پیسبوونی ژینگە بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە بووەتە كێشەیەكی جدیی و تەنیا كاریگەریی لەسەر ژینگە نییە، بەڵكو مەترسیی بۆ تەندروستیی خەڵكیش دروستكردووە. تادێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و گاز كاردەكەن، كاریگەریی زیاتر و خراپتر لەسەر كوالێتی هەوا جێدەهێڵن و دەردانی گازی ژەهراوی لە ئۆتۆمبێلەكانەوە بووەتە مایەی سەرهەڵدانی كێشەكانی هەناسەدان و دڵ و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكانی وەك شێرپەنجە. هەروەها بە هۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێلەوە لەناو شارەكاندا و ئەو ژاوەژاوەی دەیخەنەوە، پیسبوونی دەنگ بووەتە دیاردەیەكی بەرچاو و هۆكاری سەرهەڵدانی زۆر نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی جۆربەجۆر.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و گاز كاردەكەن، بە درێژایی ماوەی بەكارهێنانیان پیسبوونی ژینگەیان لێدەکەوێتەوە، لە رێگەی ئەو گازە ژەهراوییانەی دەریان دەدەن و پاشماوەكانی بەكارهێنانیان، وەك رۆنی جۆربەجۆر و ئاوی رادێتەر و مادە كانزایی و پلاستیكییەكان، هەروەها ئەنجامی پاڵاوتنی نەوت، كە بە هۆیەوە سووتەمەنی و پێداویستییەكان بۆ خستنەگەڕیان بەرهەم دەهێنرێت.
كاتێك ئۆتۆمبێلەكان سووتەمەنی دەسووتێنن، پیسكەرەكان بە شێوەی دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین، دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، هایدرۆكاربۆن، ئۆكسیدی گۆگرد و گەردیلەكان دەردەدەنە هەواوە، هەروەها دەبێتە هۆی دەردانی گازی گەرمخانەیی، كە لە بەرگەهەوای زەویدا كۆدەبێتەوە و دەبێتە مایەی گەرمبوون، رووداوی مەترسیداری كەشوهەوا، كەمكردنەوەی شوێنەكانی نیشتەجێبوون، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و خراپبوونی كوالێتی خاك و ئاو.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە، پلانی زانستی حوكمڕانی، كاری هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت، هاوكاریی گشت هاووڵاتیان پێویست و كاریگەرە.
دەبێت پەرلەمان، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو چەندین یاسا دەربكات بۆ رێكخستنی جووڵەی ئۆتۆمبێلەكان، بە شێوازێك كە ژینگەپارێزیی دەستەبەربێت.
حكومەت پلان و رێنمایی جۆربەجۆری هەبێت بۆ پیادەكردنی ئەو یاسایانە و پابەندبوونی هەموولایەك بە پاراستنی ژینگەوە. بۆ نموونە، باشكردنی رەوشی گواستنەوەی بەكۆمەڵ و هاندانی بەكارهێنانی بژارەكانی جووڵەی چالاك (پاسكیلسواری و رۆیشتن بە پێ) و بەكارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و گاز كارناكەن.
كەرتی گشتی و تایبەت هاوكاری پەرلەمان و حكومەت بن لە پاراستنی ژینگەدا و هاووڵاتیان درك بەوە بكەن كە پاراستنی ژینگە لە مەترسییەكانی ئۆتۆمبێلەكان بەرپرسیارێییەكی گشتییە، بەڵام هەنگاوەكە سەرەتا بەوە دەستپێدەكات.
شارەزای بواری هاتوچۆ