جموجۆڵی تورکیا لە سوریا

10:24 - 2025-02-18
عەباس عەبدولڕەزاق
83 خوێندراوەتەوە

رووداوەکانی ئەم دواییە و هەڵسوکەوتی ئیسرائیل وا  دەردەخات، هەڵپەکانی ئەنقەرە، گرفتی زۆری بۆ ئیسرائیل دروستکردووە  لە پشتگیرییکردنی حەماس لە جەنگی غەززەدا 

تورکیا سەرەڕای رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، پشتیوانیی خۆی بۆ حەماس راگەیاند، بەڵام ئەردۆغان، لە وتارەکانیدا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و نەتانیاهۆ.
 هەرچەندە هەندێک لە چاودێران وای بۆ دەچن، قسەکانی ئەردۆغان تەنیا دروشمی راگەیاندنە و پابەندی رێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوان ئیسرائیل و تورکیایە. لەم دواییەدا ناوەندەکانی راگەیاندن لە ئیسرائیل باس لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت دەکەن بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ لەبارەی دەسەڵاتی تورکیا لە سوریا، بە هەمان شێوە جەخت لەسەر کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی دەکەنەوە لەنێوان وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتس و وەزیری دەرەوە جەدعون ساعر و سەرۆکی ئەرکان، بێرس هاربین و چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی و حکومەت، بۆ تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخەکە و مەترسیی هەڵسووکەوتی تورکیا و جموجۆڵی لە سوریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی لەسەر ئیسرائیل، بەتایبەتی کاتێ ئەنقەرە بیر لە کاریگەریی هەژموونی بەسەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بووە، دەکاتەوە.  
لەبەر ئەو هۆکارانە ناوەندی توێژینەوەی مۆشەدایان، بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی جیۆسیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، بە راپۆرتێک، پێشنیازێک پێشکەش بە ناتانیاهۆ دەکات بۆ خۆ ئامادەکردن و تێوەگلان لە شەڕێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ تورکیا. رووداوەکانی ئەم دواییە و هەڵسوکەوتی ئیسرائیل وا دەریدەخات، هەڵپەکانی ئەنقەرە، گرفتی زۆری بۆ ئیسرائیل دروستکردووە  لە پشتگیریی حەماس لە شەڕی غەززە و هەوڵدان بۆ دەستبەسەراگرتنی کەنارەکانی جێناکۆک لە سوریا و باڵادەستیی لە سوریا.
لەبەرامبەردا، تەلئەبیب بانگەشەی پشتیوانیی کورد بەتایبەتی (هەسەدە) دەکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس پتەوتر دەکات و پشتگیریی بەرژەوەندییەکانیان دەکات، ئەویش دڵەڕاوکێیەکی لەلای تورکیا دروستکردووە لەپاڵ ئەو هەموو گرژییانەی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا هەیە.
ئێستا کێبڕکێی پاراستنی بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکەدا دروستبووە بۆ هەرچی زیاتر پاراستنی بەرژەوەندییەکان، سوریاش چەقی ململانێکانە.
 هەر لەو سۆنگەیەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئیسرائیل دەست بەسەر ناوچەکانی ئاگر بڕی جۆلاندا دەگرێت و بەرە و باکوور دەڕوات.
لەوانەیە هێشتا ئەم رووداوانە بەشێک بێت لە ستراتیژیی تەکنیکی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە بۆ پەیوەستکردنی چالاکیی سیاسی و چاککردنەوەی پەیوەندییەکانیان بۆ ماوەیەکی کەم و بەمشێوەیە بتوانن بیگونجێنن، بەتایبەتی ئەگەر شەڕی غەززە بە تەواوی کۆتاییپێبێت و پەیوەندیدارانی سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگانی و بازاڕەکانیان دووبارە ببوژێتەوە .

وتارەکانی نوسەر