به‌ره‌و په‌نجا ساڵه
كه‌متر له هه‌فته‌یه‌كی ماوه و ته‌مه‌نی (ی.ن.ك) ده‌بێته نیو سه‌ده!. ئه‌م ژماره‌یه به ده‌م ئاسانه، ده‌نا له واقعدا، هه‌زاران رووداوی سیاسی، به‌سه‌رهاتی نیشتمانی، هه‌وراز و نشێو و سه‌ركه‌وتن و كه‌وتنی تیایه، كه كاریگه‌ریی هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری و بیركردنه‌وه و له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ره‌فتاری پێنج نه‌وه‌ی رابردوو - به پێوه‌ری هه‌ر ده‌هه‌یه‌ك و نه‌وه‌یه‌ك - ماوه و درێژه‌ی هه‌یه.
یه‌كێتی، پێش ئه‌وه‌ی هێزێكی سیاسی بێت، رووداوێكی هه‌ڵاوێردی ناو یاده‌وه‌ریی به كۆمه‌ڵی هه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد خۆیه‌تی و هه‌م عیراق و ناوچه‌كه‌ش. له په‌نجا ساڵی به‌رینی جوڵانه‌وه‌ی كورددا، چۆن ئاوڕ بده‌یته‌وه، چۆن ته‌ته‌ڵه‌ی قۆناغه سیاسییه‌كان بكه‌یت، چۆن بكه‌ری ناو رووداوه‌كانی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه بپشكنیت، یه‌كێتی له ریزی پێشه‌وه‌یه، هێزێكه شانبه‌شانی مێژووی نوێ و هاوچه‌رخمان ئاماده‌بوونێكی به‌هێز و كه‌م وێنه‌ی هه‌یه.
له‌وه زیاتر، یه‌كێتی كاراكته‌رێكی مه‌عنه‌ویی كۆمه‌ڵگەی سیاسیی Political community كوردده، ده‌توانین بڵێین كه ئه‌و، له ده‌می ده‌ركه‌وتندا، هه‌ڵقوڵاوی جڤاتێكی ته‌واو تایبه‌ته، جڤاتێكی بریندار، كه پێش هه‌ر شتێك، روو له فریادڕه‌سێكه و هاوار له ئازاری رۆح و جه‌سته‌ی خۆی ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی چاوی له‌وه بێت، كه وه‌ك هه‌ر جڤاتێكی تری سه‌رگۆی زه‌وی، پێویستییه مێژووییه‌كانی ئه‌م رۆح و جه‌سته‌یه‌ی بۆ دابین بكرێت.!
یه‌كێتی، له چركه‌ساتی هاتنه مه‌یدانه‌وه، له مومكیناتی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌شه، كه له دوای راپه‌ڕین(1991ز) و ته‌نانه‌ت دوای پرۆسه‌ی ئازادییش(2003ز)، هێشتا هه‌ر نابێته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌قامگیر و ئارام، نابێته دیموگرافیایه‌كی خۆشبه‌خت و حه‌ساوه، نه له ئێستا و نه له ئاینده‌ی خۆیشی دڵنیا نییه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێکجار، ده‌ستی خۆشی هه‌ڵه‌ی گروپه سیاسییه‌كانی، له‌ناو ته‌ونی ئه‌م چاره‌نووسه نادیاره‌شیدا، بێت.
كاروانگێڕی ده‌ورانه سه‌خته‌كان
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، به‌و رووداوه سیاسییه وه‌رچه‌رخێنه‌رانه‌شه‌وه (1991) و (2003)، هێشتا نه له خه‌می خه‌باتی رزگاریی نیشتمانی ده‌ڕسكێت، نه هه‌لومه‌رجێكی درێژخایه‌نی له‌بار و بێ قه‌یرانیش ده‌ژی تا بتوانێت تیایدا، بێ هه‌ڵه‌ی كوشنده و كورتهێنانی سیاسی، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دڵخوازی گه‌مه‌ی دیموكراسی و حوكمڕانی خۆی به‌رێوه ببات، چ جای حوكمڕانی له پانتایی وڵاتێكدا كه كه‌ڵچه‌ره سیاسییه‌كه‌ی، ده‌شتێكی ته‌واو به‌یار بێت!، سایه‌ی حوكمی تۆتالیتارییانه‌ی عروبه‌ی به‌عس بێت و خاڵی بێ له هه‌موو كه‌له‌پورو به‌هاو ده‌سكه‌وتێكی ژیانی دیموكراسی.!
ئێمه ده‌بێ بیرمان نه‌چێت كه یه‌كێتی، له‌دایكبوو و كاروانگێڕی ناو ئه‌م كۆفاكته ئاڵۆز و سه‌خت و پڕ له ئاڵه‌نگارییانه‌یه. حزبێك نییه نۆرماڵ له‌دایك بووبێت و ئاسان خه‌باتی سیاسی به‌ڕێوه‌بردبێت، یان له ژینگه‌ی سیاسیی وڵاتانێكی وه‌ك ئه‌سكه‌نده‌نافیا په‌روه‌رده و باڵای كردبێت، كه تیایاندا هه‌یه، له نموونه‌ی سویسرا و سوید، نزیكه‌ی 200 ساڵه شه‌ڕ و جه‌نگ و كاولكارییان به‌خۆوه نه‌بینیوه!، له‌وه‌ش زیاتر، نه ده‌وریان به دوژمن و داگیركه‌ر ته‌نرابێت، نه كێشه‌ی رزگاریی نیشتمانی‌یان هه‌بێت، نه مه‌ینه‌تیی بێ قه‌واره‌یی و بێ ده‌وڵه‌تیی.
هه‌موو جارێك وتومانه، ئه‌وه‌ی یه‌كێتی هێشتۆته‌وه، ئه‌وه‌ی مه‌ناعه‌ی سیاسیی به‌هێزكردووه، كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه و به‌رگه‌گرتنی هه‌موو ئه‌و هه‌لومه‌رجه نائاسایی و ناسه‌قامگیر و پڕ له قه‌یران و ئاسته‌نگانه‌یه، به‌ڵام بێگومان مانه‌وه‌كه‌شی، مانه‌وه‌یه‌كی پڕ له هه‌ڵچوون و ژان و ئازاره. ئه‌و، له مێژووی خۆیدا، كه‌وتۆته ناو به‌ربه‌ره‌كانی و هه‌لومه‌رجی جیاجیا و ئیستحقاقی مێژوویی جیاوازه‌وه !.
به مانایه‌كی روونتر، یه‌كێتی، هه‌رگیز نه‌یتوانیوه و ناشتوانێت به یه‌ك ریتمی مێژوویی و ستاندارد بڕوات و لێی لانه‌دات، ناتوانێت هه‌مان یه‌كێتیی قۆناغه جیاواز و تایبه‌ته‌كانی بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر درێژكراوه‌یه‌كی مه‌عنه‌ویی هه‌مان تایتڵ و رێباز و هه‌مان دروشم و خه‌یاڵدانی سیاسیش بێت. یه‌كێتی، نه یه‌كێتیی ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانه، نه هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، نه یه‌كێتییه‌كه‌ی دوای راپه‌ڕینه تا پرۆسه‌ی ئازادی، نه یه‌كێتی قۆناغی دوای روخانی به‌عسه تا كۆچیی دوایی مام جه‌لال(2017ز). خۆ یه‌كێتی دوای مام جه‌لال، هه‌ر مه‌پرسه!، جیاوازییه‌كه له‌گه‌ڵ ئێستادا، له زۆر بواردا، كه ده‌رفه‌ت نییه یه‌ك یه‌ك دیاریان بكه‌ین، ئاسمان و رێسمانه، ئه‌مه تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه كاراكته‌ره دێرینه‌كانی به ئه‌زموونی خۆیان و گه‌نجه‌كانیشی به ستۆری و گێڕانه‌وه‌كان، به ئه‌سته‌می بزانن، جارێكی تر، ئه‌و مێژووه دووباره ببێته‌وه.
یه‌كێتی ئێستا، بێ دوو دڵی، جیاوازه له یه‌كێتیی قۆناغی مام جه‌لال، بەڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م جیاوازییه، رووی له داكشان و ده‌رچوونی حزبه‌كه نه‌بێت له ناسنامه‌ی گشتیی خۆی و ئه‌و به‌ها سیاسییه نه‌گۆڕانه‌ی كه له پێناویان‌دا دروست بووه
مێژوو دووباره ناكرێته‌وه
مێژوو خۆیشی، به‌هه‌مان ته‌رز و هه‌مان ریتم دووباره نابێته‌وه، مه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی کۆمیدی! هه‌روه‌ك فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی كارل ماركس(1818-1883ز) له كتێبێكی خۆی به‌ناونیشانی (الثامن عشر من برومیر لویس بونابرت - The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte)دا باسی ده‌كات، به‌تایبه‌تی له نموونه‌ی به‌راوردكارییه‌كیدا له نێوان دوو مێژووی كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌ی ئه‌وروپا و فه‌ره‌نسا، مێژووی ناپلیۆن پۆناپارت-ی جه‌نراڵ و ئیمپراتۆر و مێژووی لویس پۆناپارت-ی برازای!، ناپیلیۆنی سێیه‌م). له‌م رووه‌وه، ره‌نگه زۆرێكمان بزانین كه یه‌كه‌میان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی مێژوویی سیاسی و سه‌ربازیی به‌ناوبانگه و له جه‌نگه ناپلیۆنییه‌كانیدا (1796-1812ز) هه‌وڵی پایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ناوبانگ و چاكسازیی زۆر و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌هاكانی شۆڕشی فه‌ره‌نسیی ده‌دات، به‌ڵام دواجار به‌شێوه‌یه‌كی تراژیدی مێژوو ده‌خوڵقێنێت و ده‌بێته هه‌ڵگری ئه‌نگێزه‌یه‌كی فراوانخوازیی كۆڵۆنیالیستیی مۆدێرن، هه‌رچی لویس-ی برازای ناپلیۆنه، كه هه‌وڵی لاساییكردنه‌وه‌ی مه‌زنایه‌تیی مامی و دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ناپلیۆنی گه‌وره ده‌دات، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر کۆمیدی و پێكه‌نیناوی ئه‌و كاره ده‌كات، ده‌ڵێین کۆمیدی له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساده، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: مێژوو كۆپی ناكرێته‌وه، رووداوه‌كان به هه‌مان كات و شوێن، هه‌مان هێز و توانا، هه‌مان پلان و سیناریۆ، هه‌مان ده‌رفه‌ت و رێكه‌وته‌وه، دووباره نابنه‌وه.
یه‌كێتی ئێستا، یه‌كیتییه‌كی جیاواز
له‌م رووه‌وه و له په‌یوه‌ندیدا به یه‌كێتییه‌وه، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئێستای یه‌كێتی، به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌رج بێت كه ئه‌و وته‌زایه‌ی ماركسی بیستبێت، یان كۆنتێكسته مێژووه‌كه‌ی بزانێت، زۆرجار قسه‌یه‌كی ته‌واو واقعی ده‌كات كاتێك كه به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێت: «به هه‌زار ساڵی تریش نابینه مام جه‌لال!»، له‌مه‌دا، ته‌نها مه‌به‌ست له‌دۆخی میراتگیریی فكری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، مه‌به‌ست له جیاوازیی ده‌ور و زه‌مانیشه، جیاوازیی مرۆ و كاراكته‌ران، جیاوازیی خیبره و میتۆدی كاركردنه‌كان، جیاوازیی رۆڵ و ئاڵه‌نگارییه‌كان، جیاوازیی رووداو و هه‌ڵوێسته‌كان، جیاوازیی كه‌ره‌سته و ئامڕازه‌كان، بۆیه ئاساییه له‌و رسته‌یه‌ی تاڵه‌بانی كوڕه‌وه، ئیتر به دڵمان بێت یان نا، ئه‌و مه‌سجه بزانین و قبووڵمان بێت كه ره‌نگه به‌هه‌مان مه‌ودای زه‌مه‌نیش!، ئه‌و یه‌كێتییه نه‌بینرێته‌وه كه خودی مام جه‌لال خۆی رابه‌رایه‌تیی ده‌كرد!. ئه‌م به‌ڵگه‌نه‌ویسته، له‌ده‌ره‌وه‌ی فاكته‌ره بابه‌تییه‌كانی دیكه كه یه‌كجار زۆرن، قه‌ده‌رێكی چاوه‌وانكراوی زۆر رێكخراوی سیاسییش بووه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا: كاتێك كاریزمایه‌ك ده‌ڕوات، به سروشتی حاڵ، زۆر نه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی قۆناغێكی مێژوویی دیاریكراو له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌پێچێته‌وه، هه‌ر بۆیه یه‌كێتی ئێستا، بێ دوو دڵی، جیاوازه له یه‌كێتیی قۆناغی مام جه‌لال، بەڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م جیاوازییه، رووی له داكشان و ده‌رچوونی حزبه‌كه نه‌بێت له ناسنامه‌ی گشتیی خۆی و ئه‌و به‌ها سیاسییه نه‌گۆڕانه‌ی كه له پێناویان‌دا دروست بووه و زاده‌ی بیر و یاده‌وه‌ریی جیاجیا و هاوبه‌شی هه‌موو كاراكته‌ر و تێكۆشه‌رانێتی.
تێگه‌یشتن له ئێستا
ئه‌مڕۆ، نهێنییه‌كی به‌ره‌نگاری و مانه‌وه‌ی یه‌كێتی و هاوكات هۆكارێكی خۆڕاگریی زۆرێك له یه‌كێتییه‌كان، له‌وه‌دایه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ونی زۆر و چاوه‌ڕوانیی زیاتریان له حزبه‌كه‌یان هه‌یه، به‌ڵام له خه‌یاڵدا ناژین و واقعبینن. سه‌ركرده و كادرانی یه‌كێتی، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی، ده‌زانن كه هێزه‌كه‌یان قۆناغێكی هه‌ستیار و جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی له رابردوو زیاترن. ده‌زانن هه‌ر قۆناغێكیش ئه‌زموونێكه، هه‌ر ئه‌زموونێكیش له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری هه‌ڵكشان و داكشاندایه.
به مانایه‌كی تر، یه‌كێتی له‌م ده‌ورانه‌دا چه‌ند له‌به‌رده‌م به‌ره‌به‌ره‌كانی و ململانێی گه‌وره و پڕوكێنه‌ردا بێت له كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ش، ئاوهاش له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌ت و چانسی بوژانه‌وه و به‌هێزكردنی ئیعتیباری سیاسیی خۆیدایه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر:-
- تێڕوانینی ستراتیژی نوێ و پرۆژه‌ی دیراسه‌كراوی هه‌بێت بۆ دۆز و كه‌یسه‌كانی كوردستان و عیراق.
- هێز و وزه‌ی یه‌كێتییه‌كان كۆبكاته‌وه و هێزی مرۆیی و ئۆرگانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن رێكبخات.
- راوێژ به خه‌ڵكانی شاره‌زا و ئه‌كایمیی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات.
- گوێ بۆ ره‌خنه و ناڕه‌زاییه‌كان و دیوی بابه‌تیی گوتاری هێزه به‌رهه‌ڵستكارییه‌كان بگرێت.
- پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی بڕیاری سیاسی جێبه‌جێ بكات هه‌روه‌ك له دوایین دیداری یه‌كێتیدا جاڕیدا.
قه‌ده‌ری نه‌وه‌كانی یه‌كێتی
ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌لومه‌رجه تایبه‌تییه‌ی یه‌كێتیدا بڕوات، بێگومان ئه‌زموون و شاره‌زایی زیاتری ده‌بێت، رووداوه‌كانیش به تاڵ و شیرینیه‌وه ده‌چێژێت!، ئه‌وه‌شی به‌رگه نه‌گرێت و تیایدا هه‌ست به نامۆبوون بكات، یان له خاوه‌ندارێتیی بكه‌وێت یان بخرێت، ئه‌وا دره‌نگ یان زوو، لێی دێته‌ده‌ر، یان ئه‌وه‌تا هه‌ر به نۆستالیژیای قۆناغه زێڕینه‌كانه‌وه ده‌ژی و ره‌خنه له دۆخ و ئه‌زموونی قۆناغی ئێستا ده‌گرێت، به‌وه‌ش وزه و به‌شداریی خۆی له راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی سیاسی و حزبیدا، سڕ ده‌كات، ئه‌مه ئه‌گه‌ر زۆرجار ناحه‌ز و ركابه‌رانی یه‌كێتی، ره‌خنه و تانه‌كانی، له‌دژی یه‌كێتی وه‌به‌رنه‌هێنن و نه‌یده‌ن به‌چاوی ئه‌م هێزه‌دا!.
له‌و واقعه مێژووییه ئاڵۆزه‌دا، ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ یه‌كێتی و به‌رپرسانی گرنگ بێت، هۆشیاربوونه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به 50 ساڵی رابردووی ئه‌م حزبه و تایبه‌تمه‌ندێتیی ئه‌و هێزه مرۆییه‌ی كه هه‌یه‌تی، سوود وه‌رگرتنه له وانه و په‌ندی هه‌موو قۆناغه‌كان. هه‌ر بۆشاییه‌ك له‌م هۆشیارییه‌دا، هۆشیارییه‌كی ساخته به‌رهه‌مده‌هێنێت، بگره ئایدیا و نه‌خشه رێگایه‌ك پێشنیار ده‌كات كه به هه‌ڵه‌یدا ده‌بات و دوچاری كورتبینی و بڕیاری سیاسیی نادروستی ده‌كات.
پشوودرێژیی سیاسی
له‌م بواره‌دا ئه‌گه‌ر راسپارده‌یه‌كی ستراتیژیی دیاریكراو هه‌بێت بۆ قۆناغی ئێستا، ئه‌وه‌یه كه: پێویسته ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی یه‌كێتی به‌ڕێوه ده‌به‌ن، پشوودرێژ و خاوه‌ن پرۆژه بن، رق و كینه‌كانیان قووت بده‌نه‌وه و خه‌می ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی و تایبه‌تییان نه‌بێت، ده‌بێ له پێویستییه‌كانی هێزێكی سیاسیی 50 ساڵه تێبگه‌ن، هێزێك كه نه‌وه‌ی جۆراوجۆر، یاده‌وه‌ریی جیاجیا، ئه‌زموون و شاره‌زایی جیاوازی تیایه، هه‌ریه‌كه‌شیان مافی خاوه‌ندارێتیكردنیان له یه‌كێتی هه‌یه وه‌ك چۆن ئه‌ركی به‌شداریكردنیشیان له گه‌شه‌پێدانی یه‌كێتی، له ئه‌ستۆدایه.
ئه‌مڕۆ ئه‌م خاوه‌ندارێتییه، به پله و پۆسته حزبی و ده‌وڵه‌تییه‌كانی یه‌كێتییه‌كان ناپێورێت و ده‌ستنیشان ناكرێت، ئه‌و شته بڕیاری لێنادات كه كێ له‌م چركه‌ساته مێژووییه‌دا سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م هێزه ده‌كات و له پشت جڵه و و ئاراسته‌كردنییەوه‌یه‌تی؟ نا. ئه‌م مافه، پێش هه‌ر شتێك، ره‌گی قووڵی له‌ناو یاده‌وه‌ریی سیاسیدایه، سه‌ربه ده‌ورانی جیاجیای پێش یۆبیلی زێڕینی یه‌كێتییه و تایبه‌ت نییه به سه‌رده‌مێكی دیاریكراو.
هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی ده‌بێ بزانن كه ئینتیمای فكری و سیاسی بۆ هێزی زیندوو و جه‌ماوه‌ری و خاوه‌ن رابردوو، چ جای قاڵبووی مێژوویه‌كی 50 ساڵه!، هه‌روا كاڵایه‌ك نییه و له سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا به‌سه‌ربچێت، بۆیه هه‌ر جووڵه‌یه‌ك بۆ له خاوه‌ندارێتی خستنی یه‌كێتییه‌كان بۆ حزبه‌كه‌یان، هه‌ر بڕیار و رێكارێك بۆ بێبه‌شكردنیان له به‌شداریی سیاسی له ماڵه گه‌وره‌كه‌ی یه‌كێتیدا، پێش هه‌ر شتێك لێدانه له نهێنیی هێز و مانه‌وه و مێژووی پێنج ده‌یه‌ی ئه‌م هێزه خۆی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه، هه‌ڵه‌یه و یه‌كجار خراپه كه هیچ كاراكته‌ر و كادرێك، ئه‌ندام و لایه‌نگرێكی ئه‌م حزبه په‌راوێز بخرێت، یان به‌هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه بێت له‌به‌هاو پێگه‌یان بدرێت و وابزانرێت باویان نه‌ماوه و به‌سه‌رچوون!.
ئه‌م تێگه‌یشتنه، له ساده‌ترین هه‌ڵسه‌نگاندندا، كورتبینی فكری و هه‌ژارییه‌كی سیاسیی مه‌ترسیداره، هیواداریشین كه هیچ سه‌ركرده و ئۆرگانێكی ئێستا تێوه‌ی نه‌گلێت.
له به‌رامبه‌ردا بژارده‌ی راست و كۆكه‌ره‌وه، بڕیاری ژیرانه و پاوه‌ربه‌خش بۆ یه‌كێتی ئه‌وه‌یه كه، هه‌موو نه‌وه‌كانی ناو ئه‌م هێزه، له ده‌وری پرۆژه‌یه‌كی سیاسی و نیشتمانی كۆبكرێنه‌وه، سه‌رله‌نوێ بخرێنه‌گه‌ڕ و سوود له وزه‌یان وه‌ربگیرێت، به‌تایبه‌تی كه له هه‌ر پۆلێنكردنێكی مه‌بده‌ئیدا روونده‌بێته‌وه كه به‌شێكیان ئه‌سڵه‌ن پێویستیی ماددیان نییه و چاوه‌ڕوانی مووچه و یارمه‌تی حزب نین، به‌شی تریان سوودمه‌ندبوون و ئیمتیازیان وه‌رگرتووه و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، خه‌ڵكی تریان هه‌یه ده‌شێت ته‌نها به رێزلێگرتنێكی مه‌عنه‌وی و حسابكردن بۆ سه‌رمایه‌ی ره‌مزییان كه تێكۆشان و ماندووبوونیانه، سه‌رله نوێ بێنه‌وه ریزه‌وه، به‌تایبه‌تی كاتێك كه یه‌كێتی خۆی:-
- له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ببێته نوێنه‌رێكی به هیممه‌ت و كارای خواست و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
- سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی نیشتمانیی روون و دوور له‌ناودژی په‌یڕه‌و بكات و نه‌كه‌وێته ژێر ره‌حمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی تاك و ده‌سته‌و تاقمه‌وه.
- كۆتایی به پاشماوه‌ی دیارده‌كانی ده‌سته‌گه‌ری و ناوچه‌گه‌ری و مه‌حسوبیه‌ت و پاوانكردن و نادادپه‌وه‌ریی ناوخۆیی بهێنێت، كه تائێستاش ماون و هه‌ر نكۆڵی لێكردنێكیشیان له‌زیان زیاتر هیچ سوودێكی سیاسیی نابێت.
- وه‌ك هێزێكی خاوه‌ن دامه‌زراوه ره‌فتار بكات و وه‌لائی سیاسی بۆ وڵات و حزب و به‌رنامه‌ی سیاسی بێت نه‌ك بۆ شه‌خس و به‌رپرسانی ده‌ستڕۆیشتووی حزبی.
بێگومان ته‌واوی ئه‌و ئه‌ركانه، كه پێوه‌ری راسته‌قینه‌ن بۆ هه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی یه‌كێتی له‌م قۆناغه‌دا، هه‌ر خودی خۆیان، به‌رپرسیارێتیی به‌رپرسانی ئێستای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌كجار قورس و چاره‌نووسساز ده‌كات.
پێویسته ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی یه‌كێتی به‌ڕێوه ده‌به‌ن، پشوودرێژ و خاوه‌ن پرۆژە بن، رق و كینه‌كانیان قووت بده‌نه‌وه و خه‌می ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی و تایبه‌تییان نه‌بێت
به‌رپرسیارێتیی قورس‌تر و ئاڵۆزتر
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زانستی هه‌لومه‌رجی هه‌ستیار و تایبه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ی یه‌كێتی ده‌ستنیشان بكرێت و وه‌ك خۆی ببینرێت، ئه‌وا پێناچێت هیچ ئه‌ندامێك له‌م هێزه‌دا ئێره‌یی به وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتیی گه‌وره و باڵا له‌ناو یه‌كێتیدا ببات!.
ئه‌مڕۆ ئیتر هیچ گرنگ نییه كێ له یه‌كێتیدا پۆست و پایه‌ی باڵای هه‌یه و كێ-یش له‌خواره‌وه‌یه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا به‌رپرسیارێتییه‌كان ئیمتیاز نین، تاوانێكی گه‌وره‌شه وا لێی بڕوانرێت و به‌بۆنه‌یه‌وه پایه‌و پۆسته‌كان، له حزب و ده‌وڵه‌تدا، هه‌موو جارێك، ته‌نها بۆ كۆمه‌ڵێك فه‌یسی دیاریكراوی حزب پاوان بكرێت و هاووڵاتیان ته‌نانه‌ت خوڵقی گوێلێگرتنیشیان نه‌بێت چ جای متمانه‌پێكردنیان!..
به‌باره‌كه‌ی تردا، ئه‌مڕۆ نه‌ك ته‌نها یه‌كێتییه‌كان، به‌ڵكو خه‌ڵكێكی زۆری كوردستانیش، سه‌رباری ره‌خنه‌كانیان، چاوه‌ڕوانی ئه‌داو رۆڵێكی سیاسیی باشتر له یه‌كێتی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتییه سیاسی و نیشتمانییه‌كان، له‌م ده‌ورانه پڕ له ئاڵانگارییه‌دا بۆ كورد و كوردستان و بۆ یه‌كێتییش، تا دێت، قورس‌تر و ئاڵۆزتر ده‌كات، له‌گه‌ڵیاندا چانسی ده‌رچوونیش تیایاندا به روو سووری و سه‌ركه‌وتن، به‌هه‌مان ئه‌ندازه قورس و ئاڵۆزتر ده‌بن، بۆیه پۆست و لێپرسراوێتی، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ده‌بێته مایه‌ی شه‌رمه‌زاری و نه‌فره‌تیی گه‌وره ئه‌گه‌ر پڕ به‌مانای وشه به‌رپرسیارێتیی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری و ئومێد دروست نه‌كات، ئه‌گه‌ر ته‌نها هه‌لێك بێت بۆ بازرگانی و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و گرنگیدان به ژیانی تایبه‌تی.
ئه‌ركی سه‌ركرده و به‌رپرسان
له په‌یوه‌ندیدا به یه‌كێتییه‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌مڕۆدا سه‌ركرده و باڵاده‌ستی ناو ئه‌م حزبه‌ن، مه‌حكومن به‌وه‌ی هه‌ڵگری خه‌ون و چاوه‌ڕوانیی پێنج نه‌وه‌ی جیاوازی ناو یه‌كێتی بن، ده‌نا پاڵپشتییان ده‌دۆڕێنن و له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا وه‌ك تیمێكی بێ هانده‌ر ده‌مێننه‌وه، له‌گه‌ڵیدا باڵانسی متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش له‌ده‌ستده‌ده‌ن، كه خۆشبه‌ختانه، تائێستا، به پێوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت، له‌ده‌ستنه‌دراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كان دڵخواز و له‌ئاست چاوه‌ڕوانی و مێژووی 50 ساڵه و ده‌یان هه‌زاری شه‌هیدی رێگای رزگاری، نه‌بێت.
ئه‌مڕۆ به‌رپرسیارێتیی كۆكردنه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌كان و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌یان، به‌رپرسیارێتییه‌كی له پێشینه‌یه، چۆن لێی هه‌ڵبێیت، زیانی گه‌وره له‌یه‌كێتی ده‌دات و به‌ره‌ی نه‌یاران و ركابه‌رانی یه‌كێتییشی پێ به‌هێز ده‌بێت، هه‌ر بۆیه به پێچه‌وانه‌ی زۆر به‌رپرسی ئێستای ناو یه‌كێتییه‌وه، ئێمه وای ده‌بینین، كه به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌مڕۆدا له‌هه‌مووان زیاتر له‌پاراستنی قه‌در و قه‌ده‌ر و چاره‌نووسی یه‌كێتی و نه‌وه جیاجیاكانی به‌رپرسیارن، به‌تایبه‌تی، به‌رپرسیارێتیی له گه‌ڵاڵه‌كردنی ستراتیژێكدا كه سه‌رله‌نوێ رۆڵ و ئه‌ركه‌كان له‌ناو ئه‌م هێزه سیاسییه‌دا دابه‌ش بكات و به‌گه‌ڕبخاته‌وه، مافی خاوه‌ندارێتیكردنیش له یه‌كێتیی بۆ هه‌موو یه‌كێتییه‌كان بگێڕێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی لێكدراو، واته به میكانیزمه‌كانی(دیموكراسی، شایسته‌یی، پێویستی، رێككه‌وتن، ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات)، هه‌موو ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له‌ژێر تایتڵی راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی كاری سیاسی و حزبیدا به‌ڕێوه‌ببرێت كه بریتییه له‌وه‌ی: هه‌موومان خاوه‌نی یه‌كێتین، یه‌كێتییش هێزی ره‌سه‌ن و بنه‌ڕه‌تیی به‌دیهێنانی خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه.
گەنجان بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی نوێبوونەوەی ی.ن.ک، دا