پرۆسەی قەدەغەكردنی كتێب، لەنێو گەلاندا مێژووییەكی كۆنی هەیە. لەسەرتاسەری دونیاش سانسۆر، ململانێی لەگەڵ وشە و كتێب هەبووە، لەدیرۆكی مرۆڤایەتیدا دەیان نموونە هەن، ئاماژە بە سانسۆر و سووتان و لەناوبردنی كتێب دەكا، كە وێنەیەكی ناشیرینیان نیشانداوە. لەم سەردەمەش قەدەغەكردنی كتێب، لە پێشانگە و بۆنە كەلتورییەكان ئیدی بە هۆكاری جیاوازیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و فیكریی و ئەخلاقەوە بۆتە دیاردە.
هەڵبەتە چەند جۆرێك لە قەدەغەكردنی كتێب هەیە، هەیە بەیاسا رێكخراوە، وەك بابەتی تۆقاندن و زیادەڕۆیی لە بابەتی سێكسی و كاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵ و هەرزەكاران. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێكی دیكە لەم سانسۆرانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەت و دەسەڵات، كە بە بەهانەی جیاوازی فیكر و ئایدۆلۆژییان كتێب قەدەغە دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە بە هۆی فشاری كۆمەڵە و رێكخراوە مەدەنیی و رۆشنبیریەكان، زۆر جار رێگرییان لە بڵاوكردنەوەی كتێب كردووە. بۆ نموونە لە پێشانگەی كتێبدا، لە زۆربەی زۆری وڵاتان بەر لە كردنەوەی پێشانگە لیستی ئەو كتێبانە بڵاودەكەنەوە، كە نابێت لە پێشانگەی كتێب بفرۆشرێن، ئەوە زیاتر لە بەشێك لە وڵاتە نا دیموكراسیی و نەریتییەكان ڕوودەدا. هەرچەندە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش بەدەر نین لەم سانسۆرە، بۆ نموونە لە ئەمریكا و كەنەدا و ئەڵمانیا و سوید هتد..... ساڵانە چەندان نووسەر و كتێب بە هۆی كتێبەكانیانەوە ناویان دەچێتە لیستی رەشەوە.
لە هەرێمی كوردستانیش ساڵانە بە هۆی كردنەوەی پێشانگەی كتێب، لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانی دیكەوە، چەندان كتێب و نووسەر بەر شاڵاوی قەدەغەكردن كەوتوون. هۆكارەكەشی پەیوەندیی بە نووسەر و ناوەڕۆكی كتێبەكانەوە هەیە، هەرچەندە سیاسەتی حكومەتی هەرێم لەگەڵ برەودانە بە كتێب و خوێندنەوە، بەڵام بە هۆی كەناڵی دیكەی وەك وەزارەتی رۆشنبیریی و ئەوقاف و داواكاری گشتیی و یەكێتی زانایان و ناوەندە كەلتوریی و رۆشنبیریەكانەوە، زۆرجار چەندان كتێب لەو پیشانگەیانەدا فرۆشتنیان قەدەغەكراوە. یاخود سانسۆریان خراوەتە سەر و لە كاتی پێشانگەدا هەڵگیراونەتەوە.
هۆكاری ئەوەش بەشێكی بۆ قبوڵنەكردنی جیاوازییەكان و دیدە دژ بەیەكەكان دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەناو كتێبە ئایینی و دژەكانیدا. لەم ماوەیەش بە هۆی میوانداریكردنی نووسەر و ڕۆماننووسی عەرەبی یوسف زێدان، لە پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر، كە بڕیارە لە 9/4/2025 بكرێتەوە، فشارێكی زۆر كرا تا میواندارییەكەی هەڵوەشێندرێتەوە. هۆكارەكەشی بۆ بۆچوونی نووسەری ناوبراو دەگەڕێتەوە، كە لە دیدارێكدا بێڕێزی بەرانبەر بە سەڵاحەددینی ئەیوبیەوە دەكا، لە بەرانبەردا داواكاری گشتی سكاڵای لە دژی هاتنی یوسف زێدان تۆماركردووە، بۆیە نووسەری ناوبراو گەشتەكەی بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر هەڵوەشاندەوە.