پەروەردەی یەکێتییانە

09:02 - 2022-06-15
فەلاح کەریم
572 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. بەپێی پێناسە و بوارە یاساییەکانی خەباتی کۆمەڵە و رێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مافی مرۆڤ تەنها ئەوەندە نییە کە مرۆڤەکان بە گازی کیمیایی و گۆڕی بەکۆمەڵ لەناو نەبرێن، بەڵکو پاراستنی مرۆڤ (وەک دیموکراسی) بەشێکە لە پەروەردەی ئەو کەسانەشی کە لەگەڵ ئەم بابەتەدا سەرۆکارییان بۆ پەیدا دەبێت، بۆ نموونە هێزە ئەمنییەکان. 
رەچاوکردن و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە قسەیەکی نەشیاوەوە دەستپێدەکات و بە لەناوبردنی مرۆڤەکە کۆتایی دێت. کاتێک هۆشیاریی کۆمەڵگە کەم یان نەبێت، مەترسییەکانی سەر بێڕێزی بە مرۆڤ زیاتر دەبن، بەڵام دەکرێت ئەم بابەتە وەک بابەتێکی تایبەت بۆ ناشرینکردن و موزایەدەی سیاسی بەکاربێت؟ یان هەموو کۆمەڵگە بەرپرسن لە ئاست بنبڕکردنیدا؟ 
حزبە سیاسییەکان رۆڵیان چییە؟ راستە لە کوردستان ئەم سیستمە هەڵقوڵاوی بیری حزبەکانە، بەڵام حکومەت ئەرکە قورسەکەی دەکەوێتە ئەستۆ. حکومەت بێجگە لە کایەی بەڕێوەبردن لەگەڵ سیاسەتیش تێکەڵ دەبێتەوە، ئەرکی حکومەت تەنها ئیدارەدانی رووداوەکان نییە و یەکێک لە ئەرکە ستراتیژییەکانی پێگەیاندن و پەروەردەیە لە هەموو بوارەکاندا، بۆئەوەی وەک سەرمایەیەکی نیشتمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێننەوە.
 ئەمڕۆ لە کوردستان دەتوانرێ بووترێت هەموو کایەکانی پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی لە هەموو سێکتەرەکاندا نیمچە ئیفلیج بووە، هەر ئەمەشە وادەکات رەفتاری نەشیاو لە کارمەندی دەوڵەتی ببینرێت و بەشێکی زۆری تاوانەکانیش لە کۆمەڵگەدا بەو چەکانە دەکرێن کە لە ژێر چاودێریی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆدان. 
واقیعی کۆمەڵایەتی کوردستان ناهاوسەنگی و ناتەواویی زۆری تێدایە و پێویستییان بە یاسا و رێککردنەوەی خێرا هەیە و تا دێت مەترسییەکان لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە زیاتر دەبن. 
هەنگاوی بەپەلە لە خودی حزبەکانەوە دەستپێدەکات و نوێنەرانی حزبەکان لە پەرلەمان لێپرسراوێتی یەکەمینیان لەسەر شان دەبێت بۆ لێپرسینەوەی حکومەت و دەرچواندنی یاسای نوێ. بۆ یەکێتی ئەم بوارە زۆر گرنگتر و سەرەکیترە لەچاو هەموو حزبەکانی تردا. لە قۆناغی ئایندەی نزیکدا یەکێتی پێویستی بە هەڵمەتی فراوانی هۆشیاریی و پەروەردەیی فیکری دەبێتەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی کۆمەڵگە و ژینگە و پەروەردە سەردەمیانەکان لە سیستمی پەروەردە و دابینکردنی کەشی گونجاو بۆ کۆمەڵی کوردەواری.
یەکێتی وەک حزبێکی خاوەن بیری سۆسیال دیموکرات پەروەردەیەکی نموونەیی وای لێدەخوازرێ کە پێشەنگ بێت بۆ رێککردنەوەی ئەو کەموکووڕییانە، چونکە غیابی یەکێتی لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو زەمینەیەی دروستکرد بۆ شێواندن و ئەوەش تەنها بە یەکێتی راست دەکرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر