سیاسەتی ناجێگیری ترەمپ بەرامبەر غەززە

09:44 - 2025-02-26
عەباس عەبدولڕەزاق
62 خوێندراوەتەوە

لە کێشە ئاڵۆزەکانی جیهاندا، دیسانەوە کێشەی فەلەستین بەهۆی لێدوانەکانی کۆشکی سپی ئەمریکاوە، لە گۆڕەپانی روداوەکاندایە. 
وەک ئاشکرایە ترەمپ، هەمیشە بێ پرەنسیپ دەبێت و تەنیا لە رێگای سەفقەوە کار لەگەڵ پێشهاتەکان دەکات، لە خولی یەکەمیدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل ناساند و باڵیۆزی ئەمریکای گواستەوە لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، ئەویش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، بەهەمان شێوەی سیاسەتی ئاڵوگۆڕی ئارەزووەکانی ترەمپ گۆڕاوە.
ئەویش لە دوورخستنەوەی دانیشتوانی غەززە لە ناوچەکە و جێبەجێکردنی نەخشەیەکی داڕێژراو بۆ ناوچەکە، بەوەش ترەمپ پێیوایە کە چارەسەری بنبڕکراوی بۆ غەززە بەدەستهێناوە، هەرچەندە لەم دواییانەدا وتەکەی گۆڕی بە تەنها رایەکی ئاسایی وەک (پێشنیاز) نەک فەرمان. 
ئەویش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ترەمپ پێیوایە فەلەستینییەکان ناتوانن رووکاری ناوچەکە بگۆڕن.
 غەززە و پلانی راگواستنی دانیشتوانەکەی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەمریکا، غەززە بە ناوچەیەکی ئیسرائیل دادەنێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە. 
ترەمپ پێیوایە، دەتوانێت کاریگەریی هەبێت بەسەریاندا لە بەکارهێنانی هێز، یان بەکارهێنانی سزا ئابوورییەکان و گوشار بەکاردەهێنێت لەسەر ناوەندە عەرەبییەکان و فەلەستینییەکان.
ئەمریکا تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی کاردەکات و بە خاڵە بەهێزەکانی گوشاری خۆی بەکاردەهێنێت. بۆیە وڵاتە عەرەبییەکان، بەتایبەتی سعودیە و میسر و ئوردون، دەبێت پلانی هاوبەشیان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵوگۆڕە دیمۆگرافییەی فەلەستین. سعودیە لەسەرزاری وەزیری دەرەوەی وتی، پابەندە بە بۆچوونەکانی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی دوو دەوڵەتەکە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی، بەڵام دەربارەی میسر و ئوردون، ناچار دەبن لەسەر لێدوانەکەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ وڵاتەکەیان رازی بن، لەبەرئەوەی باش دەزانن ئەگەر رازی نەبن هاوکارییەکانی ئەمریکایان لێدەبڕێت، ئەویش بۆ ئەوان دەبێت بە كێشە.
بەرژەوەندییەکانی وڵاتە ئەوروپییەکان، وای دەردەخەن لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ نین و بڕوایان وایە کێشەکە لە ناوچەکە زیاتر دەکات، وەک ئەوەی لە بەیانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا ئاماژەی پێدەدات و راشکاوانە دەڵێت: زەوی فەلەستینییەکان بۆ دانیشتوانی خۆی، ئێمەش دەبێت رای جیاوازی ئەوروپا لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپەوە بخوێنینەوە. 
دەبێت سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، گوشار بخەنە سەر حەماس، بۆ ئەوەی بیانوویەکی تر نەدەن بەدەستەوە، چونکە ئەگەر ئەو ملهۆڕییەی حەماس نەبوایە، ئەو ئەجێندایەی ئیسرائیل جێبەجێنەدەکرا و بۆ ماوەیەکی کە دوادەخرا.
حەماس هاوکاریی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ئیسرائیل بوو لە 7 ی ئۆکتۆبەر، دەشزانین ترەمپ ناسراوە بە دانانی بەرزترین ئاست بۆ ئاڵۆزیی کێشەکان، بۆ ئەوەی دانوستانی چارەسەریی زۆرترین دەستکەوت بەدیبهێنێت . 
سیاسەتەکانی ترەمپ بڕیاری کۆتایی نین، بەڵکو شێوازێکە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی لە ناوچەکەدا، ئەگەر دەوڵەتە عەرەبییەکان و فەلەستینییەکان، هەمیشە وەڵامی ناڕەزایەتی پەیڕەو بکەن، ئەوە رێگە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی ترەمپ دەدەن.

وتارەکانی نوسەر