نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دەزگا و ناوەندە رۆشنبیرییەکاندا سەبارەت بە کاتی چالاکییە ئەدەبی و رۆشبیرییەکان، بووتە جێی گلەیی ئامادەبووان
رۆژانە لە زۆر شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان بە گشتیی و شاری سلێمانیش بە تایبەتی کۆڕی رۆشنبیریی و بڵاوکردنەوە و ناساندن بۆ کتێب و گۆڤار لە چەندین رێکخراو و ناوەند و دەزگای جیاجیای رۆشنبیریی رێک دەخرێت.
هەموو ئەو چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییانە بایەخ و گرنگی خۆیان هەیە، چێژ و کەشێکی خۆش بە خوێنەران و ئاشقانی بواری کتێب و خوێندنەوە دەدات، دیارە چاپخانە و شوێنی دەرکردنی بەرهەمەکانیش لە رووی داراییەوە سوودمەند دەبن و هەموو نووسەرێکیش دڵخۆشە بە چاپکردنی بەرهەمەکەی جا ئیتر لە هەر بوارێکدا بێت، بەڵام چەندین سەرنج و تێبینی و تەنانەت گلەیی و رەخنەش لەلایەن ئامادەبووانی ئەو کۆڕانە گەڵاڵە بووە، لەوانەش نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دەزگا و ناوەندە رۆشنبیرییەکاندا سەبارەت بە کاتی چالاکییەکان، بۆ نموونە رۆژ هەبووە پێنج چالاکی و ناساندنی کتێب لە یەک کاتدا بوون یاخود نیو سەعات جیاوازییان بووە و زۆربەشیان لە دوانیوەڕۆدان ئەوکاتەش شەقامەکان جەنجاڵی زۆریی پێوە دیارە و دۆستانی کتێب ناتوانن ئامادەی مەراسیمەکان ببن.
لەلایەکی دیکەشەوە زۆرجار نووسەر یاخود ئەو کەسەی خوێندنەوە بۆ کتێبەکە دەکات، زۆربەی ناوەڕۆک و بابەتی نێو کتێبەکە باس دەکات، کە ئەوەش وا لە خوێنەر دەکات دواتر کتێبەکە نەخوێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کاتێکی زۆر دەبات، خاڵێکی دیکە کە لەو کۆڕانەدا بەدی دەکرێت دەزگا و خاوەن بەرهەم وەک پێویست کتێب ئامادە ناکەن و ژمارەیەکی زۆر بێ کتێب دەبن، یاخود لە کاتی دابەشکردنیدا جیاوازی دەکرێت، جگە لەوەش رێککەوتووە پێش وادەی ناساندنی کتێبەکە وا بڵاوکراوەتەوە کە دەکرێتە دیاری و دابەشدەکرێت، کەچی لە رۆژی بڵاوکردنەوەیدا ئەگەر نرخەکەشی زۆر کەم بووبێت، بەڵام فرۆشراوە، هەمووشمان دەزانین چاپکردنی کتێب تێچووی خۆی هەیە. رێزی زۆرم هەیە بۆ خاوەن کتێبەکان، بەڵام ئەوەشم بەلاوە سەیرە، دوایی زۆر لە کۆڕەکان نووسەری بەڕێز دادەنیشێت و بە واژۆی خۆی لەسەر ئەو کتێبانەی کە ئامادەبوان کڕیویانە دەنوسێت، دیاری و پێشکەشە بە ....، لەناو کوردەواریدا دیاریی و خەڵات و یادگاری دەبەخشرێن، نەک بفرۆشرێن!.