مێژووی بەریەککەوتنی کورد وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو و ستەملێکراو لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی نەتەوە سەردەستەکانی ئەو وڵاتانەی لە ئەنجامی ململانێ سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکاندا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، چەندە تەژییە لە توندوتییژیی و کۆمەڵکوژیی و جینۆساید لە دژی کورد، هێندەش نموونەی مرۆڤانەی تێدایە کە دەکرێت پەندی پێویستیان لێ وەربگیرێت تا لە داهاتوودا باڵانسی ئەو لایەنە مرۆییە زاڵبکرێت بەسەر لایەنە شەڕانگێزیی و نامرۆڤانەکاندا.
دوو نموونەی خێر و شەڕ
دوو نموونەی زۆر نوێمان لەو دوو حاڵەتە لەسەرەتای ئەمساڵدا بەدیکرد کە دەشێت لە دوو ستوونی جیاوازی بەراوردکاریدا دایانبنێین و بیانکەینە سەردێڕی ئەو دوو حاڵەتە، تا لەو سۆنگەیەوە بڕیار لەسەر کۆی دیاردەکان بدەین کە تاچەندە لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی لە پەیوەندیی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکاندا هەیە و تا چەندیش سیاسەت و بەرژەوەندییەکان رۆڵیان بینیووە لە تێکدان و هێشتنەوەی گرژیی و ئاڵۆزیی لە پەیوەندیی نێوان ئەو نەتەوە و پێکهاتانەدا؟!.
نموونەی یەکەم نموونەی خاتوو (بەراء)ە کە کارم بەسەر ئەوەوە نییە ئاخۆ هەر بەڕاستی کچە کوردێکی کەسوکار ئەنفالکراوە یان بە رەگەز تورکمانە، ئەوەی بەلای منەوە وەک کەسێک کە لەڕووی مرۆییەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەم ئەو حاڵەتە مرۆڤدۆستانەیەیە کە لە چیرۆکەکەیدا بینیمان و بیستمان.
بەراء نموونە نوێیەکەیە
بەگوێرەی حیکایەتی ژیانی ئەو خاتوونە، ماڵباتی (بەراء) لەو هەزاران ماڵباتەن کە لەلایەن رژێمی رووخاوی بەعسەوە کەوتوونەتە بەر شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال و دایکی لە زیندانی (مەرکەز شەباب)دا کەوتووەتە سەر ژانی منداڵبوون و (بەراء)ی کۆرپەی لێوە دێتە دنیا، بەڵام ستەمکارە بەعسییەکان زۆر خوێن ساردانە و نامرۆڤانە، دوای لەدایکبوونی کۆرپەکە دایکەکەی دەبەنەوە بۆ زیندان و (بەڕاء)ی کۆرپە لە نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە قەدەر دەسپێرن و لەوێ ژن و مێردێکی پەرستار و برینپێچ لە نەخۆشخانەکە سەرەڕای مەترسیداریی دۆخەکە لەسەر ژیانیان، بەخێوکردنی ئەو (کۆرپە کوردە) لەئەستۆ دەگرن و دەیکەنە منداڵی چوارەمی خۆیان، بەجۆرێکیش پەروەردەی دەکەن کە لە (1988 تا 2025) و کاتی هاوسەرگیرییەکەی هەست بەوە نەکات کە منداڵی ئەو ماڵە نییە!.
ئەوە لەکاتێکدا ئەگەر بە پێوەری سیاسیی ئەم سەردەمە نەگریسە هەڵسەنگاندن بۆ چیرۆکی ژیانی (بەڕاء) بکرایە، دەبوو ئاراستەی چیرۆکی ژیانی ئەو خاتوونە پێچەوانە ببووایەتەوە بەوپێیەی هەنووکە لە پێناسەی بازاڕی زۆربەی سیاسییەکانی عیراقدا تورکمان و کورد دژی یەکترن! کە ئەوە تەنها دروستکراو و دەستکردی سیاسییەکانە، نیو هێندە تەعبیر نییە لە واقیعی حاڵ.
مەرج نییە ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی رێگری لە کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەن، بە فەرمانی سەرووی خۆیان و حکومەت بێت، یان جەنگی کورد و عەرەب بێت، بەڵکو کوڕی ئەو عەشیرەتە هاوردانەن و پلە و پۆستە سەربازییەکەیان بۆ ئەو کارە لە دەرەوەی یاسا بەکاردەهێنن
ئایدن مستەفا نموونەی پێشووتر
پێش ساڵی 1988یش فڕۆکەوانێکی تورکمان بەناوی ئایدن مستەفا خەتیب لەسەر جێبەجێ نەکردنی فەرمانی سەربازی سەبارەت بە بۆردومانکردنی گوندەکانی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان دەخرێتە زیندانەوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بەسەردا دەدرێت و ساڵی 1988 لەسێدارە دەدرێت.
لەخۆگرتنی منداڵانی کورد و ئاشکرابوونیان
هەر ئەو نموونەیە نموونەی دیکەی مرۆڤدۆستی و نەریتی پێکەوەژیانی دوور لە ملکەچبوون بۆ فەرمانی سیاسییەکان بەشوێن خۆیدا دەهێنێت، وەک ئەو خێزانەی لە سنووری شاری سەماوە لە پەراوێزی گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا پاراستن و تیمارکردنی تەیموریان لەئەستۆگرت و تا بەسەلامەتی رادەستی کەسوکاریان کردەوە کە ئەوەش لەلایەک نموونەی مرۆڤدۆستیی خێزانێکی عەرەبە لەو رۆژگارەدا کە رەنگە لە ئەگەری ئاشکرابوونیاندا باجەکەی سەر و ماڵیان بووایە.
هاوکات رەنگە چەندین کوردی خۆفرۆش هاوکار و چاوساغی ئەو هێزانە بوون کە ئەو خێزانانەیان زیندەبەچاڵ دەکرد.
هەر ئەوە راماندەکێشێت بۆ سەرگوزشتەی ئەو کچ و کوڕە منداڵ و کۆرپانەی لەدوای کیمیابارانی هەڵەبجە کە بەخێوکردنیان لەلایەن چەندین خێزانی فارس و ئازەرەوە لە ئێران گیرایە ئەستۆ و بەم دواییانە ئاشکرابوون.
خێزانە عەرەبەکان و هەندێک لە ئێزدییەکان
لە چیرۆکەکانی جینۆسایدی ئێزدییەکانیشدا راستە ژمارەی قوربانییەکان کەم نین، بەڵام ژمارەی ئەو کچ و ژن و منداڵانەش کەم نین کە لەلایەن چەند خێزانێکی عەرەبەوە پارێزران و پاش هێوربوونەوەی دۆخەکە دەربازکران بەرەو کوردستان و ناوچەکانی نشینگەی ئێزدییەکان.
نموونەی دووەم لەم نزیکانەدا نموونەی ئاڵۆزییەکانی گوندی شەناغە و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچە جێناکۆکەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوورەکانی داقوق و مەخمور و...هتد-ە، ئەم دیاردەیە بەرلەوەی ئۆباڵەکەی بدەینە پاڵ عەرەب، دەبێت خوێندنەوەیەکی سیاسیی بۆ بکەین، چونکە نابێت بیرمان بچێت کە راستە ئەو زەوییانە هی کوردن، بەڵام رژێمی سیاسیی پێشوو کوردی لێ دەربەدەر کردووە و داویەتی بەو عەرەبانەی خۆی مەبەستێتی واتە (بەعسین)، کەوابێ ئەوەش هێندەی مۆرکێکی سیاسی لەخۆدەگرێت، هێندە مۆرکێکی نەتەوەیی و ئیتنیکی لەخۆی ناگرێت، جا لەوە گەڕێ رژێمی سیاسیی ئێستاش بۆئەوەی لە چوارچێوەی ماددەی 140دا ئەو ناوچانە لەدەست نەدات چاوپۆشی لەو سەرکێشییانە دەکات کە عەرەبە هاوردەکان دەیکەن لەبەرامبەر خاوەنە راستەقینەکانی ئەو زەوییانە. بەڵام ئەگەر حکومەتی ئێستا بیەوێت، ئەوا یاسای نوێی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (مەجلیسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە)ی لەبەر دەستدایە و دەتوانێت زۆر بەئاسانی ئەو زەوییانە بەگوێرەی بەڵگە و خاوەندارێتی بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانی.
گرفتی زەویوزار، گرفتی خزمەکانیشە
گرفتی زەویوزار تەنها پەیوەست نییە بەو ناوچانەوە، هەر لەناو هەرێمی کوردستاندا رۆژانە و مانگانە چەندین رووداوی شەڕ و پێکدادان دەبینین و دەبیستین لەنێوان دوو ماڵە برا و ئامۆزا و خزمدا لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی کە بەداخەوە هەندێکیان کوژراو و برینداریشیان لێ دەکەوێتەوە و هیچ پەیوەندییەکیان نە بەپێکهاتەکانەوە هەیە و نە پەیوەندییان بە رژێمە سەردەست و داگیرکەرەکانی کوردستانەوە هەیە، بەڵکو شەڕێکی ئابووریی نێوان یەک بنەماڵەیە، کە رەنگە هەندێکیان لەناو هێزە ئەمنی و سوپاییەکاندا پلە و پایەیەکیان هەبێت و هێز بەرامبەر ئەوانی دیکە دەجووڵێنن!
کەوابێ مەرج نییە ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی رێگریی لە کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەن بە فەرمانی سەرووی خۆیان و حکومەت بێت و جەنگی کورد و عەرەب بێت، بەڵکو کوڕی ئەو عەشیرەتە هاوردانەیە و پلە و پۆستە سەربازییەکەی بۆ ئەو کارە لەدەرەوەی یاسا بەکاردەهێنێت.
دەبێت دوو ستوونی بەراوردکاری لەپێش چاومان دابنێین تا بزانین چەندە لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی لە پەیوەندیی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکاندا زاڵترە بەسەر سیاسەتی سیستمە حوکمڕانەکان لە تێکدان و دروستکردنی گرژیی لە پەیوەندیی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکاندا؟
بە کوردی و بە پوختی، بۆ ئەوەی کورد وەک نەتەوە نەکەوێتە داوی سیاسییەوە، ئەو هێڵە باریکە جیاکەرەوەیە ببینێت کە لەنێوان نەتەوەیی بوون و شۆڤێنیزمدا هەیە، چونکە مرۆڤایەتی لەنێوان هەموو نەتەوە و ئایینەکاندا هەیە و هەمووشیان نەتەوەی خۆیانیان خۆش دەوێت، بەڵام ئەوە سیاسەتی شەڕانگێزیی رژێمە سەردەستەکانە دەیەوێت پێناسەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەیی بوون لە شۆڤێنیزمدا چڕبکاتەوە و رۆڵەکانی نەتەوەکەی بەو گیانە گۆش بکات، بۆیە با ئێمەی کورد لەو تەڵەیە بەئاگابین و هەمیشە کار لەسەر پووچەكردنەوەی بکەین.