مێژووی کۆنفرانسەکانی شاخی لێدەرچێت، هەموو کۆنگرەکانی شار و دوای قۆناغی ئازادی، هەموو کۆنفرانسە محەلییەکانی ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەکان تەنها بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بووە لە کەرت و کۆمیتە و مەڵبەند و مەکتەبەکاندا، ئەوەش وایکردووە کەمترین پێشنیاز و راسپاردە لە ئەندامان و ئۆرگانەکانی خوارەوەی ی.ن.ك بگاتە ناو کۆنگرە تا وەک نەخشەڕێگایەکی حزبییانە راسپاردە و پێشنیازەکان بەهەند وەربگیرێت و لەچوارچێوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی حزبدا شوێنیان بکرێتەوە و فۆرمەڵە بکرێن.
دەشێت زۆرێک لە هەڤاڵان ئەندامانی ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی کە بەشداربوون لە یەکەمین دیداری یەکێتیدا چ لەسەر ئاستی دیدارە محەلییەکان و چ لەسەر ئاستی دیدارە گشتییەکەش دوودڵی و دڕدۆنگییەکیان هەبووبێت لەوەی کە ئەو گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و راسپاردانەی بەرزدەکرانەوە، تەنها سەرقاڵکردنیان بێت بە دۆخەکەوە یان هەندێکیان چووبنە ژێر کاریگەریی هەندێک قسە و قسەڵۆکی نەیاران و ناحەزانی یەکێتییەوە کە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە گوایە ئەو دیدارە تەنها بۆ شەرعییەتدانە بە سەرۆک و ئەو سەرکردایەتییەی کە هەیە و ئامانج لێی دواخستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییە، بەڵام هێندەی نەبرد هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بوونە بڵقی سەر ئاو، چونکە لەلایەک دیداری گشتی سەلماندی کە راسپاردە و پێشنیازی هەموو کۆمسیۆنەکان رادەستی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کران و ئاماری هەڤاڵانی بەشداربوو ئاشکرا کرا کە نزیکەی (16) هەزار هەڤاڵ لەسەرجەم ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی بەشداربوون، لەلایەکی دیکەشەوە هەموو ئەو هەڤاڵانە هەم شوێن پەنجەی خۆیان و دیدگای خۆیان بۆ نوێبوونەوەی حزب لە پەیڕەو و پڕۆگرامی پەسەندکراوی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیدا بینییەوە، هەمیش کۆنگرەکە جیاواز لەوانەی پێشتر هەم لەوادەی خۆی زووتر بەسترا و هەم زۆرترین مشتومڕ و گفتوگۆی ئازادانەی تێدا کرا.
ئەوەی لێرەدا شایانی ئاماژەپێکردنە، دووەمین دیدار لە قۆناغێکی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت لەلایەک یەکێتیی دوای پێنجەمین کۆنگرە خۆی مشتوماڵ کردووەتەوە، یەکێتییەکە لەسەر ئاستی ناوچە دابڕێنراوەکان حزبی کوردیی یەکەمە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش پێگەی خۆی بەهێزتر کردووەتەوە لە جاران و رۆڵی کاریگەر دەبینێت لە داڕشتنەوەی ژیانی حزبایەتی و هاوسەنگکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی.
دەرهاویشتەکانی دوای یەکەمین دیدار و پێنجەمین کۆنگرە و سەرکەوتنەکانی یەکێتی لە دوو هەڵبژاردنەکەدا، گوڕو تینێکی زیاتر دەدات بە هەڤاڵان لە ئاست و ئۆرگانە جیاجیاکاندا کە بەئومێدی زیاترەوە کار بۆ سەرخستنی دووەمین دیدار بکەن وەک دووەمین وێستگەی نوێبوونەوە و هەڵگێڕانەوەی شێوازی کاری حزبی لە بنکەوە بۆ لووتکە کە لەوەشدا هەر ی.ن.ك رۆڵی پێشەنگانە دەبینێت بەراورد بە نەزمی حزبایەتی لە باشووری کوردستاندا.