(39)
خوێندن و خۆ رۆشنبیرکردن یەکەم هەنگاوی کچانە، بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو، لەگەڵ دروستکردنی داهاتوویەک سیماکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی تێدا کاڵ بکرێتەوە
خوێندن یەکەم چەکی مرۆڤە بۆ ئازادبوون چ لەسەر ئاستی خود چ لەسەر ئاستی گشتیی، بۆیە گومانی تێدا نییە بەهێزترین چەکی مێینە لەبەردەم رەگەزی بەرامبەر و کۆمەڵگەی پیاوسالاردا، خوێندن و زانستە.
خوێندن واتا خوێندنی ئەکادیمیی هەروەها خۆ رۆشنبیرکردن و خوێندنەوە و ئاگاداربوون دەربارەی زانست و دنیای دەرەوە و ئەوەی لە جیهانی مۆدێرندا دەگوزەرێ، بەڵام بەداخەوە نەک کچان و ژنانمان، بەڵکو کۆی کۆمەڵــــــــگەی رۆژهەڵاتیی و بەتایبەت ئەم هەرێمە، ئــەوەی کەمتـــرین گرنــــگی پێدەدەین خوێندنەوە و خۆ رۆشنبیرکردنە، هاوکات بــــە رای من خوێندن هــــەر ئەوە نییە ببیتـــە خاوەن پلە و بڕوانامەی باڵا، ئەگەر خوێندنەوە و خۆ ئەبدەیتکردنەوەی بەردەوامـــــی لەگەڵدا نەبێت جــا لـــە هەر پســـپۆرییەکدا بیت، چونکـــــە وەک ئەوە وایە پزیشکێک لەبری نوێترین چارەســــەر بـــۆ نەخۆشـــــییەک چارەسەرێکی سەدەی رابردووت بۆ بنووسێت، بۆیە خوێندن و خۆ رۆشنبیرکردن بۆ ژنان و کچان یەکێکە لە مەرجەکان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و ئەو ئازادییەی تێیدا سنوور و کەلتوری کۆمەڵگەی تێدا پارێزراو بێت.
هەلی خوێندن و خۆ رۆشنبیرکردن یەکەم هەنگاوی کچانە، بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو، لەگەڵ دروســــتکردنی داهاتوویــــەک سیماکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی تێدا کاڵ بکرێتەوە و یەکسانیی جێندەریی و یەکسانیی لە ماف و ئەرکی تێدا بێتە دی. دەبینین لە زۆر لە وڵاتە دواکەتووەکاندا مەسەلەی خوێندن بۆ کچان یەکێکە لە تەحەدا گەورەکان و دواکەوتوویی خێزانەکان و زوو بەشودانیان بەربەستن لەبەردەم کچاندا بۆ ئەوەی بخوێنن چ جای بگەن بە بڕوانامەی باڵا، بەڵام خۆشبەختانە تا راددەیەکی باش لە هەرێمی کوردستاندا زۆر کەم رێگریی لە کچان دەکرێت بۆ خوێندن، ئەو هەموو خانمە گەنجەی ئێستا خاوەن بڕوانامەی باڵا و ئاستی بەرزی رۆشنبیریین شایەتی ئەوە دەدەن، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەردا ئەوەی بۆتە بەربەست لەبەردەم کۆی خوێندکاران و کچان بەتایبەتی بایکۆت و پەکخستنی بەردەوامی پڕۆسەی خوێندنە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو نەوەیە دەردەکەوێت، ئەو نەوەیەی زۆربەیان لەبری چوونە خوێندنگە بە سۆشیال میدیا و لایڤە ئاست نزمەکانی تیکتۆکەوە خەریکن و هەموو ساڵێک بە خوێندنێکی سەرپێیی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکەن، بێ ئەوەی دەربارەی خۆراکی رۆح کە خوێندن و زانستە هیچی وا فێر ببن، کاریگەرییەکانیشی لە داهاتوودا لەشێوەی جۆرەها نەخۆشیی جەستەیی و دەروونییدا دەردەکەوێت و تاوانباری یەکەمیش دەسەڵاتە.