پەرێز عمر
گەلی کورد، گەلێکە مێژوویێکی دوورو درێژە قوربانی دەدات لە پێناو پاراستن و مانەوەی خۆی. بۆ ئەمەش دیارە جگە لە بەرگری جەنگی و گیان فیدایی و قوربانی دان، پێویستی بەردەوامیشی نەک تەنها بە پاراستنی کلتور و تایەتمەندیەکانی هەبووە و هەیە، بەڵکو پێویستی بەردەوامی هەیە بەوەی گرنگیان پێبدات و بەرەو پێشەوەیان ببات و لەگەڵ ڕۆژگار بیانگونجێنێت، تا تاکەکانی نەتەوە ئەو پیرۆزیانە لەخۆبگرن و ببن بەشێک لە ئاکار و کەسایەتیان. پێویستە دامەزراوەکان بیانکەنە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە و پیرۆزی بۆ پیرۆزیەکان نیشان بدەن.
نەتەوەیەک کە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت و مافە نەتەوەییەکانی لێ زەوتکراوە بۆ خۆپاراستن و گەیشتن بە مافەکانی، تەنانەت پێویستی بە گرنگی پێدانی زۆر زیاترى بەتایبەتمەندیەکانی وەک زمان و کلتور و جەژن و بۆنە تایبەتیەکان هەیە.
ئەرکی جددیە لەسەر سیاسی و بەڕێوەبەر و حوکمڕانانی وڵات لە کرداری ڕۆژانە و سەرجەم پلان و بەرنامە و هەنگاوەکان ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرن. تەنانەت لە سیمای شارو گەڕەکەکان، لە پەروەردەی منداڵان و ڕاهێنانی تاکەکان، لە شێوازی ژیان و فەلسەفەی بەڕێوەبردن پێویستە سیما نەتەوەیی و نیشتمانیەکان گرنگی تەواویان پێ بدرێت.
کیانێکی سیاسی وەک هەرێمی کوردستان کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە لەسەر بنەمای نەتەوەییەوە، بەداخەوە دوای ئەو ھەموو خەباتە ئێستا ھەندێک کار دەکرێک کە بەشێکی بەهۆی فشاری دوژمنان و بەشێکی ڕەنگە بەهۆی نەزانیەوە بێت، بەڵام ئەوەی جێگای مەترسی گەورەیە و دەبینرێت بەشی زۆری پابەندبوونە بە رێنماییەکانی دوژمن و خۆنزیککردنەوەی زیاترە لە دوژمنانی نەتەوەیی لەپێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان. بۆیە رۆژانە بەئاشکرا دەبینین بەشێک لە حوکمڕانانی ھەرێمی کوردستان نەک گرنگی بەو بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانیانە نادەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵی ڕێگریکردن دەدەن، پیرۆزیەکان دەشێوێنن.
خوە نەتەوەییە جیاکەرەوەکان لەناو دەبەن، گرنگی زیاتر بە بڵاوکراوەو سینەما و ئاکارەکانی دوژمن و نەتەوەی سەردەست دەدەن لەھەموو بوارەکاندا و بەھەموو رێگاکان. بۆ ئەم مەبەستە بینیمان چەند ساڵ بەر لە ئێستا لەھەموو سکرینەکانی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ھەرێم بۆ ریکلام لە شەقام و شوێنە گشتیەکان، لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان رێکلام بۆ کەناڵە فەرمیەکانی وڵاتێکی داگیرکەری کوردستان دەکرا. لەکاتێکدا لە کوردستان دەیان کەناڵی راگەیاندنی حزبی و تەنانەت شەخسی خودی سەرۆک و دەستەکان ھەیە، بەڵام کەناڵێکی نیشتمانی و نەتەوەییمان نیە. ئەمە جگە لەوەی چەندان کەناڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ھونەر و کولتوری دوژمنان ئێستا لە کودستان تەرخان کراون، لەرێگای دۆبلاژی زنجیرە دراماکانیان، کۆپی کردنی بەرنامەکانیان، بە پاڵەوان نیشاندانی ھونەرمەند و کارەکتەرەکانیان، تەنانەت شێوازی خوارد و جل و بەرگ و لەرێگا رۆیشتنەکانیان دەکەن بە مۆدێل و مۆدە و لەو رێگایەوە فەرھەنگ و کلتور و رەسەنایەتی و کوردەواری دەشێوێنن و لەبیر خەڵکی دەبەنەوە، بەشێوەیەک ھەرگیز دوژمنان نەیانتوانی ئەوە بکەن کە ئێستا لەسایەی حکومڕانی کوردیدا دەگوزەرێت.
ئەمە زیادەرۆیی نیە، چونکە ئاکارەکانی دوژمن راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەنگاری و بەرخۆدان لەناخی تاکدا دروست دەکەن و زۆر جار ئامانجەکانیان نەک ناپێکرێن، بەڵکو پێچەوانەکەیان رودەدات و دەبینرێت بەرامبەر دوژمنکاریەکانی دوژمن خۆرێکخستن و بەرەنگارى دروست دەبێت. بەڵام تا ئەم چرکەساتەش تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگا گوێڕایەڵ، چاولێکەر و لاساییشی بۆ سیاسەت و سیاسیەکانی کوردستان ھەیە، بۆیە ھەڵەکانی ئەوان سەدانجار کاریگەری زیاترە لە دوژمنکاری دوژمنان.
بۆ نمونە: وەک گوتمان جگە لەوەی لەکاتێکدا تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەک کەناڵی نیشتانی نیە، بەڵکو هیچ بەرنامەیەکی لەڕووی ڕاگەیاندن و سينەما و دۆکیومێنتاریشەوە نیە، لەکاتێکدا ڕۆژانە ڕۆڵەکانی شاهێدحاڵی جینۆساید و تاوەنەجەنگیەکانی دوژمنان بەداخەوە کۆچی دوايي دەکەن، کەچی شاھێدیەکانیان تۆمار نەکراون. لە بواری سینەما و نووسین و ھونەر کەمترین گرنگیان پێدراوە،
لەلایەکیترەوە دەسەڵات جەژنی پیرۆزیی نەتەوەییش کە جەژنی نەورۆزە بێ نرخ دەکات و ڕۆڵەکانی بەتاوانی پلانسازی و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە جەژن دەستگیر دەکات، لەکاتێکدا پێویستە لە بست بەبستی خاکی کوردستان و ھەر شوێنێک تاکێکی کوردی لێبیت رێز لەنەوروز بگیرێت و ئاسانکاری بۆ یادکردنەوەی بکرێت وەک چۆن ئەم ساڵ لە ئەوروپا و وڵاتانی جیھان بینیمان.
ئەم دەسبەسەرکردن و دەستگیرکردنە بەئاشکرا بەتاوانی ئامادەکاری بۆ بەشداری لە جەژنگێڕاني بناری قەندیل دیسان جێبەجێکردنی ئەجێندای دوژمنی نیشتمانیە بۆ ئەوەی پارچەکردنی کوردستان لە ھزر و بیری تاکی کورد دا جێگیر بکات. ئەمەش کە دەبێت پێچەوانەکەی بەرەو پێشەوە ببرێت و لە خەیاڵی تاکەکاندا بچێنرێت کە جیاوازی نێوان مامەیارە، ئاکرێ و قەندیل وئورمیە و ئامەد و کۆبانێ و ھەولێر نیە.
بۆم جۆرد گرتن و ترساندنەش نەک تەنها خەڵک چاوترسێن دەکات، بەڵکو لەڕاستیدا کاریگەری لەسەردڵ و دەرون و ھەست و نەستی تاکەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت گەنجانمان دروست دەکات کە شکۆی جەژنی نەتەوەیی و پیرۆزیە نەتەوەییەکانيان لەلا بێنرخ و بێنرختر بێت ، ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت کاریگەری زۆر خراپتری لەداھاتودا دەبێت. بەمەش خزمەتی گەورە تەنھا بە دوژمنانی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگەیەنن.
بۆیە تکایە ھاوڕێ کوردی ئازاد بکەن کە تاوانەکەی تەنھا ئامادکاریە بۆ بەشداری لە ئاھەنگەکانی جەژنی نەورۆز.