هاتوچۆسازی

یاساكانی هاتوچۆ

10:12 - 2025-03-12
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
74 خوێندراوەتەوە

سیستەمی هاتوچۆ لە هەر وڵاتێكدا پێویستی بە یاسایەكی هەمەلایەنەی هاتوچۆ هەیە. یاساكانی هاتوچۆ كۆمەڵێك رێسا و رێنمایین بۆ دابینكردنی جوڵەیەكی دڵنیا و كارامەی سوارڕەو و پیادەكان و بەكارهێنەرانی رێگەوبان. ئەو یاسایانەش بەپێی وڵات و هەرێم و ناوچە جیاواز دەبن، بەڵام كۆمەڵێك بوار لەخۆدەگرن، لەوانە:
1- رێساكانی رێگەوبان: سنووری خێرایی بۆ جۆرەكانی رێگە و سوارڕەوەكان، مافی پێشڕەوی، بەكارهێنانی سایدەكان و چۆنێتی سایدگۆڕین، هەڵسوكەت لە یەكتربڕەكان و پێچەكاندا، پابەندبوون بە هێما و هێڵەكانی سەر شەقامەكان و ترافیك لایتەكان...هتد.
2- پێداویستییەكانی سوارڕەوەكان: تۆماركردن و مۆڵەتوەرگرتن بۆ سوارڕەو، مەرجەكانی توندوتۆڵی و پشكنینی سەلامەتیی سوارڕەو، رێساكانی تایبەت بە كەرەستەكانی سواڕەو (لایتەكان، ئیستۆپ، ئاماژەی پێچكردنەوە، ئاوێنەكان، لایت و ئاماژەكانی داشبۆرد)، پۆشاكی ماتۆڕسوار.
3- مۆڵەتی لێخوڕینی جۆرەكانی سوارڕەو: مەرجەكانی بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێريی و نوێكردنەوەی، چۆنیەتی پێگەیاندنی راهێنەرانی شۆفێريی، ئۆتۆمبێل لێخوڕین لەژێر كاریگەریی مەی و هۆشبەرەكاندا، بەكارهێنانی مۆبایل و خواردن و هەرشتێك كە غەفڵەت دروست دەكات، بەكارهێنانی پشتێنی دڵنیایی.
4-مافی پیادە و بەكارهێنەرانی دیكەی رێگەوبان: ئەو یاسایانەی پەڕینەوەی پیادەكان رێكدەخەن، رێڕەوی پاسكیلسواری، رێساكانی بەكارهێنانی شۆستەكان. 
5- راگرتن و پارككردنی سوارڕەوەكان: رێساكان بۆ هەر سوارڕەوێك و كاتەكەی، شوێنی پارككردن بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەو شوێنانەی راگرتن یان پارككردن یاخود هەردووكیان تیایاندا قەدەغەیە.
6- سەرپێچییەكانی هاتوچۆ و سزاكانیان: غەرامەكان (مادی یان مەعنەوی)، راگرتن یان لێسەندنەوەی مۆڵەت، دادگای هاتوچۆ.
7-فریاكەوتنی سەرەتایی و سنووری هاتوچۆی تایبەت: ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (تەندروستی و پۆلیس)، مامەڵەكردن لە كاتی ريزبەستنی سەربازی و خۆپیشاندان و مەیتبردن بۆ گۆڕستاندا، ناوچەی قوتابخانە و چاككردنی رێگەوبان.
8- رێنماییە ژینگەییەكان: مەرجەكان بۆ دووكەڵی ئەگزۆز، دانەگیرسانی ئۆتۆمبێل لەكاتی راوەستاندا، رێساكان بۆ دەنگ پیسكردن لەلایەن ماتۆڕسوارانەوە.
9- لۆریی بازرگانی و گواستنەوە: واتە باركردنی یاسایی لە رووی كێش و بەرزی و پانییەوە، كاتەكانی جووڵەی بارهەڵگر لەناو شاردا، رێساكانی گواستنەوەی كەرەستەی مەترسیدار، سنووردانان بۆ ماندووبوونی شۆفێری بارهەڵگرەكان. 
10-تەكنۆلۆژیا و داهێنان: كامێرای كۆنتڕۆڵكردنی تیژڕەوی، ئامێری كۆنتڕۆڵكردنی لێدانی ترافیك لایتی سوور، ئامێری پێشكەوتووی پشكنینی سەرخۆشی، دانانی ئامێری كۆنتڕۆڵكردنی خێرایی لەناو بارهەڵگر و پاسەكاندا. 
یاساكانی هاتوچۆ دەبێت لە پەرلەمانی وڵات دەنگی لەسەر بدرێت، بەپاراستنی ستاندارتە نێودەوڵەتیيەكان و رەچاوكردنی تایبەتمەندی وڵاتەكە، تا پارێزراوبێت لە لێكدانەوەی تاكەكەسی و مەزاجی لایەنی پەیوەندیدار. هەروەها پێویستە پابەندبوونی هاووڵاتیان پێیانەوە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە چاودێری بكرێت، لەمەشدا دەبێت مامەڵەی وەك یەك لەگەڵ هەمواندا بكرێت، لە رووی راییكردنی كارەكان و سزای سەرپێچییەكانەوە.
(*) شارەزای بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر