ناكرێت و نابێت سەروەری و دەستكەوتەكانی راپەڕینی ئازاری 1991ی خەڵكی كوردستان، ببەسترێنەوە بە كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە
سی و چوار ساڵ بەر لە ئێستا، خەڵكی كوردستانی باشوور لە یەكەم دەرفەتدا كە بۆیان رێكەوت، راپەڕین، من نامەوێت باسی هەل و مەرج و هۆكار و ئەوە كێ كردی بكەم، ئەوانە بابەتگەلێكن بەدرێژایی ساڵانی پێشوو زۆریان لەسەر وتراوە، بۆیە ئەوە كاردانەوە و ئەركی نەوەی ئەو دەمە بوو بۆ ئەنفال و كیمیاباران، بۆ ئەوانەی نەیان بیستووە یان خۆیان و كەسوكاریان ئەو چەرمەسەری و مەینەتەیان نەبینیووە، با ئەو مێژووە بخوێننەوە، سەدان كتێبیان لەسەر نووسراوەو دەیان فیلم و دۆكۆمینتیش هەیە لەسەری، چ ناوخۆیی یان تەنانەت بیانیش، كە باس لە جەور و ستەمی ئەو قۆناغە دەكەن.
ئەوەی من دەخوازم باسی بكەم، لەم یادە شكۆدارەدا، ئەوەیە، كە ناكرێت و نابێت سەروەری و دەستكەوتەكانی راپەڕینی ئازاری 1991ی خەڵكی كوردستان، ببەسترێنەوە بە كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە، چونكە ئەوانەی گیانی خۆیان بەخشی پێش سی و چوار ساڵ، بۆ ئازادی و دادپەروەری و مانەوەی نەتەوەی كورد بوو، چونكە مانەوە و بوونی ئەم گەلە لە مەترسیدار بوو لە عیراق، كەسیش بەتەمای پلە و پۆست و ئیمتیاز نەبوو، باسكردنی ئەو دۆخەی كە خەڵكی تێدا دەژیا ئەوكات، ئاسان نییە بۆ نەوەی ئێستا، كێشەی خەڵك مووچە نەبوو، مەسەلەی مان و نەمانی ئەم میللەتە بوو.
لایەنی دووەمی باسەكەم، كەموكورتییەكان و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەوە بابەتێكە دەبێت ئەوانەی حوكمڕانی هەرێمن، شان بدەنە بەری و وەڵامی گلەیی و گازندەو كەموكورتییەكان بدەنەوە، نەوەك شۆڕشگێڕانی ئەو دەمە ئۆباڵەكەی هەڵبگرن و هەموو كورتییەكانی ئێستا بخەنە سەرشانی ئەوان، ئەوە لۆجیك و بۆچوونێكی ڕەواو هەق نییە.
چونكە قەیرانەكانی ئێستا شاراوە نین لە خەڵك و قەیرانی جددین، فاكتەر و بكەرەكانیشی دیارن، دۆخی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش كاریگەری خۆیان هەیە، خۆ لە بانگەشەكانی هەڵبژاردنی 20/10/2024 دا، بە ئاشكرا لایەنێكی گرنگ و هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، دروشمی راستكردنەوەی رێڕەوەی حوكمڕانی بەرز كردەوە، ئەوەش بۆخۆی داننانە لەسەر بوونی كێشەی گەورە لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا.