ئاییندەی پەیوەندییەکانی روسیا و ئێران لەگەڵ سوریای نوێدا بەرەو کوێ دەچێت؟

10:04 - 2025-03-13
دانا حامید
92 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ روخانی رژێمی بەشار ئەسەددا لە سوریا و پێکهێنانی حکوومەتی کاتی لەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، جیاوازییەکی روون لە هەڵوێستی دوو هاوپەیمانی تەقلیدی دیمەشق، کە ئەوانیش (مۆسکۆ و تاران)ە، بەدیکرا.

دوو هەڵویستی جیاواز
روسیا لای خۆیەوە بەخێرایی هەوڵیدا بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سوریا، هاوکات ئێران هەڵوێستێکی جیاوازی گرتەبەر، کە پێدەچوو لە گۆشەگیری و وریایی و وردبوونەوە نزیکتر بێت و ئەمەش لەگەڵ تۆنێکی هەڕەشە ئامێزدا بوو، کە هەندێکجار لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانەوە بەرامبەر بە ئیدارەی نوێی دیمەشق گوێمان لێبووە.
مۆسکۆ و تاران بەرژەوەندیی ستراتیژییان لە سوریا هەیە، بەڵام داڕمانی خێرای رژێمی ئەسەد، زیانێکی زۆری بەو بەرژەوەندییانە گەیاندووە، ئەمەش پاڵ بە هەردووکیانەوە دەنێت، کە هەنگاو بنێن و خۆیان لە زیانی زیاتر بە دوور بگرن.

 

ئەم هەنگاوانەی روسیا ئاماژەن بۆ ئەوەی مۆسکۆ هەوڵدەدات پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سوریا هەبێت، بەبێ گوێدانە ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دیمەنی سوریادا روویانداوە


ئەولەویاتەکانیان چییە؟
جیاوازیی هەڵوێستی هەریەک لەو دوو وڵاتە، پرسیار لە بارەی پاڵنەرەکانی مۆسکۆ و تارانەوە دروست دەکات، ئەمە چ جای ئەولەویەتەکانیان لە قۆناغی نوێ و رێژەی کاریگەرییەکانیان لەسەر ئایندەی سوریای دوای ئەسەد و ئەگەری گەڕاندنەوەی کاریگەرییان.
مۆسکۆ لە دوای روخانی رژێمی سوریا، وا دیار بوو دەیەوێت، خۆی بگونجێنێت لەگەڵ واقیعی نوێ سوریادا، بەو پێیەی کە حەزی دەکرد لە رێگەی لێدوان و سەردانی فەرمییەوە، چەندین پەیامی ئەرێنی بۆ ئیدارەی نوێ بنێرێت، کە گەیشتە لوتکە بە سەردانی میخائیل بۆگدانۆڤی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ سوریا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا و دیداریشی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا کرد.
لە 12ی شوباتدا، کرێملین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی «بنیاتنەر»ی لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا ئەنجامداوە، ئەم هەنگاوانەی روسیا ئاماژەن بۆ ئەوەی مۆسکۆ هەوڵدەدات پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سوریا هەبێت، بەبێ گوێدانە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دیمەنی سوریادا روویانداوە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەمەش بۆ گرنگی پێگەی ستراتیژی سوریا بۆ روسیا دەگەڕێتەوە لە هەموو ئاستەکاندا.

ئێران چی کرد؟
ئێران هەڵوێستێکی پارێزگارانەی بەرامبەر بە ئیدارەی نوێی سوریا گرتەبەر، بەو پێیەی دوژمنایەتییەکی ئاشکرای بەرامبەر ئەم ئیدارەیە رانەگەیاند، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە فەرمی نەیناساند و راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەکرد، تاران دوای روخانی رژێمی ئەسەد رووبەڕووی واقیعێکی نوێ بووەوە، بەوەی کاریگەریی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەکەدا کەوتە مەترسییەوە.
لە چەندین وێستگەی جیاجیادا، بەرپرسانی باڵای ئێرانی لە لێدوانەکانیاندا، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئێران هیوادارە ئاشتی لە سوریا زاڵ بێت، هەروەها وڵاتان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا نەکەن.
دەتوانین بڵێین ئیدارەی سیاسی لە ئێران، سەبارەت بە واقیعی نوێی سوریا دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا، بەشێکیان تێنەگەیشتووە لەوەی روویداو لێدوانەکانی نەرێنی و هەڕەشە ئامێز دەدەن. سەبارەت بە بەشەکەی تریش ئەوە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سەرۆکایەتی دەکات، کە دەیەوێت بە شێوەیەکی دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی نوێدا بکات و هەوڵدەدات خاڵی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ گۆڕەپانی سوریا.

ئایندەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سوریای نوێ
چاوەڕوان ناکرێ، ئیدارەی نوێ بچێتە ناو هیچ پەیوەندییەکەوە، یان وەڵامدانەوەی ئەو دەستپێشخەرییانە بکات کە داوای کراوەیی لەگەڵ تاران دەکەن، بەو پێیەی دیمەشق نایەوێت هەڵوێستی خۆرئاوا و عەرەبی بورووژێنێت، ئەمە جگە لەو فشارانەی کە بەهۆی یادەوەری رووداوەکانی دوای ساڵی 2011 لە سوریا هەیە، بەرامبەر ئێران و رۆڵی لە سوریا، پێش روخانی رژێمی ئەسەد، کە کاریگەریی خۆی لەسەر ساردبوونەوەی ئەو پەیوەندییە دەبێت.

وتارەکانی نوسەر