مووچەی مانگی12، کێ خواردی؟

10:01 - 2025-02-06
هیوا محەمەد
1038 خوێندراوەتەوە

لە حکومڕانیی سیستماتیکدا، مووچەخۆران داوای پلەبەرزکردنەوە، بیمەی کار، درێژکردنەوەی پشووی ساڵانە، شوێنکاری گونجاو، خواردن، جل و بەرگی کارکردن، لە خاوەنکارەکانیان دەکەن، بەڵام لە وڵاتی ئێمە دەبێت دەست بگرین بە دامێنی حکومەتەوە و لێی بپاڕێینەوە کە چیدی مانگەکانی ساڵ لە 12 وە نەکات بە 10 و 11.
لەهەر حکومەتێکدا، وەزیری دارایی و سەرۆکی حکومەت، بەرپرسیاری یەکەم و دووەمن لە چۆنێتی خەرجکردنی مووچە و هەموو حسابە داراییەکانی تر. 
لە مانگی  12 ی ساڵی رابردوودا، لەرێگەی لێدوانی بەرپرسانی حکومییەوە، دەوترا کە زیاتر لە 400 ملیار دینار لە بەغداوە نێردراوە بۆ مووچە، بەڵام هەرێم دەیووت کە ئەو پارەیە کەمە و بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات، بەغداش دەیووت دەتوانن لەگەڵ ئەو داهاتانەی خاڵە سنوورییەکان کە لاتانە تەواوی بکەن و مووچەی پێبدەن. 
ئەوان وتیان تەواوە و ئەمانیش وتیان بەش ناکات، خەڵکی مووچەخۆریش جەژنەکانی سەری ساڵیان تێپەڕاند بە گیرفانی خاڵی، بێ ئەوەی مووچە زەوتکراوەکانیان وەربگرن، حکومەتیش بەتایبەتی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی، بێخەیاڵ لە فکری چۆنێتی جێبەجێکردن و بەڕێکردنی جەژن و ئاهەنگەکانی خۆیاندا بوون.
ئەوە مانگێکی تەواوی 31 رۆژەیە، لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە و لە هەفتەی یەکەمی مانگی دووداین، هێشتا مووچەی مانگی یەکیش بە هەموان نەدراوە.
وەزیری داراییش موژدەی ئەوەی پێداین کە ئەمساڵ بێ دواکەوتن لە کۆتایی مانگەکاندا، مووچە دەدرێت و دوا ناکەوێت. 

 

لە وڵاتی ئێمە دەبێت دەست بگرین بە دامێنی حکومەتەوە و لێی بپاڕێینەوە کە چیدی مانگەکانی ساڵ لە 12 وە نەکات بە 10 و 11

هەرچەندە ئەمە یەکەم مووژدەی ئەو نییە و پێچەوانەکەی راست بووە، بەڵام بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکەی دەبوا بە خشتەیەکی زەمەنی مووچەی مانگی یەک و دوو لە سێیەم هەفتەی مانگی دوودا بدرێت، تا سێێەم مانگیش لە کۆتایی مانگدا بدرێت، مادام دەڵێت خشتەکە بڕیاری لەسەر دراوە بێ دواکەوتن، چونکە بەغدا ئێستا مووچەی مانگی دوو دەدات بە مووچەخۆرانی خۆی.
هەروا قسەیەکیان لەبارەی مانگی 12وە بکردایە، چونکە هەر لەسەر زاری خۆیان وتیان زیاتر لە 400 ملیار دینار نێردراوە، ئەی چی لێهات؟ واتا لەبەر ئەوەی بەشی نەکرد خۆیان هەڵیان لووشی یان ناردیانەوە بۆ بەغدا و وتیان ئێمە لە لووتبەرزیمانەوە مادام بڕەکە تەواو نییە منەتی ئێوە قبوڵ ناکەین و ئەوە ناردمانەوە؟ 
ئەم حکومەتە کە بە سەدان ملیار دینار قەرزاری مووچەخۆرانییەتی، چۆن دەتوانێت پێ بنێتە کابینەیەی نوێوە و درێژە بدات بەم سیاستە ناشەفاف و چەوتانە؟ ئاخر وەزیرێک لەکارەکانیدا سەرکەوتوو نەبێت، دەبێت خێرا لاببرێت نەک رێگەی بۆ خۆش بکرێت بۆ کابینەیەکی تر. ئەرێ میللەت لەکوێدا دەتوانێت سنوورێک بۆ ئەم هەموو چەوتییە دابنێت و نەهێڵێت چیدی بە لارێدا ببرێت؟ لە کوێدا دەتوانێت بە دەنگەکانی پەل و پۆی گەندەڵکاران ببڕێت؟ ئیتر دەنگی ئازادیمان بۆچییە ئەگەر نەتوانین  لە دۆخێکی وادا بەرپرسانی نابەرپرسی پێ سزا بدەین؟
دەکرێت وەزیری دارایی، روونکردنەوەیەک بدات لەسەر چۆنێتی ناشتنی مووچەی مانگی 12؟ ئەگەر نا رۆژێک دێت لەسەر ئەم بڕە پارانە و هەموو ئەوانەش کە فەوتاون، دادگای گەل بێتە سەر خەت و ئەم کەیسە نێژراو و گۆربەگۆڕکراوانە لەژێر ئاوەوە بخاتە سەر ئاو، ئەوکات نەک ملیاران دینار، بەڵکو بە دۆلاریش فریایان ناکەوێت، نموونەی کۆن و نوێ زۆرن.

وتارەکانی نوسەر