سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، لە كۆنفرانسی دیالۆگی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەشێوەیەكی روون و راشكاو، سیاسەت و نەخشەڕێگا و ستراتیژییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەچوارچێوەی دیبەیتێكدا خستەڕوو، ستراتیژییەتی سەرۆك؛ خۆی لە چەند پرس و پەیامێكی نەتەوەیی، نیشتمانی، سیاسی، ئەمنی، ئیداریی و یاسایی، پەیوەندییەكان و دیپلۆماسیدا دەبینییەوە و لەسەر كۆی ئەو پرسانە وەڵامەكانی سەرۆكی یەكێتی جۆرێك لە گەشبینیی پێوە دیاربوو، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە تاكە بژاردەی چارەسەركردنی كێشەكان، هەڵبژاردنی رێچكەی ئاشتی و یەكتر قبووڵكردن و دانوستانێكی جددییە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن.
ئەوەی زیاتر جێگای هەڵوەستەلەسەركردن بوو، ئەو پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییە بوو، كە ئاڕاستەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستانی كرد، لەسەر باشووری كوردستان تیشكی خستەسەر گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و داوایكرد كورد لە بەغدا لەچوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا خەبات بكات بۆ پاراستن و بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كوردستان و پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكومەتی داهاتووی بەغدا لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا بە پشتبەستن بە دەستووری عیراق، پتەوتر بكەین.
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، ئەم جارە لە بەغداوە و هاوشێوەی كۆنفرانسی میونشن، رۆژئاڤای كوردستانی لەبیرنەكرد و جارێكی دیكە سیاسەت و هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت بە پرسی رۆژئاڤا بەشێوەیەكی شەفافانە خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەی داوایكرد كوردانی رۆژئاڤا بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنن و بە یەكگرتوویی رووبكەنە دیمەشق و بەرگریی لە مافە رەواكانی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان بكەن، داواشی لە وڵاتانی خۆرئاوا كرد خوێندنەوەیەكی واقیعی بكەن بۆ دۆخی ئێستای سوریا و ئەو مەترسی و هەڕەشانەی كە لەسەر ئایندە و چارەنووسی پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە دروستدەبن، ئەگەر بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان و بەبێ رەچاوكردنی تایبەتمەندیی و مافی ئەو پێكهاتانە، دەستووری ئەو وڵاتە بنووسرێت.
ئەوەی، كە زیاتر دیدارەكەی دەوڵەمەند كرد، خستنەڕووی هەڵوێستێكی هاوسەنگی یەكێتی بوو لەسەر ناكۆكی و دژبەرییەكانی نێوان ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران و دیدگای خۆی خستەڕوو، كە دەكرێت ئەم دوو وڵاتە لەڕێگەی دانوستانەوە بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی و ئەمریكای بەوە دڵنیاكردەوە كە ئێران ناخوازێت چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و لەبەرامبەردا كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی دڵنیاكردەوە كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ ناخوازێت كێشەكان لەڕێگەی جەنگ و زمانی چەكەوە چارەسەربكرێن. ئەم پەیامە و باسكردنی هەڵوێستی كۆشكی سپی بەرامبەر بە تاران لە دوای تەنها یەك هەفتە دێت لە سەردانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەمریكا و ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بۆیە پێدەچێت پەیامەكەی زیاتر زانیاری بێت لەوەی كە بۆچوون و راڤەكردنێكی سیاسی بێت.
لەسەر كۆی پرسەكان گەشبین و پشتبەستن بە گرتنەبەری دانوستان و گەیشتن بە ئاشتی بوو، تەنها لەسەر یەك پرس دوو بژاردەی خستەڕوو، ئەویش پرسی هێرش و درۆنەكانی گروپە چەكدارەكان بوو بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بژاردەی یەكەم وازهێنانە لەو هێرشانە و لەناو هێزە رەسمییەكانی عیراق رێكبخرێن، ئەگەر ئەوە نەكرا و بەردەوامبوون لەسەر پەلامارەكانی خۆیان، ئەوا وەڵامیان دەدەینەوە. ئەم هەڵوێست و هەڕەشەیەی سەرۆكی یەكێتی لە بەغدای پایتەخت بەرامبەر بە گروپە چەكدارە نایاساییەكانی عیراق، جددییەتیی نیگەرانی و بێزاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرامبەر بەو هێرشانە دەردەخات، كە بێدەنگی؛ سنووری خۆی هەیە و هەموو بێدەنگییەك مانای بێدەسەڵاتی و بێتوانایی ناگەیەنێت.