هەولێرستان

ئایا راپەڕین بۆتە دابڕان لە ڕابردوو؟

01:27 - 2025-03-11
دڵزار حەسەن
47 خوێندراوەتەوە

لەو باسەدا چەمكی دابڕانمان بە مانای لێكترازان، لە كۆی بەها و كەلتوری رابردووی بەعس و هاوشێوەكانیمان وێنا كردووە. دەپرسین ئاخۆ دوای 34 ساڵ راپەڕین چی پێ بەخشیوین و چی لێسەندووین؟! یاخود كاریگەرییەكانی چی بوون، بەرە و كوێی بردووین، لەكام وێستگەدا سەركەوتوو بووین و لەكام دیوەوە نەمان پێكاوە. بە مانایەكی تر لەكام دۆخدا تووشی شكست بووین. ئایا لەو ماوەیەدا توانیومانە وەك نەریت، دونیای ستەمكاریی بەعس تێپەڕێنین؟ گەر ئەوەمان نەكردووە، باشە ئەی دەستكەوتەكانی راپەڕین بۆ نەوەكان چی بووە!؟
لای من پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و ئەو نیمچە ئازادییەی كە هەمانە، بە دەستكەوتێكی مەزنی راپەڕینی دەزانم كە دەبێ بیپارێزین، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت خۆی لەخۆیدا دەمانباتەوە بۆ سەر شاڕێگای ئەو پرسیارەی، باشە لە دوای راپەڕینی بەھاری 1991یەكەوە چەند نەوەیەك لەدایكبوون، ئاخۆ توانیومانە دیمەنی خوێنڕێژی بەعسییان وەك رژێمێكی دیكتاتۆر و كوردكوژ پێ بناسێنین؟! 
من بۆ خۆم جیاوازییەكی زۆر دەبینم، بەڵام ناتوانم دان بەوەدا بنێم بەشێوەیەكی جەوهەری دابڕاوین لە پەروەردەی بەعسییانە. بەداخەوە هێشتا وردە ئەخلاق و رەفتار بەعسییانەمان لەناو خێزان و دامەزراوە كۆمەڵایەتیی و رەسمییەكاندا هەر ماوە، كە ئەوەش ئەركی دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە و ناوەندە زانستییەكانە ئەو چەند نەوەیە بە رۆحیەتێكی كوردانە و نیشتمانپەروەرانە پەروەردە بكاتەوە، كە بەلای كەمی لەڕووی بیركردنەوە و رەفتارەوە كەلتوری بەعس و سەددام و ئایدۆلۆژیاكەی وەك مرۆڤكوژ و ستەمكار بناسێت. 
لەوە گەڕێن وەك پێویست نەوەی ئێستا بێ ئاگایە لە دڕندایەتی بەعس، كە كوردی كیمیاباران و ئەنفال و كۆمەڵكوژ كردووە، بەڵام خۆ ناشكرێ نەتەوەیەك دژ بە رژێمێكی وەحشیگەری ئاوها راپەڕیبێت و منداڵەكانیشیان بێئاگابن لەو رابردووە خوێناوییە. ئەگەر زوو زوو ئەوەمان كردبا، چۆن كەسانێك دەیانتوانی كوفری ئاوها بكەن و بڵێن بەعس باشتر بوو، هیچ كاتێك حزب و دەسەڵات و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كوردی بەراورد ناكرێت بە بەعسییەكان، بەڵام ناشكرێ چاوپۆشیش لە هەندێ رەفتاری بەعسییانەش بكرێت، كە لێرە و لەوێ دەیبیستین و دەیبینین. 
هەڵبەتە هەر كاردانەوەیەكی خراپ لەلایەن دامەزراوە رەسمییەكان، كە ئاماژەبێت بۆ نەبوونی پەروەردەیەكی باشی نەوەی دوای راپەڕین، ئەوە باڵی گوناهەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمەوە، كە نەیتوانیوە وەك پێویست ئەركی نیشتمانییانە و كوردانەی خۆی جێبەجێبكات، چونكە دابڕانی ئێمە لەگەڵ بەعس دەبێت، لەڕووی فكر و رەفتارەوە بێت، كە خۆی دەبینێتەوە لە خزمەتگوزاریی مرۆیانە و سیستەمی دیموكراسیی و مەدەنییەوە. هەر رەفتارێكی پێچەوانەی ئەوە جگە لەوەی دەچێتە خانەی كەمتەرخەمییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناهەقیشە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و تێكۆشەرانی نێو بزووتنەوەوی رزگارییخوازیی كورد.

وتارەکانی نوسەر