لە ئەگەری گۆڕینی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە چی دەکەن؟

09:41 - 2025-02-05
هیوا محەمەد
23 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

بەو پێیەی کە ساڵی کوردی و مێژووی کورد دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ، کەواتە بە نزیکەی هەزار ساڵ پێش ئایینی ئیسلام، کورد هەبووە و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، ئێمە درێژەپێدەری ئەوانین و ئێستا وەک نەتەوە کوردین و وەک ئایینیش زۆرینەمان شوێنکەوتووی ئایینی ئیسلامین.
خۆمان دەناسێنین لە ناوچەکە و بووینەتە بەرەی ناکۆک لەگەڵ چەند نەتەوەیەک کە جوگرافیاکەمان دەکەوێتە پانتاییەکی گرنگ و دەوڵەمەند بە سامانی نەوتی و کانزاکانی دیکەوە.

ترەمپ لە خوا دەپاڕایەوە
دۆناڵد ترەمپ، لەکاتی سوێندخواردن و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی گرنگییەکی زۆری بە خوا و باوەڕ بوون دا، چەند جارێک ئەوەی دووبارە کردەوە کە خوامان لە پشتە، ئەگەر ئەمەمان قبوڵ بێت وەک پەیامێکی راستەقینەی خۆی و باوەڕی پێی بێت، ئەوا دەبێت بزانین کە ئایینی ئەو مەسیحییە و بە گەڕانەوەش بۆ ململانێی ئایینەکان، هیچکات پێی خۆش نییە ئایینی خۆی بەرەو پووکانەوە و لاوازبوون بچێت لەناو کۆمەڵگەی جیهاندا و ئیسلام بچێتە سەر.
هەروا ئەگەر ئەو هەموو شەڕ و کوشتارەی لە نێوان ئیسلام و ئایینەکانی تردا روویداوە، بە برینێکی سارێژنەکراو بزانین، ئەوا دەکرێت گومانمان هەبێت لە قسەی سەر زاری ئاینییەکان کاتێک دەڵێن نابێت ناکۆکیمان هەبێت!.
  کورد بە درێژایی مێژوو هیچ میرنشینێک، شۆڕشێکی، نەبووە دوور بێت لە کارتێکەریی ئایینی، لەسەردەمەکانی شۆڕش و بزاوتنی هەستە نەتەوەییەکانیشدا بەهەمان شێوە، شێخ سەعیدی پیران و شێخ ئەحمەدی بارزان و شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و تا ئەوانی تریش، هەموویان ئەگەرچی کوردیش بوون، بەڵام ئایین لە لایان لە سەرووی هەموو شتەوە بووە و شانازییان بە سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە کردووە کە کوردێکی مسوڵمان بووە و ئیسلامی سەرخستووە. 
شۆڕشەکان میللی نەبوون
تەنانەت لە دوای سەرهەڵدانی بیری کۆمۆنیستیش، لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا کە وەک تیۆر لە بەرەی چینی کرێکار و جووتیاردا بووە و دژی دەرەبەگ و سەرمایەدار و چەوسانەوە بووە، لە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەشدا، کەسایەتییەکی میللی وا هەڵنەکەوتووە کە شۆڕشێک بکات پشت بەست بێت بەو بیروباوەڕە. 
کاتێک ترەمپ گرنگیی بدات بە نزای ئایینی و پشبەستن بەخوا، لەگەڵیشیدا سەر بە ئایینی مەسیحی بێت کە زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا و ئەوروپاش هەڵگرین، کاتێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی یەهودی لەسەر پێ وەستا بێت و داکۆکیی سەرسەختانە لە خۆی بکات و دژی هەموو بزووتنەوەیەک یان بیرێکی ئیسلامگەرایی بێت، ئیتر چۆن نەڵێین ئەوان هەموو پیلانێکیان ئەوەیە لەم ناوچەیە کە ئایینی ئیسلامی تیادا بێت، کێشەی نەتەوەیی دروست نەکەن و نەیاندەن بە یەکدا؟. 
ئەمە جگە لە ململانێ مەزهەبییەکانی ناو خودی ئیسلام، نوێترینان خوڵقاندنی داعش بوو لە دژی مەزهەبی شیعە.
ئایا هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسیی و ئایینیانەی ناو ئەم چوار نەتەوەیە کە شانازیی دەکەن بە مسوڵمان بوونیان و لە زۆر بۆنەوە دەریدەبڕن و هەمووشیان یەک سەرچاوەی خواپەرستییان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ قورئان، بۆچی بیر لەوە ناکەنەوە کە بەپێی ئەو ئایینە رێگەپێدراو نییە (بە ئامانجی داکۆکیکردن لە ئیسلام نەبێت)، لەناوخۆیاندا یەکتری پاکتاو بکەن؟  
ئەرێ کورد بەچ هۆکارێک ئەنفال کرا؟ کورد کافر و دژە ئیسلام بوو یان دژی کوشتار و ستەملێکردن و ئازاردان و سووتاندنی خاکەکەی بوو؟ 

بەپێی ئایین رێپێدراو نییە
ئەوەی هەر حزبێکی باڵادەستی سەر بەم سێ نەتەوەیە لەدەسەڵاتدا بەرامبەر کورد دەیکات، لەژێر بیانووی سیاسییدا، بەگەڕانەوە و پشتبەستن بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام کە (هەموویان روویان لێیەتی) رێپێدراو نییە، بەڵام ناپرسن ئایا ئەوە کێیە ئەم ئاگرە خۆش دەکات و خۆشی سوودمەند دەبێت لە سەروەت و سامانی ناوچەکە؟ 
ئەو چەکانەی ساڵانێکە لەم ناکۆکییانەدا بەکاردەهێندرێن لەکوێ دروستدەکرێن و بە پارەی چی دەکڕدرێن و کێی پێ لاواز و دواکەوتوو دەبێت و کام نەتەوەش دەبێتە گەورەی جیهان؟ 
ئەوە ترەمپ نەبوو وتی ئەمریکییەکان یەکەم کەسایەتی جیهانن و ئەمریکاش دەبێتە ئەمریکای عوزما؟ ئەی ئەگەر ئەوان هەڵکشێنە سەر و ببنە دەوڵەتی عوزما، ئایینەکەشیان نابێتە ئایینی عوزما؟ 
ئەی بۆچی ئێمەی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم ناوچەیە، کۆڵ لە یەکترسڕینەوە نەدەین؟ تا ئایینەکەش و ناسنامەی نەتەوەییشمان و خاکیشمان پارێزراو بێت؟

نەتەوەکان بۆ دەرچوونیان لەژێردەستی، دەبێت نەبنە داشی دەستی هیچ وڵاتێک

وتارەکانی نوسەر