هاتوچۆسازی

شۆفێریی سەرقاڵكەر

10:14 - 2025-06-18
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
69 خوێندراوەتەوە

شۆفێریی سەرقاڵكەر هێمایە بۆ هەر چالاكییەك، كە سەرنجی شۆفێر لە ئەركی سەرەكیی ئۆتۆمبێل ڵێخوڕین بە سەلامەتی دوور بخاتەوە. هەر كردارێك چاوەكانت لەسەر رێگە لاببات، یان دەستت لە سوكان دووربخاتەوە، یان مێشكت بە شتێك دوور لە لێخوڕین سەرقاڵ بكات، بە شۆفێریی سەرقاڵكەر دادەنرێت.
سێ جۆری سەرەكیی شۆفێریی سەرقاڵكەر لە ئارادان: بینراو، واتە لابردنی چاوەكانت لەسەر رێگە،  دەستەكی، واتە دوورخستنەوەی دەستەكانت لە سوكانی ئۆتۆمبێل، مەعریفی، واتە سەرقاڵبوونی مێشكت بە شتی دوور لە ئۆتۆمبێل لێخوڕینەوە. بۆ هەرسێ جۆرەكە ئەم نموونانە بەرچاون:
- قسەكردن بە مۆبایل یان ناردنی كورتەنامە.
- بەكارهێنانی رێپیشاندەر (جی پی ئێس).
- خواردن و خواردنەوە.
- رێكخستنی رادیۆ یان ئاوێنەكان.
- ماكیاژكردن یان قژداهێنان.
- قسەكردن لەگەڵ سەرنشینەكان. 
- خەیاڵڕۆیشتن بۆ شوێنێك یان بابەتێك.
- ماندووبوون و خەوهاتن.
شۆفێریی سەرقاڵكەر زۆر مەترسیدارە و توانای شۆفێر بۆ هەستكردن و كاردانەوە و بڕیاردانی سەلامەت تێكدەدات و دەتوانێت ببێتە هۆی:
- دواكەوتنی تێگەیشتن لە ئاماژە گرنگەكانی هاتوچۆ، یان پیادەكان، یان سوارڕەوەكانی دیكە.
- دواكەوتنی بڕیاردان و پێویستبوونی كاتێكی زیاتر بۆ كاردانەوە بەرامبەر بە مەترسییەكان.
- خستنەوەی چەندین هەڵسوكەوتی نادروست، وەك زۆر بە هێواشی پێچكردنەوە و سوڕانەوە، ئاستەنگ دروستكردن بۆ سوارڕەوەكانی دیكە، بەزاندنی ترافیك لایتی سوور و هێڵی پەڕینەوەی پیادەكان.
شۆفێریی سەرقاڵكەر هۆكارێكی سەرەكییە بۆ رووداوەكانی هاتوچۆ و برینداربوون و مردنی لێ دەكەوێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە شۆفێر لەپێناو سەلامەتیدا، خۆی لە هەموو جۆرەكانی سەرقاڵبوون بەدووربگرێت، هەروەها پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پلانی تۆكمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە دابنێت و سزای وەهای بۆ دیاری بكرێت، كە توند و رێگربێت لەو سەرپێچییە. 
چەند رێنماییەك بۆ دووركەوتنەوە لە شۆفێریی سەرقاڵكەر:
- وەڵامنەدانەوەی مۆبایل و كورتەنامە لە كاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا و کردنیان پاش راگرتنی ئۆتۆمبێلەكە.
- پێشوەخت ئامادەكردنی رێپیشاندەر. 
- دووركەوتنەوە لە خواردن یان خواردنەوە و لادان بۆ ئەو مەبەستە.
- رێكخستنی ئاوێنەكان و رادیۆ پێش دەستكردن بە لێخوڕین.
- نەکردنی گفتوگۆی سەرقاڵكەر لەگەڵ سەرنشینەكاندا.
- ئۆتۆمبێل لێنەخوڕین لە كاتی جەنجاڵیی مێشك و ماندووبوون و خەوهاتندا.

شارەزای بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر