گومانی تێدا نییە، گەشەپێدانی كەرەستەكانی سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێلە نوێیەكاندا، رۆڵی زۆری هەبووە لە كەمكردنەوەی بەرچاوی مردن و پێكانە مەترسیدارەكانی رووداوەكانی هاتوچۆدا، پیشەسازانی ئۆتۆمبێل و ئەندازیار و دیزاینەرەكانی لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لەسەر گەشەپێدانی ئەو جۆرە كەرەستانە. تەكنیكە نوێیەكان پێ لەسەر دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلی سەلامەتتر و ژیرانەتر و پاك وخاوێنتر بۆ ژینگە دادەگرن. گەورە بەرپرسانی بەرنامەكانی سەلامەتیی هاتوچۆ، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە پێویستە دیزاینی ئۆتۆمبێلە نوێكان بەشێوەیەك بێت، لە كاتی لێخوڕیندا بەئاسانی كۆنترۆڵ بكرێت و لە كاتی بەیەكداماڵیندا پاراستنی تەواوەتی دەستەبەربكات، هەروەها یاریدەدەری شۆفێر بێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئۆتۆمبێل لە بارودۆخە كتوپڕەكاندا، ئەمەش بەبێ فەرامۆشكردنی لایەنی سەلامەتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر رێگەكانن. كۆمپانیا گەورەكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل و كۆمپانیا هاوكارەكانیان كاردەكەن بۆ گەشەپێدان و دروستكردنی سیستمی خۆبەخۆ یان ئۆتۆماتیكی بۆ بەپیرەوەچوونی پێداویستییەكانی سەردەم، لەوانە زۆركردنی پێداویستییەكانی سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێلدا، لە رێگەی دۆزینەوەی بیرۆكەی داهێنەرانەوە، ئینجا ئەندازەسازی و دروستكردن و باشڕاگرتن و مسۆگەركردنی توانای كاركردنی ئۆتۆمبێل. گەشەكردنە نوێیەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكان زۆر لایەنیان گرتۆتەوە. بۆ نموونە، پشتبەستن بە دیزاین بە هۆی كۆمپیوتەرەوە، كە یاریدەدەرە بۆ تێگەیشتنی قووڵتری بەشە سەرەكییەكانی ئۆتۆمبێل و دەستەبەركردنی تێڕوانینی روون سەبارەت بە ئەگەرە جۆربەجۆرەكانی داڕمانی بەشەكانی ئۆتۆمبێل لە كاتی رووداودا، ئینجا سەرلەنوێ گەشەپێدانی ئەو بەشانەی دەبنە هۆی پێكانی مەترسیدار، هەروەها گەشەپێدانی مادەی ئەو بەشانەیان لێ دروستدەكەن - لە رووی بەرگەگرتنەوە - و لە كاتی رووداودا پاراستنێكی زیاتر مسۆگەر دەكەن. شانبەشانی ئەوانە، گەشەكردنەكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل پشتیان بەستووە بە تەكنیكە نوێكانی دەستەبەركردنی چەندین كەرەستە و سیستمی پێشكەوتوو كە سەلامەتی مسۆگەردەكەن، وەك:
- كیسەكانی هەوا (ئێر باك) بۆ پاراستنی شۆفێر و سەرنشین و پیادەڕەوەكان.
- ئامێرەكانی رێنیشاندەری قسەكەر، بۆ خۆپاراستن لە سەرقاڵبوون بەهۆی تەماشكردنەوە.
- مۆنیتەری پیشاندانی پشت و پێش و تەنیشتی ئۆتۆمبێل.
- سیستمی كۆتوبەندكردنی خێرایی.
- سیستمی خۆبەخۆی كۆنتڕۆڵكردنی لایتی بەرزی ئۆتۆمبێلەكان.
- سیستمی ئاگاداركردنەوەی خۆبەخۆ سەبارەت بە رووداو.
- سیستمی رێگەگرتن لە بەیەكداماڵین.
- سیستمی دانەگیرسانی بزوێنەر لە كاتی سەرخۆشیی شۆفێردا.
- سیستمی وریاكردنەوە لە كاتی خەوبردنەوەدا.
- سیستمێكی چاودێریكردنی بەردەوامی بەشەكانی ئۆتۆمبێل.
لە هەرێمی كوردستان كاتی ئەوە هاتوو، لە بری بایەخدان بە جوانی و هەرزانیی ئۆتۆمبێل، پێ لەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دابگیرێت كە بە كوالێتی باشن و زۆرترینی ئەو كەرەستە و سیستمانە لەخۆدەگرن كە بۆ سەلامەتی هاتوچۆ و پاراستنی ژینگە سوودبەخشن.
(*) شارەزای بواری هاتوچۆ