پێناچێت دواکەوتنی کابینەی ئەمجارە هێندەی پەیوەستە بە دیدگای نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ چۆنێتیی پێکهێنانی کابینەکە و ئەدای حوکمڕانی، هێندە پەیوەست بێت بە پشک و ژمارەی پۆستی وەزارەت و بریکار و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە.
شێوازی ئیدارەدانی کابینەی نوێ
راستە یەکێتی و پارتی لەڕووی ژمارەی کورسییەوە یەکسان نین تا یەکێتی پەڵپی دابەشکردنی پۆستەکان بە رێژەی 50 بە 50 بگرێت وەک هەندێک لە بەرپرس و کارەکتەرەکانی پارتی ئیدیعای دەکەن، بەڵام ئەوەی یەکێتی گەرەکییەتی لەلایەک شێوازی ئیدارەدانی کابینەکەیە و لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵات و ئەدای کارەکتەرەکانی خۆیەتی کە ئەو پۆستانە وەردەگرن.
دیارە ئەو شێوازەی لە 2005 - 2013 هەبوو بەسەرچوو، چونکە:
1 - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی 2005 - 2013 بەمەبەستی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و بە خاتری هاوپەیمانیی لە لیستێکی هاوبەشدا لەگەڵ پارتی زۆرترین چاوپۆشیی لە ناهاوسەنگیی پۆست و دەسەڵاتەکان کرد و رەخنە و گازاندەکان لە دیواری ژووری کۆبوونەوە دوولایەنەکان دزەی نەدەکردە دەرەوە، بەپاساوی پارێزگاری لە یەکڕیزیی و تەبایی و تێیدا یەکێتی نەک چاوپۆشیی لەو ناهاوسەنگییەی هاوکێشەکە دەکرد، بگرە زۆرێک لە کادر و ئەندامەکانی خۆشی لەدەستدا کە بە سازشکار تۆمەتباریان دەکرد.
2 - کە یەکێتی بڕیاریدا بە لیستی سەربەخۆ بچێتە گەمەی هەڵبژاردنی 21/9/2013-ەوە کاتێکی نەگونجاو بوو، چونکە:
ا -باڵێکی بەهێز لە یەکێتی جیاببووەوە.
ب-باڵێکی دیکە لەپەڵپگرتنی جیابوونەوەدا بوو.
ج-دۆخەکە لەسەروبەندی نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلالدا بوو، سەرکردایەتیی ئەوکاتی یەکێتیش روئیایەکی هاوبەشیان نەبوو، بەجۆرێک نەک کۆنگرە، کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی یان سەرکردایەتیی یەکێتی دەبووە سەردێڕی میدیای یار و نەیار.
د-ئەو هەڵبژاردنە یەکێتیی لە هێزی دووەمەوە کردە هێزی سێیەم، بۆیە هێزەکانی دووەم و چوارەم و پێنجەمیش ئامادەییان نیشاندا بۆ بەشداریی لە حکومەت، ئەوەی پارتی ناچارکرد چاوەڕوانی یەکێتی بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم، تەنها ئەمری واقیعی سەنگی سیاسی و سەربازیی و جوگرافیی یەکێتی بوو، دەنا پارتی هەڕەشەی دەکرد بە کورسیی ئەو حزبانە و کورسیی کۆتاکان بەهەوای شان کابینەکە بەبێ یەکێتی پێکبهێنێت.
ئەو دۆخەی ئەو سەردەمە پارتیی تووشی جۆرێک لە باغربوون و بێ منەتییەک کردووە لە ئەدای حوکمڕانیدا کە هێشتاش هەندێک لە سەرکردەکان بەو تۆنە باغرییەوە لێدوان دەدەن.
دیدگای یەکێتی
کاتی ئەوەیە پارتی ئەو راستییە بزانێت و لەو دیدگا نوێیەی یەکێتی بۆ حوکمڕانی تێبگات بەتایبەتی دوای لێکەوتە و ئەنجامەکانی دوا هەڵبژاردنەکان، یەکێتی هێزی یەکەمی ناوچە دابڕێنراوەکانە، هێزی دووەمی هەرێمی کوردستانە و ژمارەی کورسییەکانی زیاترە لە خولەکانی پێشوو، پارتی هێزی دووەمی ناوچە دابڕێنراوەکانە و 7 کورسییشی لە هەڵبژاردنی هەرێمدا کەمکردووە جگە لە 11 مسۆگەرەکەی کۆتاکان و هێزەکانی دیکەش بە 10 - 15 کورسی لە دوای یەکێتییەوەن و یەکێتیی ئێستاش یەک دیدگا و یەک بڕیارە، بۆیە چیتر بەو نەزمە کۆنە ناچێتە کابینەیەکی ناهاوسەنگەوە کە هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت کە بەدەست پارتییەوەن پۆستی جێگر بەبێ دەسەڵاتی پڕبکاتەوە و لەو سەرۆکایەتییەش کە لەلای خۆیەتی سەرۆکێکی بێ دەسەڵات دابنێت بە دوو شەریکەبەشی ناهاوسەنگەوە، هەروەها لەو وەزارەتانەدا کە وەزیرەکەی پارتییە پۆستی بریکار بێ دەسەڵات بێت، بەڵام لەو وەزارەتانەدا کە پشکی یەکێتییە، دەسەڵاتی بریکار هاوتا و بگرە لەسەروو وەزیریشەوە بێت، بۆیە دەبێت پارتی لەوە تێبگات کە پێداگریی یەکێتی لەسەر دەسەڵاتی پۆستەکانە و شێوازی حوکمڕانییە، نەک ژمارەی پۆستەکان و یەکێتی کەی بزانێت وەزیرێکی پێچەوانەی بەرنامەی حکومیی کاردەکات خۆی بیگۆڕێت نەک گۆڕانەکە بە رەزامەندیی پارتی بێت، وەک چۆن پارتی لە هەرێم و لە بەغداش کادرە وزارییەکانی لە وەزیرەوە بۆ بریکار دەگۆڕێت بەبێ گەڕانەوە بۆ یەکێتی و هاوبەشەکانی دیکەی.