جاڵجاڵۆکەکانی ئۆکرانیا لەسەر پشتی ورچەکەی روسیا

08:56 - 2025-06-05
دانا حامید
191 خوێندراوەتەوە

ئۆکرانیا بەهێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردووی بۆ سەر روسیا، کە ناوی نا (تۆڕی جاڵجاڵۆکە)، هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند، کیێڤ لەو بارەیەوە دەڵێت: لە سەرەتای شەڕەوە یەکێک لە بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی کردووە و هێرشێکی بەرفراوانی بە درۆن لە قووڵایی ناو خاکی روسیادا ئەنجامداوە، هەندێک لە راپۆرتە خۆرئاواییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هێرشی ئۆکرانیا زیاتر لە 40 فڕۆکەی سەربازیی روسیای لە چەندین بنکەی ئاسمانی لەناوبردووە، یان لەکار خستووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، کە لە تێلێگرامی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، ئۆپراسیۆنەکە زیانی زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری لێکەوتووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی CNBC ئاماژەی بە خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە زیانەکانی روسیا نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بووە!.
بەپێی وتەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکارهێنراون، کە بە سەرکەوتوویی نزیکەی 34 %ی ئامانجە ستراتیژییەکانی روسیایان پێکاوە.

تەحەدا بوو بۆ ترەمپ
ئۆکرانیا بەم هێرشە تەنها رووبەڕووی روسیا نەبووەوە، بەڵکو ئۆپراسیۆنەکە بە تەحەددایەک دادەنرێت بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپیش، کە چەندین جار دووپاتیکردبووەوە، ئۆکرانیا لە شەڕەکەدا دۆڕاوە و کارتێکی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی روسیا و دەبێت بێتە سەر مێزی دانوستان، رەنگە ئام ئۆپراسیۆنە پەیامێکیش بێت بۆ ئەمریکا کە کیێڤ ئامادە نییە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی.

شکستی هەواڵگری روسی
سەرەتا وەزارەتی بەرگری روسیا کاریگەرییەکانی هێرشەکانی کەمکردەوە و بە «کردەوەیەکی تیرۆریستی» شکستخواردووی ئۆکرانیا وەسفیکرد، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکان، روسیا لە شەوێکدا هێرشێکی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی شارەکانی ئۆکرانیا کرد، ئەمەش وا دیار بوو هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە بوو، کیێڤ رایگەیاند، روسیا بە 472 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاویشتنی چەندین مووشەکی بالیستی و کروز  هێرشی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و جەختی لەوەش کردەوە کە هێزی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە.
شارەزایانی سەربازی نیگەرانن لەوەی کە بەهۆی ئەوەی هەردوولا زیاتر پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبەستن، ململانێکان دەتوانێت بچێتە قۆناغێکی نوێی ململانێی ئاسمانییەوە، هێرشەکانی «تۆڕی جاڵجاڵۆکە»ش سەرکەوتوویی هەواڵگریی بەرفراوانی ئۆکرانیای دەرخست، لە هەمانکاتدا شکستێکی گەورەی هەواڵگریی لایەنی بەرامبەری دەرخست کە روسیایە.

جیهان چاوەڕوانی کاردنەوەی روسیایە 
هەمووان چاوەڕوانی پێشهاتەکانی شەڕی روسیا و ئۆکرانیان، دوای ئەوەی خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەستەنبوڵ بەبێ ئەنجامێکی بەرچاو کۆتایی هات، هێرشی بەربڵاوی درۆنەکانی ئۆکرانیاش رەنگە دۆخەکە بە ئاقارێکی دیکەدا بەرێت و کاردانەوەی توندی روسیای لێبکەوێتەوە، هێشتا بەتەواوی روون نییە کاردانەوەکانی مۆسکۆ چی و چۆن دەبێت، بەڵام ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە، ئەم کارەی کیێڤ بە بێ کاردانەوەی مۆسکۆ تێناپەڕێت.

وتارەکانی نوسەر