ناوچە كوردستانییەكان.. بڕۆن لەنزیكەوە بیانبینن!

09:27 - 2025-02-10
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
127 خوێندراوەتەوە

  بۆ رەوینەوەی گومان لەو راپۆرتانەی كە هەستدەكرێت لە گێڕانەوەی دۆخی(باش)ی ناوچە كوردستانییەكاندا زێدەڕۆییان تیایە، بەتایبەتی ئەوانەی كە دەشێت بۆ خۆجوانكردن بن و لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی ئیداری و حزبیی ئەو ناوچانەوە بۆ سەروتر بەرزبكرێنەوە.   یان دڵنیابوونەوە لەو راپۆرتانەی كە وا دەبینرێن بێویژدانییان تیابێ و هیچ دەسكەوت و پرۆژەیەكی سنوورەكان نابینن و رەشبینی بڵاودەكەنەوە، وا باشترە كە لەمەودوا، لەپێناوی گرنگیدانێكی راستگۆیانە بەو ناوچانە، هەموو دەزگا دەوڵەتی و حزبییەكانی هەرێم، لەوانە، پەرلەمان، حكومەت، حزبە كوردستانییەكان، بەدیوی عیراقیشدا نوێنەرانمان لەحكومەتی بەغداو ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لای خۆیانەوە بیكەن بە نەریت و ناوبەناو وەفدی جیاجیا بۆ تەواوی سنوری كەركوك، دەشتی نەینەوا، بەشە كوردستانییەكانی سەڵاحەدین و دیالە بنێرین.
لەم ئەركەدا، بەشێوەی مەیدانی و بەچاوی خۆیان هەلومەرجەكان لەدیدەبگرن، لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانە كۆببنەوەو گوێبیستی كێشەو داخوازییەكانیان بن. ئەو وەفدانە لەنزیكەوە و راستەوخۆ وێنە گەورەكە ببینن، ئەگەر بۆ رۆژێكیش بێت لەناو خەڵكی خۆڕاگری ئەو سنورانەدا بمێننەوەو تێكەڵاوی ژیان و گوزەرانیان بن، پاشان راپۆرتی پڕ لەبەڵگەو زانیاری و داتا بنووسن و بیكەن بە بابەتی گفتوگۆی ناو دەزگاكانیان.
  ئێمە ئەگەر هەر بە راستی پەرۆشیی كوردستانێتیی ناوچەكانی جێی ناكۆكین، ئەوا دەبێ پەیوەندییەكی بەردەواممان لەگەڵ دانیشتوان و دامەزراوەكانیاندا هەبێت، بەتایبەتی كە هەموو چەند مانگێكی ترەو دەچینە بەردەم هەڵبژاردنێكی تری چارەنووسسازەوە لە عیراق كە سەرلەنوێ پێگەی سیاسیی پێكهاتەكانی وڵاتی تیا بەرجەستە دەبێتەوە، پێشهاتێك كە بێگومان پێویستیی بەپرۆژەو ئیشكردنی فرە رەهەندە نەك تەنیا لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بیربكەوێتەوە!. 
 لە میدیای یەكێتی و بە دیاریكراوییش لەكوردستانی نوێ، كاتێك وەك بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و میدیایی بە تیمێكی گەورەوە گەشتێكمان بۆ سنوری یەكێك لەناوچە كوردستانییەكان كرد كە مەبەستمان لە خانەقینە، لەنزیكەوە دەیان كێشەو سكاڵاو داواكاری و مەینەتی و دیمەنی ئازاربەخشمان بینی. كە لەگەڵ حزب و حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوسەران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی سنورەكە دانیشتین، زۆر زانیاریی خەمهێنەرمان دەسكەوت كە دواتر بە 8 لاپەڕەی رۆژنامەكەمان و لەدووتوێی گەشتنامەی یەكەمی كوردستانی نوێدا بڵاومان كردنەوە. باشە پرسیار ئەوەیە: بۆچی دەزگا دەوڵەتییەكانی كورد لەبەغداو هەولێر سەردانی مەیدانیی ئەو ناوچانەو شوێنە دوورە دەستەكانیان ناكەن؟ بۆچی دەبێ تەنها لەسەروەختی هەڵبژاردنەكاندا بەسەربكرێنەوە؟ بۆ دەبێ كورد، لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمیش ئەوەندە بێ بەرنامەو كەمتەرخەم بێت؟ بۆ دەستەی ناوچە كوردستانییەكان كۆنگرەو كۆنفرانسی زانستییان بۆ رێكناخات؟ ئایا بەڕاستی خەباتی رزگاریخوازیی نیشتمانی، هەر دروشمەو تەواو، یان پرۆژەیەكی ستراتیژی و ئیستحقاقێكی نەتەوەییەو پێویستیی بەكاری پێكەوەیی و دامەزراوەیی هەیە؟.        
  ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر