رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ پرۆژەیەکی پێنج ساڵەی پێویستە. پرۆژەکە دەبێت خاوەن هەڵوێستێکی ئەخلاقی بێت کە دەڵێت: «نابێت هیچ کەسێک لە رووداوی هاتوچۆدا بمرێت، یان دووچاری پەککەوتنی درێژخایان ببێت.» بۆ ئەم مەبەستە گرنگە سیستمی هاتوچۆ بە جۆرێک دیزاین بکرێتەوە، کە ئەو ئامانجە بهێنێتەدی. واتە سیستمێکی هاتوچۆی دڵنیا و سەلامەت بێت و رێگە لە رووداوەکانی هاتوچۆ بگرێت، ئەگەر رووداویش پێشهات، مردن یان پێکانی مەترسیدار نەکەوێتەوە.
پرۆژەکە چوار توخمی سەرەکیی پابەندبوونی پێویستە:
یەکەم: بەرپرسان و پابەندبوون:
1- بڕواهێنانی بەرپرسان بە گۆڕینی تێڕوانینی تەقلیدی سەبارەت بە رووداوەکانی هاتوچۆ.
2- هەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ تا گونجاوبێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا.
3- پابەندبوونی بەرپرسانی سیاسی و کارگێڕی و پەیوەندیدار بە کاری هاوبەشەوە.
4- بەشداریکردنی ئامانجداری کۆمەڵگەیی بە شێوەیەک، کە ببێتە مایەی سەرکەوتنی پرۆژەکە.
5- پلاندانانی ستراتیژی کە ئامانج و هەنگاوە گونجاوەکانی تیادا بێت.
6 -دابینکردنی پێداویستییە دارایی و لۆجستیەکان.
دووەم: رێگەی سەلامەت و خێرایی دڵنیا:
1- دەستەبەرکردنی رێگەی باش و بە کوالێتی بۆ گشت جۆرەکانی بەکارهێنەرانی هاتوچۆ و زاڵکردنی گواستنەوەی بەکۆمەڵ و ژینگەپارێز و سنووردارکردنی گواستنەوەی تایبەت.
2 -دانانی خێرایی رێگەوبان و شەقامەکان، بەپێی هەڵسەنگاندنی زانستی و ستانداردی جیهانی، بە جۆرێک کە سەلامەتی هاتوچۆ و گەیشتنەجێی دڵنیا مسۆگەربکات.
سێیەم: رێبازی پشتبەستوو بە داتا و شەفافیەت و لێپێچینەوە:
1- بنیاتنانی بانکێکی داتا و زانیارییەکان بە بەشداریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
2- بەرنامەی دادپەروەرانە لە جێبەجێکردندا، بە رەچاوکردنی ئەو ناوچانەی پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، لە رووی کەمیی خزمەتگوزارییەکان و بوونی مەترسیی زیاترەوە.
3- پلانی گشتگیری هەمەلایەنی رێکوپێکی پشتبەستوو بە سەلامەتیی هاتوچۆ و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی مەترسی و کەمکردنەوەی رووداوەکان و زەبریان.
4 -پلانی خێرا و کاریگەر بۆ رووپێوکردنی ئەو شوێنانەی رووداو تیایاندا دووبارەدەبێتەوە، بۆ ئەوەی یەکێک بێت لە ئەولەویەتەکانی پرۆژەکە.
5- هەڵسەنگاندنی بەردەوامی کارەکانی پرۆژەکە و دەستکاریکردنی پلانەکان بەپێی پێداویستی و بودجە.
چوارەم: فریاکەوتنی سەرەتایی:
دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەستوبرد لە کاتی رووداوەکاندا و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەو مەبەستە.
*شارەزای بواری هاتوچۆ