هاتوچۆسازی

سەلامەتیی هاتوچۆ بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە

09:44 - 2025-06-11
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
38 خوێندراوەتەوە

سەلامەتیی هاتوچۆ، ئامانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی برینداربوونە سووك و مەترسیدارەكانە، واتە كەمكردنەوەی زیانە گیانی و جەستەیی و داراییەكان و بەهێزكردنی ئاسایش و هێنانەدیی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئابوورییە.
سەلامەتیی هاتوچۆ بە تەنیا بەرپرسیارێتی لایەنی پەیوەندیدار نییە، چونكە ئەگەرچی بەشی زۆری بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، بەڵام سەلامەتیی هاتوچۆ بۆخۆی بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی لایەنی پەیوەندیدار و هاووڵاتیان و كۆمەڵگەیە و دەبێت هەمووان بەشداربن تێییدا.
١. لایەنی پەیوەندیدار: مەبەست لێی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێك بنێن:
- دانانی یاسایەكی هاوچەرخی هاتوچۆ، كە هەموو لایەنەكانی هاتوچۆ بگرێتەخۆ و ببێتە چوارچێوەیەك بۆ رێكخستنی هاتوچۆ بە رێكوپێكی و دوور لە مەزاجی تاكەكەسی.
- دانانی پلانێكی پێنج ساڵە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و چارەسەركردنی هۆكارەكانی.
- چاككردنی سیستمی مۆڵەتپێدان بە ستاندارتە نێودەوڵەتییەكان و رێكخستنی زمانی هاتوچۆ (هێما و هێڵەكانی هاتوچۆ و ترافیک لایتەكان).
- بەهێزكردنی سیستمی چاودێریكردن و بەدواداچوونی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ و دانانی سزای رێگر لە دووبارەبوونەوەیان.
- بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاتوچۆی هاووڵاتیان و كارمەندانی هاتوچۆ.
٢. هاووڵاتیان: مەبەست شۆفێر و سوراڕە و و پیادەكانە، كە دەبێت بۆ پاراستنی سەلامەتی هاتوچۆ رەچاوی ئەمانە بكەن:
- پابەندبوونی شۆفێر بە یاسا و رێساكانی هاتوچۆوە و خۆبەدوورگرتن لە خێرایی نایاسایی و ئۆتۆمبێل لێخوڕێن لەژێر كاریگەریی مەی و مادەی هۆشبەر و بەكارهێنانی مۆبایلدا.
- دڵنیابوونی شۆفێر لە توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەكەی و كۆنترۆڵكردنی بەردەوام و وەرزی و چارەسەركردنی دەستوبردی خەوشییەكان.
- شۆفێر رێز لە پیادەكان بگرێت و بۆیان رابوەستێ و پیادەكانیش پابەندی پەڕینەوەی یاسایی بن.
- دڵنیابوون لەوەی سەرنشینەكان، بە تایبەتی منداڵەكان، بە سەلامەتی جێگیركراون و پشتێنی دڵنیایی بەكاردەهێنن و رێگە بە منداڵ نەدرێت لە پەنجەرە و سڵایدەوە سەر دەربهێنێت.
- ئۆتۆمبێل زیاد لە قورسایی یاسایی باری لێ نەنرێت و سەرنشین سوارنەكرێت.
٣. كۆمەڵگە، واتە هەموو دامودەزگا حكومی و ناحكومیەكان و كەرتی تایبەت و راگەیاندنەكان و پیاوانی ئایینی، لە رێگەی پاراستنی یاساكانی هاتوچۆ و بەشداریكردن لە هۆشیاریی هاتوچۆ پاراستنی سەلامەتیی هاتوچۆدا.

وتارەکانی نوسەر