ترس و نا ئارامیی دەروونی لەلای منداڵ

09:30 - 2025-02-10
سمکۆ چنارەیی
78 خوێندراوەتەوە

باشترین رێگەکانی نەمانی ترس، هاندانی منداڵە بۆ تێکەڵاو بوون، لەگەڵ وەرزش و ئەو هونەرەی خۆی ئارەزووی دەکات

ترس و نا ئارامی دەروونیی رەوشتێکی نەرێنی مرۆڤە، هەرکات کەسێک تووشی ببێت، لێدانی دڵی خێراتر دەبێ و توانای وردبوونەوە و هزریی کەم دەبێت، هەناسەی توند و ماسولکەکانی گرژ دەبن، تەنانەت هەڵسوکەوتی نا ئاسایی و ناجێگیر نیشان دەدات، زۆر کەسیش تووشی ئازاری سەر و ئارەقکردنەوە و سەرسوڕان دەبێت، هەر لەوکاتەدا مرۆڤ ناتوانێت کارەکانی بەباشی و دروستی بکات و سەری لێ دەشێوێت.
لەبارەی نا ئارامی دەروونی لەلای منداڵان کە هەندێک لە دایک و باوک وای بەباش دەزانن منداڵەکانیان لێیان بترسێن و بە کارێکی سوودبەخشی دەزانن لە پەروەردەکردندا و دەیبەستنەوە بە رێز و گەورە و بچووکییەوە، بەڵام ئەو بۆچوون و لێڕوانینە هەڵەیە و پێویستە نەهێڵرێت، زۆربەی هۆکاری سترێس و ترسەکانی منداڵ لە خێزانەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک ترساندن بە ئاژەڵ، ئاگر، تاریکی، ئاو و دەرمان، کە هەموو ئەوانە لە تەمەنی منداڵیدا وەک چەکێک بە دەست گەورەکانەوە لە بەرامبەر بێدەنگ بوونی منداڵ و عاقڵ بوونیدا بەکاردەهێنرێت.
ئیدی ترس و لاوازی ژیریی لەگەڵیدا هاوشانی تەمەن گەشە دەکات، کەواتە نابێت بەهیچ جۆرێک و بۆ هیچ جۆرە مەبەستێکی ئامۆژگاریی و پەروەردەکردن ببینە هۆکار بۆ دروست بوونی ترس و نا ئارامی ناخ لەلای منداڵان، خۆ هەرکاتێکیش منداڵ بە هەر هۆکارێک نا ئارام بوو، ئەرکی گەورەکانە نەهێڵن لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە و بەهێمنی لەو دۆخەی تێی کەوتووە دووری بخەنەوە و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ بگەڕێننەوە.
هەرچەندە سترێس و ترساندنەکەشی سادە و ساکاربێت لەلای گەورەکان، بەڵام نابێت بە هیچ جۆرێک توانجی ئاڕاستە بکرێت و گاڵتەجاڕیی پێ بکرێت، یان لەلای هاوڕێ و خزم و کەسوکار باس بکرێت، یاخود لە کاتی بەراوردکردنی منداڵ و ستایشکردنی دوو منداڵدا نابێت دەستەواژەی منداڵەکەم ترسنۆکە، لە هەمووشت دەترسێت بەکاربهێنرێت، یاخود بڵێیت ترس چووەتە گیانی و چەندین دەستەواژەی نەرێنی دیکە بەکاربهێنرێن، بڵاوکردنەوە و سەیرکردنی دراما و فیلمە ترسناکەکانیش کاریگەریی خۆیان هەیە لەسەر دروستبوونی دڵەڕاوکێ و بەرزکردنەوەی ترس لەلای منداڵ، هەروەها شەرمنیش بە جۆرێک لە ترس و بوونی کێشەی دەروونی دادەنرێت و نابێت بوار بۆ شەرمنی منداڵ بڕەخسێنرێت، لە باشترین رێگەکانی نەمانی ترس هاندانی منداڵە بۆ تێکەڵاو بوون بە هاوڕێ و بەشداربوون لە دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا، لەگەڵ وەرزش کردن و ئەو هونەرەی خۆی ئارەزووی دەکات، هەروەها بە گەورە و بە بایەخەوە سەیرکردنی ئاستە زانستیی و بەهرەمەندییەکانی ناخی منداڵ کە رۆژانە دەریان دەبڕێت.

وتارەکانی نوسەر