(35)
لەم سەردەمەدا مۆدێلێکی هەڵەی جوانیی پیشان دەدرێت، جوانیی ئەوە نییە هەموو کۆپی ئەو مۆدێلە دروستکراوەی نێو سۆشیال میدیا بین
جوانیی ژن بابەتێکە هەر لە کۆنەوە مشتومڕی لەسەرە، جگە لە چەندین چیرۆک و نووکتە لەسەر ئەوەی ئەو کچ یان ژنەی جوانە لە ناوەوە بەتاڵ و دەبەنگە، بەڵام ئەوەی ژن وازیلێناهێنێت جوانیی و خۆ جوانکردنە، لەبەرئەوەی سروشتی مێینە بەو جۆرەیە و بە رای من عەیبە نییە ژنێک هەوڵی جوانیی و خۆ جوانکردن بدات، جا بە ماکیاژ بێت یان بە رێگە تا راددەیەک نوێیەکانی ئەم سەردەمە بێت. وەک پێشتر وتومە جوانیی ئەوە نییە هەموو کۆپی یەک بین و لای پزیشکەکانی جوانکاریی تا راددەیەکی ناسروشتیی دەستکاریی روخسارمان بکەین، وەک ئەوەی بەداخەوە ئێستا دەیبینین، لە هەمانکاتیشـدا خــۆ جوانکردنی ژن مانای ئەوە نییە ئەو ژنە ناخی بەتاڵە یان لەبەر پیاو خۆی جوان دەکات، ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و ناکرێت حوکمی رەش یان سپی بەسەردا بدەین، لەبەرئەوەی ماکیاژ و جوانکارییەکانی ژن، زۆربەی پیاوان لێی نازانن، هەروەها بەپێی زانستی دەروونیی بێت کە چەندین توێژینەوەی لەسەر کراوە «ئاخۆ ژن بۆ خۆی جوان دەکات و بۆ کێ خۆی جوان دەکات؟» دەرکەوتووە رێژەیەکی کەم بۆ پیاو خۆیان جوان دەکەن، ژن زیاتر بۆ خودی خۆی، خۆی جوان دەکات، کاتێک ژنێک لەبەردەم ئاوێنەدا خۆی بە جوانیی دەبینێت ئەوە متمانە و وزەی پۆزەتیڤی دەداتێ، بەوجۆرە باشتر دەتوانێت رووبەڕووی ژیان ببێتەوە.
دواجار هەوڵدانی ژن بۆئەوەی جوان بێت، لەبەر هەر هۆکارێک بێت هەڵەیە یەکسانی بکەین بە بێ توانایی یان بەتاڵیی، نەخێر دەکرێت گرنگی بە جوانیی خۆی بدات و لە ناخیشیدا پڕبێت لە جوانیی، وەک ئەوانەی لە پێگە و پۆستێکدان، بەڵام بەداخەوە زۆرجار ئەو ژنانە لە سۆشیال میدیادا هێرشیان دەکرێتە سەر، لەبەرئەوەی خۆیان جوانکردووە و دەستکاریی روخسارییان کردووە، ئەی ئاساییە لەو پێگەیەدا بە ناشیرینی دەربکەون؟ ئایا هەمان ئەو کەسانە بەجۆرێکی دیکە گاڵتەیان پێناکەن؟
کەواتە خۆجوانکردنی ژن بە جۆرێک لە سنوری سروشتیی دەرنەچێت نایکات بە کەسی بەتاڵ، هەروەها ئەو ژن و کچانەشی بەشێوەیەکی ناسروشتی جوانکاریی دەکەن، مانای ئەوە نییە هەموویان تەنیا گرنگی بە توێکڵی دەرەوەیان دەدەن، بەڵکو مانای ئەوەیە لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیایەدا مۆدێلێکی هەڵەی جوانیی پیشان دەدرێت و پێویستە هۆشیار بکرێنەوە، لەوەی جوانیی ئەوە نییە هەموو کۆپی ئەو مۆدێلە دروستکراوەی نێو سۆشیال میدیا بین.