جەمال ئارێز
زۆر خوێندنەوەی نوێ بۆ زۆر کەسایەتی و سەرکردە دەکرێت کە تەمەنی ئەوانەی خوێندنەوەکەی بۆ دەکەن، نەک چەند ساڵێک، بەڵکو چەند سەدەیەک جیاوازییان هەیە، بەڵام ئەوەی دەبێتە بنەمای خوێندنەوە کارکردنە لەسەر ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتە مێژووییانەی ئەو رۆژگارە و وەسف و پێناسەی هاوڕێ و هاوسەردەمەکانی، بەوانەوە کە لەگەڵیدا کۆک بوون و بەوانەشەوە کە ناکۆک و دژی بوون، سەرەڕای ئەوەش لە سۆنگەی بیرەوەریی کەسیی ئەو کەسانە و وەسفیان بۆ کەسایەتییەکە و دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەو رۆژگارە.
ناوەڕاستی حەفتاکان، دۆخێکی پڕ کارەسات بوو
دۆخی سیاسی لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا
وەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد، شێوازی خوێندنەوە بۆ هەر کەسایەتیی و دۆخێک، چەند رەهەندێک دیاریی دەکات.. رەهەندێکیان قۆناغە مێژووییەکەیە، ئەوی تریان شایەتحاڵەکانی قۆناغەکە و گێڕانەوەی ئەو کەسایەتییانەیە کە هاودەمی قۆناغەکە و کەسایەتییەکە بوون، رەهەندێکیشیان پۆلێنکردنی باسوخواسەکانە لەسەر هەردوو رەهەندەکەی دیکە لە گۆشە نیگا جیاوازەکانەوە لەسەر بنەمای فیکری سیاسی و ئایدیۆلۆژی و خێزانی و هاوڕێیەتی.
نەک هەر سیمبولە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن و دژبە رژێمی (بەکر - سـەدام)، بەڵکو بەشێک لە شارەزایانی مێژووی سیاسیی بێلایەن لە عیراق و کوردستان و بگرە بەشێک لەوانەش کە تا دوا ساتەکانی تەمەنیان بەهەر هۆکارێک بووبێت لەناو کایەی سیاسی و کارگێڕیی رژێمی بەعسدا کاریان کردووە، لەسەر یەک خاڵ کۆکن، ئەویش ئەوەیە کە نیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی رابردوو شایەتی نالەبارترین و دڕندەترین رژێمی سیاسی دەدەن کە تا ئەو سەردەمە لە عیراقدا فەرمانڕەواییان کردووە، تەنانەت هەمووان لەسەر ئەوەش کۆکن کە نەک کەسایەتی و گروپی بچووکی سیاسی بەرگەی ستەم و داپڵۆسینەکانی ئەو رژێمەیان نەگرتووە، بەڵکو توانا سیاسی و ئابووریی و دیپلۆماسیی و سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەو رژێمە لە ئاستێکدا بووە کە حزبە تەقلیدی و خاوەن بنکە جەماوەرییە فراوانەکانیش خۆیان لەبەردەم جەبەروتیدا نەگرتووە و بە موعجیزە هەندێک لە سەرکردە و کادرەکانیان توانیویانە خۆیان لەدەستیان دەربازبکەن، ئەوە ئەگەر چانسی دەربازبوونیان بۆ رەخسابێت.
شاسوارێکی سیاسیی ئارام، رابەرێکی بەسەلیقەی شۆڕش
لەو قۆناغە هەستیارەدا کە لەسەر ئاستی عیراق و باشووری کوردستانیش یـار و نەیاری رژێمی پێشوو ئاماژەی پێدەدەن، دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تێکەڵبوونی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بەو یەکێتییە چەندە گرنگ بووە، لەو سەرەتایەدا دەستگیرکردنی سەرکردەکانی کۆمەڵە و ئاشکرابوونی کادرە پێشکەوتووەکانی و ترازانی رایەڵەکانی رێکخستنی ئەو بـەرە نوێیە هێندە دژوار بووە، بەجۆرێک نزیکبووە لە هەرەسێکی ترەوە، بەڵام 1975وەک ئەوەی ساڵی هەموو ئەوانەی هاوبیری ئارامی سەرکردە و ئەوانەش کە لەڕووی بیروباوەڕەوە جیاوازبوون لەگەڵیدا، شایەتیی ئەوەی بۆ دەدەن کە گەنجێکی تازە پێگەیشتوو و بە ئەزموونێکی شاردراوە لە کاری سەرکردایەتیدا بە پلەی یەکەم، نەک هەر دەبێتە کۆڵەکەی رێگرتن لە هەرەسی دووەم، بەڵکو نوێگەرییش لە داڕشـتـنـەوەی هەیکەلی رێکخراوەکەدا دەکات، بە داڕشتنی پەیڕەو و پڕۆگرامی رێبازی سیاسی و هەیکەلەی رێکخراوەیی و لەسەروو ئەوەشەوە بەبێ شارەزایی پراکتیکی لە پێکهێنانی هێزی چەکداریی و بەسوودوەرگرتن لە شۆڕشە رزگاریخوازەکانی ئەو سەردەمەی جیهان و گونجاندنی لەگەڵ زەمینەی نالەباری کوردستانی دوای ئاشبەتاڵ و لەسەر ئەرزی واقیع، پەیڕەو و پڕۆگرام بۆ هێزێکی چەکداری شۆڕشگێڕ دادەڕێژێت و هەر بە راستی لە پراکتیکیشدا دەیکاتە هێزێک کە بۆ ئەو سەردەمە چالاکییە پێشمەرگەییەکانیان بە بەراورد بە قەبارەی هێزەکە و قەبارەی هێزەکانی دوژمن، مایەی بەراوردکردن نەبووە.
نە لەوپەڕی دەسەڵاتی رژێمدا و نە دواتریش، کەس زاتی ئەوەی نەکرد شەهیدکردنی ئارامی سەرکردە بخاتە ئەستۆی خۆی یان شانازیی پێوەبکات تا لەلای رژێم میدال و خەڵاتی پێ وەربگرێت
بەهێزێکی بچوکەوە دوژمنی تۆقاند
ئەم هێزە چەکدارە قەبارە بچووکە پڕ ورە و وزەیە لە سەرتاسەری باشووری کوردستان و بگرە تا بەغداش هێزسالاری و لووتبەرزیی سوپایی و ئەمنیی رژێمی عیراق تێکدەشکێنێت. بۆیە جێی خۆیەتی بە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەوانە شاسوار جەلال-ی سەرکردە بە شای دەستپێکردنەوە و ئامادەسازیی شۆڕش ناوزەد بکەین، ئەوەش لە زاری دۆست و نەیارەکانییەوە کەس لاریی لەو رۆڵە پێشڕەوانەیەی نییە، چونکە هەموو ئەوانەی هاوڕێ و هاوخەباتی ئارامی سەرکردە بوون، کۆکن لەسەر سەلیقە و سەرڕاستیی و وردبینی و ژیریی ئەو سەرکردە گەنجە، ئەو بەجۆرێک کارایی خـۆی سەلماندووە، ئەوانەشی لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵیدا کۆک نەبوون، نکۆڵی لە ژیرییەکەی لە داڕشتنی ستراتیژ و تاکتیکی قۆناغەکاندا ناکەن و تەنانەت هەندێکیان لە نووسین و بیرەوەرییەکانیاندا دان بەوەدا دەنێن کە ئەگەر ئەوکاتیش دید و تێڕوانینەکانی ئەو سەرکردەیەیان پێ پەسەند نەبووبێت، ئەوا رووداوەکانی دواتر و لێکەوتەی هەنگاوە هەڵەکان راستیی تێڕوانین و دنیابینیی ئارامیان سەلماند کە ئەو بەر لە روودانیان پێشبینیی کردووە.
هەرچی نەیارە سیاسییەکانی ئارامی سەرکردە و بکوژەکانیشێتی، بەوپێیەی دەرکەوت دژی چ سـەرکـردەیـەک بـوون و یان چۆن کەسانێک هەبوون زاتی ئەوەیان کردووە ئەو سەرکردە کارێزمایە شەهید بکەن بەبێ ئەوەی بیناسن وەک ریوایەتەکان دەیگێڕنەوە، نە لەوپەڕی دەسەڵاتی رژێمدا و نە دواتریش، کەس زاتی ئەوەی نەکرد شەهیدکردنی ئارامی سەرکردە بخاتە ئەستۆی خۆی یان شانازیی پێوەبکات تا لەلای رژێم میدال و خەڵاتی پێ وەربگرێت.
بەردەوام جێی شانازییە
وا نزیکەی 47 ساڵە بە ئاشکرا و نهێنی کە ساڵیادی ئەو سەرکردە جوامێرە دەکرێتەوە، نەوە بە نـەوەی یەکێتی و بەوانەشەوە کە ئێستا یەکێتی نەماون، هەر بە شانازییەوە باس لە وێستگەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردە ئارامە دەکەن کە رابەرایەتیی نائارامترین قۆناغی سیاسیی کردووە.
ئەوەی زیاتر مکوڕمان دەکات لەسەر ستایشی رۆڵی ئەو سەرکردەیە، ئەوەیە کە هێشتا کەسێک نەبووە و نییە پێچەوانەی ئەو ستایشە بڵێت یان بنووسێت کە بۆ ئەو سەرکردە نەمرە دەکرێت، دەنا زۆر سەرکردە و شەهیدی دیکە هەن رەنگە ناکۆکی هەبێت لەسەر رۆڵیان لە روانگەی هاوبیران و ناکۆکەکانیانەوە.
کار، نەک ناو و ناونیشان
یەکێک لـەو خەسڵەتە گرنگانەی بەگوێرەی گێڕانەوەکان و نووسراوەکانی ئەوکات و دواتریش کە لەم سەرکردەیەدا هەبووە، ئەوەیە ئەوەندەی کار و خەبات بەلایەوە گرنگ بووە بۆ بە دیهێنانی ئامانجی رەوای خەڵک و شۆڕشەکە، هێندە پۆست و پلە و ناونیشانی حزبی بەلایەوە گرنگ نەبووە، دیارە هەر ئەو خەسڵەتە گرنگەش ئەو رۆڵە شایستەیەی پێ دەدات کە بەبێ هیچ ناونیشان و پۆستێکی رەسمی، نەک هەر چووەتە ژێر باری گرانی لێکترازانی رایەڵەی رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی بەستنەوەی رایەڵەکانی رێکخستن و داڕشتنی هەیکەلەیەکی نوێ و جیاواز لە پێشتری زۆربـەی حزب و رێکخراوە تەقلیدییەکانی گرتووەتە ئەستۆ و توانیشی نەک رێکخراوە سیاسییەکە لە هەرەس و داڕمان بپارێزێت، بەڵکو توانی موتوربەی بکات بە هێزێکی چەکداری خاوەن پڕەنسیپ و دیسپلینی شۆڕشگێڕانەی ئەوتۆ کە بەعس و سەرکردایەتیی حزبەکە و دەوڵەتی عیراقی دۆستی هەردوو کەمپی خۆرئاوا و خۆرهەڵات ناچار بە پێداچوونەوە بکات بە حساباتیدا و تا چیتر لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتنی بە پیلانگێڕیی بەناو رێککەوتننامەی جەزائیر سەرمەستانە خۆشخەیاڵ نەبێت.
ئارامی سەرکردە.. خاڵێکی هاوبەش
وەک باوە زۆر جـار لـە حـزبـی خۆرهەڵاتیدا هەوڵدەدەرێت ئەوانەش کە رۆڵی سەرکردایەتییان هەبووە و کارا و لێبڕاوبوون، فەرامۆش بکرێن، بەجۆرێک لە حزوور و ژیانی خۆشیاندا بوونەتە قوربانی شەڕی جەمسەرەکان لەناو یەک حزبدا، بەڵام ئارامی سەرکردە لەوەشدا نەک کەس زاتی ئەوەی نەکردووە نکۆڵی لە رۆڵی پێشڕەوانەی بکات، بەڵکو لە غیابی خۆیدا و بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە یەکەمین کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتیی یەکێتی و جیاکردنەوەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و بزووتنەوەی سۆشیالیستیی کوردستان و هێڵی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا بە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیای ئەو سێ ئاراستەیەوە، بە ئەندامی ناوەندیی کۆمەڵە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، کە ئەوەش بۆخۆی نیشانەی کۆک بوونی کۆک و ناکۆکەکانە لەسەر کەسایەتی و رۆڵی سەرکردایەتیی ئارامی نەمر.
قەرەداغ و دوا سەرنج..
نەک وەک رەخنە لە کەسایەتیی کاک ئارام، بەڵکو لە سۆنگەی پەرۆشییەوە بۆ لەدەستدانی، هەندێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵە و یەکێتی لە ئاخافتن و گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیاندا ئەسەفی ئەوە دەخۆن کە دەبوو کاک ئارام وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو لەدوای جێگیربوونی بارەگاکانی سەرکردایەتیی لە ناوزەنگ و زەڵێ خۆی بگەیەندایەتە سەرکردایەتی و لە ناوچەیەکی مەترسیداری وەک قەرەداغی ئابڵۆقەدراودا نەمایەتەوە، بەڵام رەنگە هەر بۆخۆی بوونی ئەو سەرکردە خاکەڕایە ئەگەر بە بێ بەرنامەش بووبێت لەو ناوچەیەدا بەڵگەی ئەوەبێت کە هێشتاش ئەو سنوورە بە وەفاداریی بۆ گیانی ئەو سەرکردەیەوە وەک بنکەیەکی جەماوەریی پتەوی یەکێتی مابێتنەوە، ئەگەرچی دۆخەکەش گۆڕاوە و رەنگە هەزار و یەک رەخنە و ناڕەزاییشیان هەبێت.