ئۆجەلان لە پەیامە كورت و پڕ ماناكەیدا، خوێندنەوەیەكی زانستی و فەلسەفی و شرۆڤەیەكی مێژوویشی بۆ ئەو دەمەی پەكەكەی تێدا دروستكرا كردووە، هەر لە هۆكار و ئەو شەوەزەنگەی نكووڵی كراوە لە مافی كورد لە توركیادا، بەڵام ئێستا ئەگەر دۆخێك هاتبێتە ئاراوە، كورد وەكو هاووڵاتی بناسرێت و زەمینە بڕەخسێنرێت بۆ كەشی دیموكراسی و سیاسی، ئیدی پێویست بە چەك و توندوتیژی ناكات .
هەرچەندە لێكدانەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم پرۆسە دەكرێت و گومانی لەسەر دروست دەكرێت، هەر لە ئێستاوە چ لەوەی ئۆجەلان دیلەو مافی ئەوەی نییە بڕیاری چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بدات، بەڵام گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای 7 ئۆكتۆبەرەوە، و كەوتنەبەرباسی دۆزی كورد لە سەرئاستی جیهان و دەستپێشخەرییەكەی دەوڵەت باخچەلی و پشتگیری ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لێی، ئەوە دەهێنێت كورد ئەو هەلە لە دەست نەدات و دەست بەڕێگای ئاشتییەوە بگرێت، خۆ لە پێنج دەیەی رابردووی شەڕ و بەرەنگاری نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا، دەستكەوتێكی سیاسی ئەوتۆ بە دەست نەهاتووە بۆ كورد، لە باكوور جگە لە مانەوە و پێداگری لەسەر رەوایەتی دۆزە نەتەوەییەكەی لە توركیادا، بۆیە پێویستە دەرفەتێكی تر بە ئاشتی بدرێت، دوای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی ساڵانانی نەوەدەكانی سەدەی پێشو و ساڵی 2013 بە ئاكام نەگەیشت .
رەنگە ئەردۆغان مەبەستی بێت لەڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە، خولێكی تری سەرۆكایەتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ساڵی 2028 دا بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بەڵام با كوردیش لە باكوور لە بەرامبەر ئەوەدا، مافەكانی خۆی لە دەستووری توركیادا بچەسپێنێت، ناوی پەكەكەش ئەوەندە بە پیرۆز و رێژەی سەیر نەكات و حزبێك بە ناوێكی ترەوە دروست بكات، هیچ نا سوود لە ئەزموونی حزبە ئیسلامییەكانی توركیاوە وەرگرن، كە لە نەوەدەكانی سەدەی پێشووەوە بۆ چەندین جار ناوی خۆیان گۆڕی، لەسەردەمی ئەربەكانەوە بۆ سەردەمی ئەردۆغان .
لەئەگەری سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، ئەوا گەورەترین پاساو و بیانوو لە دەست دەوڵەتی توركیا دەردەهێنرێت، بۆ دەستوەردان لە كاروباری رۆژئاوا و باشووری كوردستان، لای هەمووانیش روون و ئاشكرایە چۆن هەزاران هاووڵاتی لە لە باكوور و هەروەها لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی ئەو شەڕەی پەكەكە و دەوڵەتی توركیا، لە خۆرئاواش بە هەمان شێوە .