لە دونیادا گەشەی كۆمەڵگە بەلایەنی ئاوەدانیی و باڵەخانە و رێگەوبان و جوانی شارەوە نەبەستراوەتەوە، ئەوە گەشەی تەلارسازیی و پێشكەوتنی شارنشینییە، كە زیاتر كارەكانی دەكەوێتە ئەستۆی بزنسمان و كەرتی تایبەتەوە. واتە خاوەنكار و سەرمایەدار و بۆرژوازییەكان دەچنە پشتی ئەو پرۆژانەوە، بەڵام ئەوەی بەلای خەڵكەوە گرنگ بێت، خزمەتگوزاری مرۆییە نەك دیمەنی رووگەشیانە.
بۆ نموونە سەرسامی ئێمە بە وڵاتە پێشكەوتووەكانی خۆرئاوا، خۆ لەبەر جوانی باڵەخانەكانیان نییە، بەڵكو بەهۆی خزمەتگوزارییە مرۆییەكانە، كە سەرسامین پێیانەوە. كاتێك دەبیستین دەخلی تاك گونجاوە و كرێكار دۆخی باشە و منداڵ بەهای خۆی هەیە، ژینگە و مافی ئاژەڵان پارێزراوە وتوندڕەوی ئایینی نییە و چاودێری كۆمەڵایەتی لە ئاستێكی باشدایە، بیمەی تەندروستی بەهێزە و مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەكان پارێزراوە، بۆیە خۆزگە بەوە دەخوازین لە وڵاتێكدا بژین كە سیستەمەكەی بەو جۆرە بێت، نەك خۆزگە بە دەریا و باخ و شاری چاك و بینا و رێگە و بانەكانیان بخوازین.
بە شاری هەولێر دەڵێن (دوبەی) بوونی هەولێر بە دوبەی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانی ئێمە نییە، هیچ دڵنیاییەكی ژیاریم ناداتێ، مادام لە رووی خزمەتگوزارییە مرۆییەكانەوە ژیانی خەڵك نەگۆڕێت. بۆ نموونە زۆر جار باسی ئەوە دەكرێ هەولێر و شارەكانی دیكەی هەرێم ئاوەدانییەكەی لە (بەغدا و بەسڕا و موسڵ) باشترە، پرسیارەكە لێرەدایە باشە ئەگەر دوای چەند ساڵی دیكە ئەو شارانەی عیراق توانیان ژێرخانی ئابووری شارەكەیان چاكبكەن و پرۆژەی ئاوەدانی خێرابكرێت و دواجار ببن بە شارانێكی گەلەك لە ئێستا قەشەنگ و دڵگیرتر، ئایە حكومەتی هەرێم و حزب و بەرپرسانی شارەكان بە چ زمانێك باسی ئەو جیاوازییە دەكەن، كە ئێستا هەیە؟! كەوایە پێشكەوتنی وڵات و شار، بەراوردكارییەكەی لەسەر بنەمای باڵەخانە و جوانی شار ناكرێت، بەڵكو ئەوەی دەمێنێتەوە وەك شانازی بۆ ئەو حكومەت و دەسەڵاتانە ئەوەیە چەند خزمەتگوزاری مرۆیی پێشكەش بە هاووڵاتیانی كردووە، چەند لە خەمی هەژاران و پەككەوتە و گەنجان و زانست و تەندروستیی و ژینگە و كشتوكاڵ و بەرهەمی خۆماڵیی و هەلی كار و پەروەردە و خوێندن دابووە.
ئێستا هەولێر وەك شاری سەرمایەدارەكانی لێهاتووە، دانیشتوانە رەسەنەكەی دۆخی ژیانیان وەك پێویست باش نییە و چارەنووسیان كەوتۆتە دەست سەرمایەدارە بێزەوقەكان. شارەكە دابەشبووە بەسەر، بەرەی هەژار و دەوڵەمەندەكان. خەڵكی هەولێر وەك بێگانەیەك سەیری خۆیان دەكەن، ئەو هەستە غەریبەی لەناو خەڵكە رەسەنەكەی هەولێردا هەیە، غوربەیەكی سەیرە، بۆیە ناهەقیان مەگرە كە دەڵێن: لە كۆڵان، لە شەقام، لە چایخانە، لە گەشت و سەیراندا، لە هەڵسوكەوت و پیادەڕۆییدا شارەكەم ناناسمەوە، تەنیا و تەنیا لە كونجی ماڵەوە، شارێكم دروستكردووە، ناوم ناوە هەولێر!