هەڵەبجە لەنێوان دوو بڕیاری کۆشکی کۆماری-دا

09:39 - 2025-05-01
له‌تیف نێروه‌یی
60 خوێندراوەتەوە

ئیمزاكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە كۆشكی كۆماری، ئەو شوێنەی كە (37) ساڵ لەمەوبەر بڕیاری كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و كۆمەڵكوژكردنی خەڵكەكەی لێدرابوو، تەنها مەرسومێكی ئاسایی و رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی نییە، بەڵكو مانایەكی زۆر قووڵ لەناو زامێكی سەخت و درێژخایەندا دەبەخشێت، چونكە هەر لەو كۆشكەدا، دیكتاتۆر و شۆڤێنییەك بڕیاری كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی لێدا، لەهەمان ئەو شوێنە و بەئامادەبوونی كەسوكاری شەهیدان، یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن كوردێكەوە ئیمزا كرا، كە ئەویش فەخامەتی سەرۆك كۆمارە. بەمەش ئیدی بەشێك لە زامی هەڵەبجە ساڕێژدەبێتەوە و ئەو شارە پێدەنێتە قۆناغێكی دیكەی كارگێڕی، خزمەتگوزاری، یاسایی و مێژووییەوە، هەڵبەت دەرچوونی مەرسومی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی هەڵەبجەییەكان دەكات و خەڵكی شارەكە دەستكراوەتر دەبن، كە راستەوخۆ لەڕێی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە خزمەتێكی زیاتر پێشكەش بە شارەكەیان بكرێت، بەتایبەتی لەڕێی حكومەتی ناوەندییەوە، چونكە كۆمەڵێك ئەركی سیادی دەکەوێتە ئەستۆیان و ماف و دەستكەوتی زیاتر بۆ هەڵەبجە دەستەبەر دەبێت.
بۆ هەرێمی كوردستانیش بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستكەوتێكی گرنگی ماددی و مەعنەوییە، چونكە پێشتر لە (18) پارێزگای عێراق تەنها (3) پارێزگا سەر بە هەرێمی كوردستان بوون، كە دەكاتە 16 %، ئیدی بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ژمارەی پارێزگاكانی هەرێم دەبێتە چوار پارێزگا، كە دەكاتە 21 %ی پارێزگاكانی عیراق و بەمەش لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.
 سەبارەت بە سلێمانیش، كە لەڕووی فراوانی سنووری جوگرافی و رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكە و یەكەی ئیداری و كارگێڕی و ژمارەی (قەزا و ناحیە)وە پێشتر گەورەترین پارێزگا بووە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە لەدایكبوونی پارێزگایەكی نوێ لەناو هەناوی پارێزگای سلێمانی گرنگیی خۆی هەیە و وا دەكات هەموو لایەك بۆ خزمەتی هەڵەبجە دەستكراوەتر بن و دەرفەتیش لەبەردەم پارێزگای سلێمانیدایە تا لە خزمەتی هەڵەبجە هاوكار بێت و وەك دوو دەستە خوشك هەماهەنگ بن.
ئێستا تۆپی خزمەت دەكەوێتە ساحەی هەڵەبجەییەكان و گرنگە سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرن و وەك چۆن ڤاتیكان تایبەتمەندیی خۆی پاراستووە و ناخوازێ‌ چاو لە هیچ وڵاتێكی جیهان بكات و هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان و ئایین و مەزهەبەكانی جیهانە، بەهەمانشێوە گرنگە هەڵەبجەییەكان تایبەتمەندیی پارێزگای هەڵەبجە بپارێزن و چاو لە هیچ پارێزگایەكی دیكەی هەرێم و باشوور و ناوەڕاستی عیراق نەكەن و خەڵكی هەڵەبجە هەڵگری پەیامی پێكەوەژیان و سەقامگیری و خزمەتكردنی شارەكەیان بن، بەم رێبازە دەتوانن هەڵەبجە وەك پایتەختی ئاشتی و ئارامیی هەرێمی كوردستان و عیراق بناسێنن و بەو تایبەتمەندییە هەڵەبجە بكرێتە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشتیاریی هەمەجۆر لە هەرێم و هەموو عیراق.

وتارەکانی نوسەر