پەیوەندییەکانی چین و روسیا بەرەو کوێ دەچێت؟

10:27 - 2025-05-06
دانا حامید
116 خوێندراوەتەوە

کۆشکی سەرۆکایەتیى روسیا «کرێملن» رایگەیاند، لە رۆژانی 7 بۆ 10ی ئایار، (شی جین پینگ)ی سەرۆکی چین، سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتین ژمارەیەک رێککەوتنی گرنگ واژۆ دەکات.
کرێملن بڵاویکردەوە، (شی جین پینگ)، بەشداری لەرێ و رەسمى یادی 80 ساڵەی سەرکەوتن لە جەنگی دووەمى جیهانی دەکات و لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتین کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک رێککەوتن واژۆ دەکەن.
سەردانی سەرۆکی چین لەم کاتەدا، جارێکی دیکە پرسیار لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی چین و روسیا دەوروژێنێت بەتایبەتی لەکاتێکدا کە چین لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگێکی توندی بازرگانیدایە، ئایا تا چەندە ئەم جەنگە بازرگانییە پاڵنەری بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی چین و روسیایە؟
گەشەسەندنی پەیوەندییەکان
پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی چین و روسیا لە مێژوودا بە قۆناغی ئاڵۆز و رکابەری و ململانێی سنووردار گوزەراوە، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەم ساڵانەی دواییدا، گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئابووری و گەشەپێدان و تا رادەیەکی کەمتر لەسەر ئاستی سیاسیی و سەربازی.
پەیوەندیی ئابووری نێوان هەردوولا بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆات، ئەمەش لە واژۆکردنی رێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژی، هاوکاری لە بواری دیجیتاڵی، دەستپێکردنی پرۆژەی ژێرخانی ناوخۆیی و هاوبەش، بەهێزکردنی کەرتی پرۆژە داراییە هاوبەشەکان، غازی سروشتی، و پڕۆژەکانی رێڕەوی وشکانی و دەریایی، وەک پرۆژەی «رێڕەوی دەریای باکوور» خۆی دەبینێتەوە.
لەسەر ئاستی سیاسیش هەردوولا توانیان جیاوازییە گرنگەکانی نێوانیان تێپەڕێنن، بەتایبەتی سەبارەت بە کێشەی سنوورەکان، چونکە هەردوولا لە ساڵی 2008 دا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ دیاریکردنی سنووری نێوانیان.
لە ئاستی سەربازیدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەوپێش چوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە بە زنجیرەیەک مانۆڕی سەربازی هاوبەش دەستی پێکرد. لە ساڵی 2016 دا مانۆڕێکی گەورە ئەنجامدرا کە تیایدا هێزەکانی روسیا و چین مەشق و راهێنانیان کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکان لە دەریای باشووری چین.
هەروەها ساڵی 2018 ، مانۆڕی «خۆرهەڵات»یان ئەنجامدا، کە گەورەترین مانۆڕی مێژوویی روسیایە. لە ساڵی 2019 هەردوولا مانۆڕێکی هاوبەشیان لەسەر دەریای چینی خۆرهەڵات و دەریای ژاپۆن ئەنجامدا.
جگە لەوەش چین لە نێوان ساڵانی 1992 بۆ 2006 بە بەهای 26 ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی روسی هاوردە کردووە، هەروەها لەم دواییانەدا رێککەوتنی سەربازی واژۆ کراوە کە بریتییە لە دابینکردنی نوێترین سیستەمی تەکنەلۆژیای سەربازی روسیا بۆ چین، کە چین بە نیازە بەکاری بهێنێت بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر دەریای باشووری چیندا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە ئاستێکی باشدایە، ئەمەش لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بە روونی دەبینرێت.

 

سیاسەتی فشار و سزاکانی ئەمریکا بەرامبەر چین و روسیا لە گرنگترین هۆکارەکانن کە پاڵیان بە هەردوولاوە ناوە پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن.

 

ترسی یەکتر
وێڕای گەشەسەندنی بەرچاوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، بەڵام ئەمە کۆتایی بە نیگەرانی هەردوو وڵات لە بەرامبەر یەکتر ناهێنێت.
بۆ روسیا کۆمەڵێک نیگەرانی لە ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین هەیە، ئەمەش لەسەر بنەمای رکابەریی نێوان هەردوو وڵات لە ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی دوور.
کێشەی روسیا زۆر بە روونی لە نایەکسانی دیمۆگرافیای هەردوو دیوی سنووری سیبیریادا دەردەکەوێت، کە 120 ملیۆن کەس لە دیوی چینیدا دەژین، لە کاتێکدا کەمتر لە 15 ملیۆن روسی لە دیوەکەی تر هەن.
لە لایەکی دیکەوە چین نیگەرانی هەیە سەبارەت بە سروشتی نوخبەی دەسەڵاتداری روسیا و ئاراستەکانی داهاتوو، بەتایبەتی باڵی لیبڕاڵی رۆژئاوا لەناو بازنەکانی بڕیاردانی مۆسکۆدا.
نایەکسانی دەسەڵات
نایەکسانی تواناکانی نێوان هەردوولا یەکێکە لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم ئەو پەیوەندییە، بەتایبەتی لە لایەنی چینییەوە کە بازاڕی روسیا بە سنووردار دەزانێت، بە بەراورد بە بازاڕەکانی خۆرئاوا و ئاسیا.
روسیا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی یەک لەسەر دەی چین (147 ملیۆن بەرامبەر 1.4 ملیار) و ئابوورییەکەی کەمتر لە یەک لەسەر دەی چینە، هەروەها ئابووری چین کە پشت بە پیشەسازییە ناوخۆییەکان و بازرگانی دەرەکی دەبەستێت، لە رووی پێکهاتەییەوە جیاوازە لە ئابووری روسیا، کە تێیدا کەرتی وزە و پترۆکیمیایی پایەیەکی بنەڕەتی پێکدەهێنن.
لە رووی سەربازییەوە نە روسیا و نە چین ناتوانن پشتگیری لە پێداویستییە ستراتیژییەکانی یەکتر بکەن، هەڕەشەی سەرەکی کە رووبەڕووی چین دەبێتەوە، لە دەریاوە سەرچاوە دەگرێت و توانای دەریایی روسیا سنووردارە و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نییە.
لە بەرامبەردا هەڕەشە سەرەکییەکانی روسیا، بە پلەی یەکەم لەسەر زەوین «وشکانی»، توانای چین بۆ ناردنی هێز بۆ ناوچەکانی بەرژەوەندیی روسیا سنووردارە.

 

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پەیوەندیی نێوان روسیا و چین لە ئاستێکی باشدایە، ئەمەش لە ئەنجومەنی ئاسایش بە روونی دەبینرێت.

 

کاریگەری ئەمریکا
سیاسەتی فشار و سزاکانی ئەمریکا بەرامبەر چین و روسیا لە گرنگترین هۆکارەکانن کە پاڵیان بە هەردوولاوە ناوە پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن.
بەڵام ئەم فاکتەرە بەس نییە بۆ روونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا. پێویستی چین بە وزە و چەک و رێگاوبان و بازاڕ و پێویستی روسیا بە کاڵا و کار و تەکنەلۆجیای چینی، بووەتە هۆی پەرەسەندنێک لە پەیوەندییەکەدا کە نزیکەی دە ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە، هۆکارەکانی دیکەی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیری فەزای ژیانی هاوبەش و سنووری هاوبەشی فراوانی نێوان هەردوولا، وا دەکات پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەموو کاتێکدا گەشە بکات.
جگە لەوەش، نزیکبوونەوەی چین و روسیا  لە ئەنجامی ترس لە هەژموونی ئەمریکا بۆ سەر هەردوولا، ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی و ستراتیژی لە سروشتی پەیوەندییەکەدا ناکات، کە ببێتە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو لە دژی ئەمریکا.

 

شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا

وتارەکانی نوسەر