ئەی چەکی بە مۆڵەت چی؟

10:00 - 2022-07-05
فەلاح کەریم
1140 خوێندراوەتەوە

بەکارهێنانی چەک لە هەر کوێ و بە هەر مەبەستێک بۆ کوشتن و ترس و تۆقاندنە، خۆ ئەگەر ئەم چەکە شەرعێتێکیشی هەبێت، ئەوە کارەساتەکە جەرگبڕتر و بە ئازارترە. 
بارودۆخە تایبەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و واقیعی سیاسی وایکردووە کورد هەمیشە هەست بە پێویستی چەک بکات، بۆ بەرگری یان بۆ هێرش، بەڵام لە راستیدا ماوەیەکی زۆرە ئەو بیانووە نەماوە و دەبوو لە زووەوە حکومەت پلانی کۆکردنەوە و کۆنترۆڵ و دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەکانەی هەبووایە. ئێستاش درەنگ نییە، چەک لای تاکی ئێمە کارەساتی زۆر و پڕ ئازاری خوڵقاندووە و شیرازەی خێزان و ئاشتی کۆمەڵایەتی خستۆتە مەترسییەوە و بۆتە هەڕەشەی جدی لەسەر کۆمەڵگە و تەنها ئەوانەی لێ بەدەرن کە خۆیان لەگەڵ چەک و بێ یاساییدا دەژین و دەیانەوێ ئەو رۆژگارە هەروا بەردەوام بێت.
بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی لە رووی ئەرکەوە دەبێت لێبڕاوانەتر و بەهێزتر و پێشکەوتووتر لە رابردوو ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و بەڕاستی ئیش بۆ ئەوە بکرێت دەستی حزب کەمتر بکەنەوە و بەرەو چەمکی حکومەتی خزمەتگوزار و خۆشگوزەرانی بچن. 
خودی حکومەت لە بۆشایی یاسا و رێنمایی دەربهێنرێت و (دەستوورێک ئەگەر کەموکووڕیشی هەبێت ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی مەرجەعی یاسایی هەبێت). ئەگەرچی ئەم بابەتە زۆر لەگەڵ ناوەرۆکی نووسینەکە نایەتەوە، بەڵام یەکێکە لە سەرچاوەکانی دەسەڵاتداری لە کوردستاندا. 
ئەوەی گرنگە بابەتی چەک و کۆنترۆڵکردنە و بە پلەی یەکەم وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەگرێتەوە. بەشێکی زۆری ئەو چەکانەی لەماڵەکان و لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا هەیە و هەڕەشەیان پێدەکرێت و هاووڵاتیانیان پێ دەترسێنرێ و دەکوژرێن، ئەو چەکانەن کە لە دەستی کارمەندانی ئەم دوو وەزارەتەدان و لەگەڵ خۆیان دەیانبەنەوە ماڵەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەبنەوە و دەکەونە بەردەستی ئەو کەسانەی کە هەستی لێپرسراوەتی کۆمەڵایەتییان نزمە یان نییە و کارەساتی کۆمەڵایەتی پێ دەخوڵقێنن. 
ئەوەی ئێستا دەکرێت بۆ دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت شتێکی باشە، بەڵام چڕتر و زیاتری دەوێ و لە پاڵیشیدا گرنگترە هەردوو وەزارەت پلانی خۆیان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی مۆڵەتداری خۆیان هەبێت، بە پێی ئامارەکانی پۆلیس ئەو رووداوانەی بە چەکی بێ مۆڵەت دەکرێن کەمترن لەوانەی بە چەکی مۆڵەتدار دەکرێن، واتا دەبێت تەنها هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت نەبێت بەڵکو مۆڵەتدارەکانیش سنووردار بکرێن.

چەک لای تاکی ئێمە کارەساتی زۆر و پڕ ئازاری خوڵقاندووە و شیرازەی خێزان و ئاشتی کۆمەڵایەتی خستۆتە مەترسییەوە و بۆتە هەڕەشەی جدی لەسەر کۆمەڵگە

وتارەکانی نوسەر