ململانێی نەوەکان

کاریگەریی ململانێی نەوەکان

09:55 - 2025-03-13
کنێر عەبدوڵڵا
230 خوێندراوەتەوە

(3)

 ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، کاتێک روو دەدات کە کەلێنێک دروست دەبێت لە بەها و بۆچوونەکانی نێوان نەوە جیاوازەکاندا کە زۆربەی جار لە نێوان باپیران و منداڵان و نەوەکاندا روودەدات و کاریگەرییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا وەک رۆشنبیری و هونەر، سیاسی، ژینگەی کار، بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا، پەیوەندییە خێزانییەکان و بەها و ئاڕاستەکان، ئاستی کۆمەڵایەتی و کەلتوری کە دەشێت ئەرێنی یان نەرێنی بێت. 

نەوەی رابردوو دەشێت هەست بە گۆشەگیری بکەن بەهۆی پابەندبوون بە دابونەریتەکانەوە

لە لایەنە نەرێنییەکاندا، لەوانەیە ببێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان. 
بۆ نموونە، نەوەی رابردوو دەشێت هەست بە گۆشەگیری بکەن بەهۆی پابەندبوون بە دابونەریتەکانەوە، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا هەوڵ دەدات شێوازە نوێییەکانی ژیان بگرێتەبەر. 
لەلایەکی ترەوە، ئەم ململانێیە یارمەتیدەرە بۆ برەودان بە داهێنان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، چونکە هانی نەوەی ئێستا دەدات بیرۆکە و چارەسەری نوێ بکەن و لەگەڵ سەردەمدا بیگونجێنن، لەکاتێکدا نەوەی رابردوو بەشداریی دەکات لە دابینکردنی شارەزایی و ئاڕاستەکاندا کە یارمەتیدەر دەبن بۆ پاراستنی سەقامگیری.
ململانێی نەوەکان دەشێت ببێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەک بۆشایی نێوان تاکەکان لە تەمەنە جیاوازەکاندا فراوانتر دەبێت، لە هەندێک حاڵەتدا، پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی خێزان یان شوێنی کار بەهۆی ئەم گرژیانەوە دەشێت خراپتر ببێت.
لە رووی کاریگەرییە دەروونییەکانەوە، نەوەی ئێستا دەشێت هەست بە نائومێدی بکەن بە بەراوردکردن بە نەوەی رابردوو، بەتایبەتی ئەگەر هەست بکەن ناتوانن هەمان دەرفەت بەدەستبهێنن. لە لایەکی ترەوە، کەسانی بەتەمەن لەوانەیە هەست بە گۆشەگیری یان بێ توانایی بکەن بەهۆی لەدەستدانی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگەدا.
دەشێت ململانێکان، کاریگەریی نەرێنیان هەبێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ببنە هۆی گرژی و ناکۆکییەکان لەناو خێزان یان شوێنی کار، دەشکرێت هاندەری گۆڕانکاری و داهێنان بن لە کاتی هەوڵدان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. 
ململانێی نەوەکان دەتوانێت سەرچاوەی گەشەکردن بێت لە رێگەی هاوکاریی نێوانیانەوە کە هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی دابونەریت و بەکارهێنانی بیرۆکەی هاوچەرخدا دابین بکات. 
بە گشتی، ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە کارلێکێکی جۆراوجۆر لە نێوانیاندا لەخۆ دەگرێت کە ئەگەر بە ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و گەشەکردنی تاکەکانی. 
ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بێت، بێگومان مەودای نێوان نەوەکان فراوانتر دەکات و کاریگەریی و ئاسەوارەکانیشی خراپتر دەبێت، بەشێوەیەک هیچکام ئەویتر پەسەند ناکات و هەمیشە لە سەنگەردا دەبن بۆ رەتکردنەوەی یەکتری و تەنانەت بۆچوونە جوانەکانیش، ئەگەر لە خزمەتی کۆمەڵگەشدا بێت، بۆیە وێڕای ئەو ئاستەنگانەی ئەم ململانێیانە دەیهێننە کایەوە، دەشتوانێت  ببێتە سەرچاوەی داهێنان و گەشەکردن بەشێوەیەک هەر نەوەیەک بیرۆکە و شارەزایی نوێ پێشکەش بکات کە یارمەتیدەر بێت بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە، بە ئامانجی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان نەوەکان ئەگەرچی پێویستییەکی واقعی و بابەتییە،  هەروەک چۆن تێگەیشتن و لێبوردەیی نێوان نەوەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکاندا. 

[email protected]

وتارەکانی نوسەر