بەشی زۆری وڵاتە خۆرهەڵاتییەكان گرفتی سیستەمی ئابوورییان هەیە، بەتایبەت ئەو حكومەتانەی كە لە جەوهەردا خاوەنی بازاڕی ئازادن، بەڵام لەناوەڕۆكدا خاوەنی هیچ بەرنامە و پلانێكی دروستی ئابووری نین. ئەمانەش بوونەتە هۆی داڕووخانی ژێرخانی وڵات و ناوەندە بازرگانییەكان، لەم دۆخەشدا باجەكە هاووڵاتیان و چینی هەژار و ناوەند دەیدەن.
ئەو بارودۆخە سات بە ساتیش خراپتر دەبێت و هیچ رێگەچارەیەكیش نەدۆزراوەتەوە. نموونەی ئەو رەوشە دژوارەش عیراق و هەرێمی گرتۆتەوە، بۆیە دەبینین گرانی بازاڕ و دۆخی ئابووری هەرێم، رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. حكومەت و لایەنە پەیوەندییدارەكانی هەرێم و بەتایبەتی شاری هەولێریش، هەرچەندە ناوە ناوە بڕیارێك بۆ چاككردنی دەردەكەن، بەڵام تائێستا وەك پێویست نەتوانراوە بەتەواوی قورخكاریی بازاڕ لەلایەن هەندێك لە بازرگانەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت.
بەرزبوونەوەی نرخی خواردن لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، دەكەوێتە ئەستۆی دامەزراوە رەسمییەكانی نێو وڵات كە بوار نەدات لەلایەن بازرگان و دوكانداران یاری بە بازاڕ بكەن. بەداخەوە لەبەرئەوەی لە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێردا، سیستەمێكی ناوەندی نییە بۆ دیاریكردنی نزخی كاڵاكان و چاودێریكردنی بازاڕ و سزادانی كەسانی سەرپێچیكار، وایكردووە بازرگانی بێویژدان و كاسبكاری خراپمان بۆ بەرهەمبێت، كە هیچ بەهایەك بۆ گیرفانی هاووڵاتیان دانانێن.
خۆی لە هەمووی مانگەكانی ساڵدا ئەم كێشەیە هەر بوونی هەبووە، بەڵام بەتایبەتر لە مانگی رەمەزاندا قورخكاریی لەناو بازاڕ زیاتر دەبێت. زۆرجاریش بە هۆی كەمتەرخەمی حكومەت و لایەنی پەیوەندییدارەوە، هەندێك لە بازرگان و خاوەن دوكانەكان كاڵای ماوە بەسەرچوو و خراپیش دەرخواردی خەڵكی دەدەن. لێرەدا دەگەینە ئەو راستییەی، كە نەبوونی سیستەمێكی سەردەمیانە بۆ دیارییكردنی نرخی كاڵاكان بە گوێرەی بەهاو كواڵێتییەكەی، وایكردووە هەزاران كاڵای بێ كەلك و خراپ بەسەر ئەو میللەتەدا ساخبكرێتەوە.
لەو مانگەدا شاری هەولێر بۆتە جێگەی ساخكردنەوەی خۆراكی خراپ و بێ كواڵێتی، كە بەشی زۆری بۆ هەندێك لەو بازرگانە چاوچنۆكانە دەگەڕێتەوە، كە بەداخەوە سوودیان لە نەبوونی سیستەم و بێدەنگی لایەنی پەیوەندییدار وەرگرتووە. هەرچەندە هەموو ساڵێك لە لایەن پارێزگاری هەولێر و ئیدارەخۆجێیەكانی ناو شار بڕیاری تووند دەرهەق بەو كەسانە دەركراوە، كە یاری بە بازاڕەوە دەكەن، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بە یەكجاری بنبڕبكرێت. هۆكارەكەشی بۆ كەمتەرخەمی حكومەت و نەبوونی سیستەمێكی بەهێزی چاودێریی و بێویژدانی هەندێك لەو بازرگان و كاسبكارانە دەگەڕێتەوە، كە سوود لەم مانگە وەردەگرن و نرخی كاڵاكانیان بەسەر هاووڵاتیاندا گران دەكەن.