رەوتی سەدر چی دەوێ؟

09:35 - 2022-06-16
شوان کەریم کابان
538 خوێندراوەتەوە

رەوتی سەدر ساڵی 2003 دامەزراوە، پێش روخانی رژێمی سەدام نەبووە، بەڵام خانەوادەی سەدر پایەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی گەورەیان هەبووە و هەیە و خۆیان بە یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە دەزانن و چەند کەسایەتییەکی باڵای ئایینییان بەدەستی رژێمی روخاوی بەعس بوونەتە قوربانی. 
رەوتەکە رەوتێکی ئایینی سیاسییە، لە هەڵبژاردنەکانی 2005 ەوە تا دوایین هەڵبژاردن، بەهاوپەیمانی و بە تەنیاش بەشدار بوون. ئەندامی پەرلەمان و پۆستی جۆراوجۆریان هەبووە لە سەرجەم حکومەتەکاندا. 
یەکەم لایەن بووە کە هێزی چەکداری هەبێ  کە سەرایا سەلامن و یەکەم میلیشیاش بووە کە دژی دەسەڵاتی دەوڵەت شەڕی کردووە وەک ئەوەی لە سەردەمی حکومەتەکەی عەلاویدا روویدا لە نەجەف، عەسائیبی ئەهلی حەق لەمان جیابۆتەوە. 
ئەندامەکانی لە بەشی هەرە زۆری خۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان کردووە و هەر ئەوان بوون بۆ یەکەم جار پەلاماری ناوچەی سەوزیان دا و پەرلەمانیان داگیرکرد. رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لەو خۆپیشاندانانەی بە خۆپیشاندانەکانی تشرین ناونرا. 
رەوتی سەدر لەگەڵ ئەوەی لە خولی یەکەم و دووەمی پەرلەمانی عیراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نیشتمانیی عیراقی و لە خولی سێ بە ناوی کوتلەی ئەحرار و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ حیزبی شیوعی عیراق و لە پێنجەمیش بە ناوی خۆیانەوە بەشدار بوون و لە هەموو حکومەتەکانیشدا پلە و پۆستی باڵایان هەبووە و تەنانەت لە حکومەتەکەی کازمیش سێ وەزیر و چەندین وەکیل وەزیر و سەرۆکی چەند بانکێکی گرنگیان هەبووە، تەنانەت هەردوو وەزارەتی کارەبا و تەندروستی کە زۆرترین گلەییان لەسەربووە، وەزیرەکانیان سەر بەرەوتی سەدربوون. 

رەوتی سەدر ھەمیشە وا خۆی دەرخستووە کە دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە، بەڵام بەشدارێکی بەرچاوی ھەموو حکومەتەکان بووە و وەزارەتی گرنگیشی لەبەردەستدا بووە

لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن پیشانداوە و هەوڵیانداوە لەو رێیەوە دەنگی دەنگدەران بەدەستبێنن. هەر رەوتی سەدریش بوو رۆڵێکی گەورەی گێڕا لە هێنانەکایەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەر ئەم رەوتەشە ئێستا پاش ئەوەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە بوو، هەوڵی سەرەکییان رێگرییە لە حکومەتی تەوافق و لەگەڵ هاوپەیمانی سیادە و پارتی دیموکراتی کوردستان رێکەوتنێکیان کرد، بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی. 
رەوتی سەدر هەمیشە وا خۆی دەرخستووە کە دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە، بەڵام بەشدارێکی بەرچاوی هەموو حکومەتەکان بووە و وەزارەتی گرنگیشی لەبەردەستدا بووە. 
 لە مەسەلەی نرخی دیناری عیراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ئەدای وەزارەتی دارایی و وەزیرەکەی، خۆی وادەرخست کە لەگەڵ داوای خەڵکدایە، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار، تەنانەت پشت ئەستوور بە تویت و نامەیەکی سەید موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتەکە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، حاکم زاملی داوایەکی لە وەزیری دارایی کرد، ئامادەی پەرلەمان بێ بۆ گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی وەزارەتەکەی و نرخی دینار، ئەو داوایەی وەزیری دارایی لە نامەیەکی درێژدا بۆ سەرۆک وەزیران، رەتیکردەوە و بە داوایەکی حزبیی وەسف کرد نەک داوای پەرلەمان. 
ئەم هەڵایەی رەوتی سەدر لەسەر نرخی دینار دروستیکرد لە کاتێکدابوو کە لە جێگیرکردنی نرخی دۆلار لە بودجەی 2021 دا، بۆچوونەکەی هێندە جیاوازی نەبووە لەگەڵ ئەو نرخەی لە بودجەدا جێگیر کرا کە 1500 دینارە بەرامبەر یەک دۆلار، لە کاتێکدا کوتلەی سائیرون کە بەشی هەرە هەرە زۆری رەوتی سەدر بوون داوای نرخی 1450 دیناریان کردووە بەرامبەر یەک دۆلار و جیاوازییەکە لەگەڵ ئەوەی بودجە، پەنجا دینارە!  ئەمەش زۆر بە روونی لە نامەکەی د. نەسار ئەلروبێعی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی رەوتی سەدر بۆ رەوتەکە لە  17/12/2020 هاتووە. 
لە تازەترین هەڵوێستیشدا لەسەر داوای سەید موقتەدا سەدر، سەرجەم ئەندامانی فراکسیونەکەیان داواکاری دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەش سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و لە دیمەنێکی سەیردا، سەرۆکی پەرلەمان، رەزامەندی لە سەر داواکان پیشانداو ئیمزای رەزامەندی لەسەر یەک بەیەکی داواکان کرد بە پێچەوانەی ئیجرائاتە پەیڕەوکراوەکانەوە کە خۆی لە خستنەڕووی داواکاریی دەست لەکارکێشانەوەکان لە دانیشتنێکی پەرلەماندا دەبینێتەوە بە مەبەستی دەنگ لەسەردان. ئەمەی روودەدات پێدەچێت سیناریۆیەکی کار لەسەر کراوبێ و دەبێ چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی سەید سەدر بکەین بزانین چی دەبێت؟

بەغداد خۆپیشاندانی تشرینی 2020

وتارەکانی نوسەر