(15)
«ململانێی نەوەکان» لە ژینگەدا ئاماژە بە گرژی و جیاوازییەکانی نێوان نەوە جیاوازەکان دەکات لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشە ژینگەییەکاندا. ئەم ململانێیە لە جیاوازی ئاڕاستە و ئەولەویەت خۆیدەبینێتەوە لە پاراستنی ژینگە وسەرچاوە سروشتییەکان لە نێوان نەوەکانی رابردوو و ئێستادا.
نەوەکانی رابردوو جەختیان لەسەر گەشەی ئابووری و فراوانبوونی پیشەسازی دەکرد بەبێ رەچاوکردنی کاریگەرییە ژینگەییە درێژخایەنەکان. ئەم سیاسەت و ئاڕاستانە یارمەتیدەربوون بۆ تێکچوونی ژینگە، وەک پیسبوونی هەوا و ئاو، و گۆڕانی کەشوهەوا، لەکاتێکدا نەوەکانی ئێستا بەگشتی هەوڵ دەدەن ئەم رەوتە بگۆڕن و گوشار بخەنە سەر حکومەت و کۆمپانیاکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، وەرگرتنی سەرچاوەکانی وزەی نوێبوونەوە.
نەوەکانی رابردوو باوەڕیان وابوو کە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئابووری دەتوانێت هەر زیانێکی ژینگەیی قەرەبوو بکاتەوە کە لە ئەنجامی ئەم چالاکییانە دروست ببێت. ئەم ئاڕاستەیە بۆتە هۆی سیاسەتی گەشەی نابەردەوام، لەکاتێکدا نەوەکانی ئێستا پاراستنی ژینگە نەک تەنها بژاردەیەکە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ مانەوەی هەسارە و بەردەوامیی ژیان لەسەری، لەکاتێکدا نەوەی ئێستا زیاتر هۆشیارترن بە ئاستەنگەکانی ژینگە، وەک گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا و پشتدەبەستێت بە پەروەردە، تەکنۆلۆژیا و داهێنان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
کاریگەریی ئەم جۆرە ململانێیە، بەڕوونی لە سیاسەتی گشتیدا دەردەکەوێت، گەنجان هەڵوێستی توندتر لە بواری ژینگەدا وەردەگرن، لەکاتێکدا هەندێک حکومەت یان گروپە بە تەمەنەکان کەمتر ئامادەن واز لەو سیاسەتانە بهێنن کە پشتگیریی گەشەی پیشەسازی دەکەن لەسەر حسابی ژینگە.
سەبارەت ململانێکان لە سەدەی بیستەمدا، ئاڕاستەی ئابووریی باو لەسەر بنەمای گەشەی بێسنوور بوو، بەشێوەیەک بیرۆکەی (گەشەی ئابووری) بە ئاماژەیەکی سەرەکی سەرکەوتن دادەنرێت. نەوەکانی رابردوو، بەتایبەتی لە وڵاتانی پیشەسازی، پێشکەوتنی ئابوورییان بە زیادبوونی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانەوە بەستەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە هەبوو، بەڵام نەوەکانی ئێستا، بەتایبەتی گەنجان، پێیانوایە گەشەسەندنی ئابووری نابێت لەسەر حسابی ژینگە بێت و وایدەبینن سەرکەوتنی ئابووریی بەردەوام، تەنها لەڕێگەی پاراستنی ژینگەوە بەدەستدێت. ئەم جیاوازییەش گرژیی لە نێوان نەوەکاندا دروستدەکات.
چارەسەر، بەهێزکردنی هۆشیاریی ژینگەیی لە هەموو تەمەنەکاندا یەکێکە لە چارەسەرەکان، داهێنان و هاوکاریی و هاندانی نەوە جیاوازەکان لە بواری توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆژیا بۆ گەشەپێدانی چارەسەری ژینگەیی نوێ، تێکەڵکردنی چەمکەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لە سیاسەتە گشتییەکان و ئابووریی جیهانی، بەشێوەیەک جەخت لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێستا بێت، بێ قوربانیدان بە توانای نەوەکانی داهاتوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەدەر لە بەدەستهێنانی دادپەروەریی نێوان نەوەکان لەڕێی سیاسەتێک کە کاریگەریی بڕیارە ژینگەییەکانی ئێستا لەسەر نەوەکانی داهاتوو لەبەرچاودەگرێت و زامنکردنی دابەشکردنی سەرچاوە سروشتییەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.
دەرئەنجام، ململانێی نەوەکان لە بواری ژینگەدا، رەنگدانەوەی ئەو ئاستەنگانەیە کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام. بابەتەکە پێویستی بە دیالۆگ و هاوکاریی نێوان نەوە جیاوازەکان هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوسەنگ کە پاراستنی ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات، هەروەها رەنگدانەوەی ململانێی نێوان رابردوو و داهاتووە، لەنێوان سیاسەتەکانی ئێستا کە داهاتوو و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەپارێزێت لە نێوان داهاتوویەک کە پێویستی بە چارەسەری ژینگەیی بەردەوام هەیە، بەڵام مەرج نییە ئەم ململانێیە ببێتە بەربەست، بەڵکو دەتوانێت ببێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ هاوکاری و داهێنان لەنێوان نەوە جیاوازەکاندا بۆ پاراستنی هەسارەی زەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
[email protected]