گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنەلۆژیای چاپ له سه‌رده‌می رێنسانس و مۆدێرنەدا هەلێکی نوێ و كایه‌یه‌كی نوێی لە نێو كۆمه‌ڵگەدا بۆ دەستەبژێری بواری رۆشنبیری و كاریگه‌رییه گشتییه‌كانی رەخساند. ده‌ركه‌وتنی كاریگه‌ریی ئه‌م توێژه نوێیه رۆڵێكی سه‌ره‌كیی له گهڵاڵهكردن و به‌رزكردنەوەی هۆشیاریی گشتی و ده‌ركه‌وتنی به‌ها و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هاووڵاتیبوون لە لای ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بینی.
ئه‌م گه‌شه‌كردنه رۆژبه‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنەلۆژیای په‌یوه‌ندیكردن، به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی بیسته‌م، پڕۆسه‌ی هۆشیارکردنەوە و رۆشنبیركردنی زیاتر له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا نزیک کرده‌وه، به شێوه‌یه‌ک كه راگه‌یاندن و ئازادیی بیروڕا و كاریگه‌رییه‌كانی بوو به خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی له خه‌سڵه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگای كراوه و دیموكرات و بەشداریکردنی تاک لە کایەی گشتی و سیاسەتدا.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ئه‌رێنییه‌ی له ئازادیی راگه‌یاندن و به‌رپرسیاریه‌تیی كۆمه‌ڵگایی له‌و ماوه‌یه‌دا روویاندا، پڕۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی راگه‌یاندن له هه‌ندێ وێستگه‌ی مێژوویی‌دا له بریی بهرچاوڕوونكردنەوەی كۆمه‌ڵگە، به‌پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵگەی به‌ره‌و چه‌واشه‌ی زیاتر برد. ئه‌ڵمانیای نازی(هیتلەر) و رووسیای تۆتالیتا‌ر(ستالین)؛ دوو نموونه‌ی زیندووی ئه‌م راستییه بوون كه راگه‌یاندن له بریی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن توێژێكی ئازاد و ره‌خنه‌گر بۆ به‌رژه‌وەندیی چاکەی گشتی و هاووڵاتییان به‌كار بهێنرێت، بوو به ئامرازێک بۆ شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان ودروستكردنی به‌های گشتیی چەواشە و ساختە.
له سه‌رده‌می هەنووکەیی به‌جیهانیبوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی تاكەكهسی (فه‌یسبوک، ئێکس و پلاتفۆڕمە هاوشێوەکانیان)، به‌رپرسیاریه‌تیی راگه‌یاندن له داموده‌زگا راگه‌یاندنه كلاسیكییهكانەوە دابه‌زییه ئاستی تاكه‌كه‌سی. ئه‌م گۆڕانكارییه هه‌ر چه‌نده لایه‌نی ئه‌رێنیی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا كه گرنگترینیان پاواننهكردنی راگه‌یاندن بوو له‌لایه‌ن حكومه‌ت و داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان و رەخساندنی بواری زیاتر بۆ هاووڵاتی بوو تا ئازادانه بۆچوونه‌كانیان بێ سانسۆر بڵاو بكه‌نه‌وه، به‌ڵام لایه‌نی نەرێنیی زۆریشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا.
به‌كارهێنانی توانای دارایی بۆ دروستكردنی په‌یج و سایتی بێمتمانە (فه‌یک) و ئاڕاسته‌كراو و ته‌رخانكردنی ئه‌م ژینگە نوێیه بۆ دروستكردنی كێشه‌ی ساخته و به‌رژه‌وه‌ندیی بچووک وتهسكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئاڕاسته‌كراو، ئاستی به‌رپرسیارێتیی ئه‌م جۆره راگه‌یاندنه‌ی دابه‌زاند، به راده‌یه‌ک كه خه‌ریكه ئه‌م نموونه‌یه بۆ كه‌ناڵە ته‌له‌ڤزیۆنییه فه‌رمییه‌كانیش ده‌گوازرێته‌وه گەر تا هەنووکەش نەگوازرابێتەوە.
راگه‌یاندن له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركێک و به‌رپرسیارێتییه‌كی پڕبەهایە، چونكه له رێگه‌یه‌وه په‌یام و زانیارییه گشتییه‌كان به شێوه‌یه‌كی بابەتییانە ده‌گاته هاووڵاتییان، به‌و شێوه‌یه‌ش هاووڵاتییه‌كی هۆشیار و چالاک و بەرپرسیار دەردەکەوێت كه ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بناسێت و داكۆكیی لێ بكات. به پێچه‌وانەوە بڵاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنی پۆپۆلیستیی تەنگبیر و نابه‌رپرس و ئاڕاسته‌كراو له بریی ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌كی هۆشیار و چالاک دروست بكات، جۆرێک له هاووڵاتیی تووڕه و ره‌شبین و نا‌ئومێد دروست ده‌كات. له بریی ئه‌وه‌ی داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بكات، هه‌وڵ ده‌درێت به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراو ئاڕاستە بكرێت و كێشه و كه‌یسی ساخته بۆ رایگشتی دروست بكرێت و سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگەیه‌ک و هاووڵاتییه‌كی لاواز و بێ‌توانا بێته ئاراوه كه به هیچ شێوه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندییه راسته‌قینه‌كانی خۆی به‌ئاگا نەبێت.
گرنگه دامه‌زراوه و گوتاری راگه‌یاندن هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان خه‌مه تایبه‌ت و گشتییه‌كان بدۆزێته‌وه، كه‌سیان نه‌كاته قوربانیی ئه‌وی دی، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه هه‌ڵبگرێت كه راگه‌یاندن ئه‌ركی تەنیا وروژاندن له‌پێناوی ده‌ستكه‌وتی كاتی و زیادكردنی بینه‌ر نییه، به‌ڵكو وروژاندن پێویسته راستگۆیانه و هاوته‌ریب و بابەتیانە و بەئەندازە بێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌یه‌كی گشتیی راسته‌قینه كه هاووڵاتییه‌ک و كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌توانا و كراوه به‌رهه‌م دەهێنێت، یان لانی کەم کێشەساز یاخود لەوە پتریش خۆی بەشێک نەبێت لە کێشە و قەیرانەکان.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە (23)ـى شوباتی 2025