ئاشتی و مافەکانی کورد

رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا

09:57 - 2025-03-13
د. موهەیمن ئاغا
28 خوێندراوەتەوە

لە دونیای ئەمڕۆدا، کاتێک باسی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکرێت، پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێش، بۆچی رێگە نادرێت کورد ببێتە خاوەنی مافەکانی خۆی لە کاتێکدا زیاتر لە 50 ملیۆن کەس پێکدەهێنێت؟

دووفاقیی سیاسەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی
ئەو دەوڵەتانەی کە بە درێژایی مێژوو مافەکانی کوردیان پێشێل کردووە، بەردەوام دروشمی ئاشتی و پێکەوەژیان بەرز دەکەنەوە. ئەمە دووفاقییەکی ئاشکرایە کە ناکرێت چیتر پشتگوێ بخرێت. کاتێک حکومەتەکان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، بە کردەوە مافی بنەڕەتیی گەلێکی گەورە پێشێل دەکەن.
کورد بە درێژایی مێژووی خۆی نەتەوەیەکی ئاشتیخواز بووە و هەرگیز دەستپێشخەریی بۆ ناعەدالەتی نەبووە. ئەوەی کورد داوای دەکات تەنها مافی سروشتیی خۆیەتی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و پاراستنی ناسنامە و کەلتوریی خۆی. کورد بڕوای وایە کە ژیان لە سایەی ئاشتیدا باشترین رێگەیە، بەڵام نە بە نرخی لەدەستدانی شکۆ و مافەکانیان.

نامەکەی ئۆجەلان، گۆرانکاری،یان درێژەپێدانی کێشەکان؟
نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پەکەکە، داوای چەکدانان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات دەکات، قۆناغێک لەسەر بنەمای دیالۆگ و پێکەوەژیان. ئەم پەیامە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بزووتنەوەی کوردی هەبووە و دەرفەتێکی مێژوویی بۆ پێکهێنانی ئاشتییەکی راستەقینە دروستکردووە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا تورکیا بەڕاستی ئامادەیە پێشوازی لەم هەنگاوە بکات و بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانە بڕوات؟ هەڵسوکەوتی حکومەتی تورکیا لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کورد، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش کە بە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژێردرا، بەڵام بە ناڕەوا زیندانی کرا، گومان دەخاتە سەر نیازی راستەقینەی تورکیا.

قەیرانی سوریا و پێگەی کوردان
لە سوریا، دوای بڵاوبوونەوەی نامەکەی ئۆجەلان، مەزڵووم عەبدی هەڵوێستی راگەیاند کە ئەم پەیامە تایبەتە بە پەکەکە و پەیوەندیی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وە نییە. 
ئەم هەڵوێستە بارودۆخێکی ئاڵۆزی نوێی خوڵقاند لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە نێوان تورکیا و حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی شەرع.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە: ئەگەر هەسەدە بەرنامەیەکی جددی و واقیعی بۆ ئاشتەوایی هەبێت و زەمانەتی پێویستی بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لەبەردەستدا بێت، ئایا کورد ئامادەیە هەنگاوی یەکەم بنێت؟ بێگومان، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەرێنییە، بەڵام مەرجەکانی ئەم ئاشتەواییە دەبێت روون و دادپەروەرانە بن.

کورد لە گەمەی زلهێزەکاندا
سیستمی جیهانی نوێ، کە پاش جەنگی سارد سەریهەڵداوە، بە بەردەوامی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەتایبەتی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم سیستمە نوێیەدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا جێگەیەکی شایستە بۆ کورد دەدۆزرێتەوە یان بەردەوام دەبێت وەک کارتێک لە دەستی زلهێزەکاندا؟
لە کاتێکدا کە روسیا لە جەنگدایە لەگەڵ ئۆکرانیا، ئیسرائیل لە دژی ئێران و هێزەکانی لە سوریا و لوبنان هەڵمەت دەبات و ئەمریکاش سیاسەتی خۆی لە دژی ئێران دەگرێتەبەر، ئایا پرسی کورد گرنگیی پێویستی پێدەدرێت؟ مێژوو دەریخستووە کە زۆرجار کورد قوربانیی بەرژەوەندییە گەورەکانی نێودەوڵەتی بووە.

رێگای بەرەو داهاتوویەکی دادپەروەرانە
کورد، لە رێگەی سەرکردە سیاسییەکانییەوە، بەردەوام هەوڵیداوە کێشەکانی بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکات. بەڵام بەداخەوە، زۆربەی جار وەڵامی ئەم هەوڵانە توندوتیژی و سەرکوتکردن بووە. سەرەڕای ئەمەش، کورد هێشتا باوەڕی بە ئاشتی و دیالۆگ هەیە و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە.
لە سیستمی نوێی جیهانیدا، کە جەخت لەسەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکاتەوە، هیوادارین کورد بتوانێت دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و قۆناغێکی نوێی سەرکەوتن بۆ نەتەوەکەی دەستەبەر بکات، بەڵام ئەمە پێویستیی بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەهێز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، کە دان بە مافە رەواکانی کورددا بنێت و پشتگیریی لە رێگاچارەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی بکات.
ئەگەر جیهان خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت پرسی کورد پشتگوێ نەخات، نەتەوەیەک کە چەندین دەیەیە چاوەڕێی دادپەروەریی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی، ئەمەش مافێکی سروشتییە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت.
ئایا دەکرێت لە دونیای ئەمڕۆدا، کە بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، نەتەوەیەکی 50 ملیۆنی بێبەش بکرێت لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەریدەخات کە چەندە بەڕاستی پابەندین بە بەهاکانی ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەرییەوە؟.

وتارەکانی نوسەر