات بەرامبەر وڵاتانی بەناو عەرەبی و ئیسلامی کە تێرکردنی منداڵێکیی غەززەییان لا گرنگ نییە و هەر خەریکی پڕکردنی بانک و ورگی خۆیانن، هاوڵاتییانی خۆیان لە گەشت و گەڕانن بۆ خۆشترین وڵاتەکانی دنیا، کەچی خوشک و براکانیان وا لە برسێتی و تینوێتیدا خەریکە دەمرن. 
خۆ بڕە هاوکارییەکانیشیان هێندە نییە جێی شانازی بێت، بەڵکو هەر موزایەدەی سیاسییە و خۆبادانی برای نالەبارە بۆ برا و خوشکەکەی، نەک لە سۆنگەی ویژدانی زیندووی مرۆڤەوە بۆ دابەشکردنی پارووی دەمی و پارەی گیرفانی لەگەڵ هاودین و هاوزمانەکەی.

گەڕانەوە بە دەستی خاڵی بۆ سەر هەواری وێران 

وتارەکانی نوسەر