(2)
ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتیی جیهانییە، پەیوەستە بە جیاوازی و گرژییەکانی نێوان نەوە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەدا و لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا دەردەکەوێت.
ئەمەش بەهۆی جیاوازیی بەهاکان، تەکنۆلۆژیا یان ئەزموونی ژیانەوە سەرهەڵدەدات و بەزۆری لەنێوان دوو نەوەی جیاوازدا دەردەکەوێت، یەکەمیان نەوەی رابردوو کە پەیوەستن بە بەها و دابونەریتی کۆنەوە یان سەردەمی خۆیانەوە و دووەمیان نەوەی ئێستایە کە دەشێت کراوەتر بن بۆ گۆڕانکاریی تەکنۆلۆژیا و کەلتوریی و بەپێی قۆناغی نوێ ئەو جیاوازییانە گرژی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستدەکات و لە هەمانکاتدا یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی نوێ بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵەنگارییەکانی هاوچەرخدا.
ململانێی نەوەکان دەتوانێت پاساوێک بێت بۆ هاندانی گۆڕانکاری و گەشەکردن لە کۆمەڵگەدا
هۆکاری ململانێکانیش پێشکەوتنی خێرای تەکنۆلۆژیایە کە لە رێیەوە نەوەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات و تەکنۆلۆژیای نوێ و ئامرازی سەردەمییانە بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا نەوەی رابردوو هەست بە بێتوانایی یان ئامادەنەبوون بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا دەکەن، ئەوان دەشێت پێیوابێت کە تەکنۆلۆژیا هۆکاری خراپبوونی بەها و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا پێیوایە تەکنۆلۆژیا داهێنان دەخوڵقێنێت.
نەوەی رابردوو بەزۆریی پابەندن بە بەها نەریتییەکان کە رێزگرتنە لە دەسەڵات و دابونەریت لەخۆدەگرێت. نەوەی ئێستا گرنگی زیاتر بە سەربەخۆیی و گۆڕانکاری دەدەن کە دواجار ناکۆکی لە پرەنسیپەکاندا دروست دەکەن.
لە رووی هاوسەنگیی نێوان ژیانی کەسیی و کار و پشتبەستن بە تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ لە کاردا، نەوەی رابردوو هەندێک جار دژایەتی گۆڕانکاری دەکەن و نەوەی ئێستا هەوڵ دەدات شێوازی کارکردنی نەرمتر بگرێتەبەر.
ئەمان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ئابووری دەبنەوە کە نەوەی رابردوو پێیدا تێپەڕیوە، وەک زەحمەتی بەدەستهێنانی کاری جێگیر یان کڕینی خانوویەک، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و تێچووی خوێندن و زۆری دیکە. لەبەرامبەردا کەسانی بەتەمەن نیگەران دەبن لە خراپبوونی بارودۆخی ئابووری کە لەوانەیە هەڕەشە لە بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانیان بکات.
نەوەی ئێستا دەیانەوێت تێڕوانینی پێشکەوتووخوازانەتر پەیڕەو بکەن، وەک بابەتی ژینگەیی یان مافە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانەی رابردوو لەوانەیە پارێزگار بێت یان پەیوەست بێت بە شێوازە سیاسییە تەقلیدییەکانەوە.
دەشێت نەوەی ئێستا لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی جیاواز و هەمەچەشنییدا گەورە ببن، لەکاتێکدا نەوەی رابردوو، زیاتر پابەند دەبن بە بەها نەریتییەکان.
ئەم جیاوازییانە دەبنە هۆی ناکۆکی لە بەهاکان و بەریەککەوتنی چەمکەکان، وەک ئازادی رادەربڕین و تاکە کەس، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ و رۆڵە کۆمەڵایەتی و ئاکارەکان، بۆیە نەوەی ئێستا زۆرجار ئارەزووی گۆڕانکاری و داهێنان دەکەن.
ململانێی نەوەکان دەتوانێت پاساوێک بێت بۆ هاندانی گۆڕانکاری و گەشەکردن لە کۆمەڵگەدا. ئەم ململانێیە دەشێت ببێتە هۆی باشترکردنی تێگەیشتنی هەر نەوەیەک بۆ تێڕوانینەکانی ئەوانیتر، بەمەش پێکەوەژیان و هاوکاریی نێوان نەوە جیاوازەکان بەهێز دەکات، بۆیە دەکرێت ئەم ململانێیە ببێتە هێزێکی پاڵنەر بەرەو گۆڕانی کۆمەڵایەتی، ئەگەر بەشێوەیەکی بونیادنەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
[email protected]