سیستەمی هاتوچۆی کارا و دڵنیا بریتییە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پێکهاتەی جۆربەجۆر، کە پێکەوە کاردەکەن بۆ زامنکردنی جوڵەیەکی هاڕمۆنی و سەلامەت بۆ سوارڕەوەکان و بەکارهێنەرانی رێگەوبان و سەرەکیترینیان ئەمانەن:
1 - بونیادی بنچینەیی: نەخشەسازیکردنی باشی شەقام و رێگەوبانەکان، بوونی یەکتربڕی چاک و گونجاوی زامنکراو بە هێما و هێڵەکانی هاتوچۆ و ترافیک لایت، دەستەبەرکردنی شۆستە و شوێنی پەڕینەوە، زامنکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی خێرایی لە رێگەی تاسەی دەستکرد و تەسککردنەوەوە.
2 - یاسا و رێنماییەکان و چاودێریکردن: یاسایەکی گشتگیر کە هەموو لایەنەکانی هاتوچۆ لەخۆبگرێت، بوونی چاودێریی چالاک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیيەکانی هاتوچۆوە لە رێگەی مەفرەزەی تایبەت و کامێراکانی خێرایی و لەیزەری سەر ترافیک لایتەکانەوە، دڵنیابوون لە مەرجەکانی توندوتۆڵیی سوارڕەوەکان.
3 - فێرکردن و هۆشیاری: پێگەیاندنی پیشەکارانە و زانستیی شۆفێرانی جۆرەکانی سوارڕەو، هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی لە ڕێگەی ئامرازەکانی راگەیاندنەوە، پڕۆگرامی رۆشنبیرکردنی منداڵان سەبارەت بە پەڕینەوە و بەکارهێنانی پاسکیل.
4 - باشڕاگرتن: باشڕاگرتنی رێگەوبانەکان و چاککردنی ئەو خەوشی و کەموکورتیانەی مەترسیدارن، دەستهێنان بە هێما و هێڵەکانی هاتوچۆدا، چاودێریکردنی کارکردنی ترافیک لایتەکان، بڕینی ئەو لق و گەڵایانەی بەربەست بۆ بینینی رێگە و هێماکان دروستدەکەن.
5 - ئامادەکاری بۆ فریاکەوتنی سەرەتایی: بوونی نەخشەی پێشوەختە بۆ بەپیرەوەچوونی دەستوبردی رووداوەکان و یارمەتیدانی تێوەگلاوان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتنی سەرەتایی، وەک: ئەمبوڵانس، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژاندنەوە، ناوەندی تەندروستی لەسەر رێگەکانی ناوچەکانی دەرەوەی شار.
6 - داتاکان و شیکردنەوە: کۆکردنەوەی داتاکان سەبارەت بە هاتوچۆ و رووداوەکان، پڕۆسەی وردبینکردنی بەردەوامی سیستەمی دڵنیایی هاتوچۆ، شیکردنەوەی داتاکان و بەکارهێنانی ئەنجامەکان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان، لێکۆڵینەوەی بەردەوام دەربارەی شێواز و تەکنیکە نوێکان بۆ باشکردنی سەلامەتی و لێهاتوویی هاتوچۆ.
7 - بەشداریکردنی کۆمەڵگەیی: بوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ هاوڵاتیان بۆ تێگەیشتن لە نیگەرانی و پێداویستیيەکانیان، رێگەدان بە بەکارهێنەرانی رێگەوبان تا بتوانن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ سەبارەت بە سەرپێچییەکان و چاککردنی کەموکوڕییەکان ئاگاداربکەنەوە.
8 - تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو: بەکارهێنانی کامێرای کۆنترۆڵکردنی تیژڕەوی و بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل، دەستەبەرکردنی ئامێرە پێشکەوتووەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی مەیخواردنەوە و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، خستنەگەڕی سیستەمی زیرەک بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ترافیک لایتەکان تا قەرەباڵغی دروست نەبێت.
گرنگیی سیستەمی هاتوچۆی کارا و دڵنیا لەوەدایە کە دەبێتە مایەی: پەرەسەندنی ئابووری لە رێگەی کەمکردنەوەی تێچوو و چاککردنی بەرهەمهێنانەوە، دەستەبەرکردنی كوالێتی ژیان، چونکە گواستنەوەی سەلامەت و دەستەبەرکراو یارمەتیدەرە بۆ گەیشتنە سەر کار و خوێندن و شوێنە گشتییەکان، ژینگەپارێزی لە رێگەی کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان، سەلامەتیی گشتی بەهۆی کەمکردنەوەی رووداوەکان و بەپیرەوەچوونی فریاگوزاریی سەرەتایی کە دەبێتە مایەی رزگارکردنی هاوڵاتیان لە مردن.
(*) شارەزای بواری هاتوچۆ