دەستلەکارکێشانەوەی سەدرییەکان تەنها گوشارێکی سیاسییە و نابێتە هۆی پەککەوتنی رەوتی یاسایی پەرلەمان، بەڵام بێگومان یەکێک دەبێت لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی خێرابوونەوەی پرۆسەی سیاسی.
عیراق دەوڵەتێکی چەند پێکهاتەیە و واقیعێکی تێدایە کە هەندێ مۆدێلی بەڕێوەبردن تیایدا نەگونجاوە و سەرکەوتوو نابێت. گرفتی سەرەکی عیراق لەوەدا نییە چەند پێکهاتەی تیایە، بەڵکو ئەوەیە کە مێژووی تاڵی چەوسانەوەکان وایکردووە هەمیشە ئەم پێکهاتانە چاو و روویان لە دەرەوەی بەغدا بێت. ئەم شێوازە لە تێڕوانین بۆ دەرەوە هۆکاری سەرەکی نا ئارامییەکانی عیراق بوون و هەنووکەش تاڕادەیەک هەر وایە.
پێچەوانەی رای ئەوانەی چاویان لە سیناریۆی رەش و ماڵوێرانکارە، بارودۆخێکی لەبار بۆ نەرمبوونەوە و خاوبوونەوەی لێکگەیشتنی سیاسی هاتۆتە ئاراوە. سەدرییەکان رێگەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە تاقیکردەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئێستا رێگەیان چۆڵکردووە بۆ ئەوانیتر هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن. رەنگە سەدرییەکان نەچنە حکومەتەوە، بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆنێکی کارا لەناو پەرلەمان بمێننەوە، چونکە دەست لەکارکێشانەوە بواری جێگرتنەوەی تێدایە.
گرفتی بیرکردنەوە و بڕیاردان لە عیراقدا ئەوە نییە کە باش و خراپ لێکتر جیاناکرێتەوە، بەڵکو گرفتە سەرەکییەکە جوگرافیا و توانا سەرەکییەکانی بوونیادی دەوڵەتەکەیە کە هەتا ئێستا نەیتووانیوە بە هێز و خۆڕاگر بێت لە بەردەم شەپۆلەکانی کاریگەرییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. ئەمەش هەموو کات هۆکاری پەرتەوازەیی و دابڕانی ناوخۆ بووە.
جیهانی دوای شەڕی ئۆکرانیا و عیراقی دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەدرییەکان وەک یەک نابن و ناگەڕێنەوە دواوە. دەرەنجامەکان چۆن دەبن ئەوە بە تەنها لەسەر یەک هۆکار ناوەستێت و بێجگە لە هەڵکشان و داکشانە ناوخۆییەکان، جەمسەرە بەهێزەکان رۆڵی کاریگەرتر دەبینن لە دەرکەوتنی داهاتووی ئەنجامەکاندا.