هاتوچۆسازی

هاتوچۆسازی بۆچی؟

09:43 - 2025-02-12
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
82 خوێندراوەتەوە

هەڵکەوت عەبدوڵڵا*

هەرێمی کوردستان لەمێژە پێویستیی بە چاکسازییە لە بواری هاتوچۆدا، چونکە گیرۆدەی دەستی چەندین کێشەی بونیادییە، کە بە ئازارشکێن چارەسەرناکرێن. راستە لە دە ساڵی رابردوودا هەندێک لایەنی هاتوچۆ گەشەکردنیان بەخۆوە بینیوە، وەک زۆربوونی رێگەوبان و شەقامەکان، هێما و هێڵەکان، ترافیک لایتەکان، کامێراکانی کۆنترۆڵکردنی تیژڕەوی و پێداویستییە تەکنیکییەکان، بەڵام هێشتا ئەو گەشەکردنانە نەبوونەتە مایەی دامەزراندنی سیستمێکی هاتوچۆی هاوچەرخ کە لە رێگەیەوە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان بخەینەڕوو و هۆشیارییەکی هاتوچۆی گونجاوی لەناو کارمەندانی هاتوچۆ و هاووڵاتیاندا بەرهەم نەهێناوە و هێشتا بوارەکە دیلی دەستی بیرکردنەوەی تەقلیدی و سەربازییە. 
بۆیە وەک شارەزایەکی بواری هاتوچۆ، کە زیاتر لە بیست ساڵە بە خۆبەخش لەو بوارەدا تێدەکۆشم، بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی لە رێگەی ئەم گۆشەیەوە رۆشنایی بخەمە سەر ئەو کێشە بونیادییانە و چەندین پێشنیار بخەمەڕوو، بە هیوای بنیادنانی سیستەمێکی هاتوچۆی سەردەمییانە، کە یارمەتیدەربێت بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی هاتوچۆ و رێگرتن لە رووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییەکانیان. 
تەوەرەکانی گۆشەکەم چەند بابەتێکی رووناکبیریی نین بۆ سەرگەرمکردن و پڕکردنەوەی سوچێکی رۆژنامەکە، بەڵکو چەند مەراقێکی دڵسۆزانەن لە بوارەکەدا، کە بەری ئەزموونی چەند ساڵە و بەدواداچوونی زانستین، بۆیە ئاواتەخوازم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم گۆشەنیگایەوە تێیان بڕوانن و ئاوڕی جیدییان لێ بدەنەوە.
کێشە بونیادییەکانی بواری هاتوچۆ پێویستییان بە سازکردنی کۆنفرانسێکی تایبەتە لەسەر ئاستی هەرێم، بە بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، دەزگای دادوەریی و شارەزایانی ناوخۆ و دەرەوە لە بوارەکەدا، بۆ تاوتوێکردنی کێشە بونیادییەکانی بوارەکە و دیاریکردنی رێگە چارەکان. دەکرێت لەم گۆشە دەستپێکەدا ئاماژە بۆ دوو دانە لەو کێشانە بکەم، کە لە داهاتوودا ئاوڕ لە هەریەکێکیان و لایەنەکانی دەدەمەوە.
1. نەبوونی یاسایەکی هاوچەرخی هاتوچۆ، کە گشت لایەنەکانی سیستەمی هاتوچۆ لەخۆ بگرێت و لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەربدرێت، تا هەموو پرسەکان دەنگ لەسەردراو بن و پارێزراوبن لە تێڕوانین و بەرژەوەندیی حزبی و مەزاجی شەخشی. راستە ئێمە هەرێمێکین لە عیراقدا کە یاسایەکی هاتوچۆ و هەموارکراوەکەی هەیە، بەڵام ئەوانە زۆر رواڵەتکارانە و پڕ کەموکورتین. ئینجا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە چوارچێوەی بنەما سەرەکییەکانی یاسا عیراقییەکەدا یاسایەکی هاوچەرخ و سەردەمییانەی هەبێت و دژی یاسا عیراقییەکەش نەبێت.
2. نەبوونی پلانێکی پێنج ساڵی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، کە دیاردەیەکی کارەساتبارەو ساڵانە زیانی مرۆیی و دارایی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
* شارەزا لە بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر