پەیوەندیی لەگەڵ فۆتۆگرافەرانی جیهاندا هەیە و ئەزموونی گەلی کورد بە دنیا دەناسێنێت..

فۆتۆگرافه‌رێكی باكووری كوردستان، له‌ جیهاندا ناوبانگی ده‌ركردووه‌

10:10 - 2025-04-09
ڕاپۆرت
255 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆگرافەر محه‌مه‌د مه‌عسوم

فۆتۆگرافەرێکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان بە هۆی وێنەگرتنەوە له‌ سەرانسەری جیهاندا ناوبانگی دەرکردووه‌ و کارەکانی بۆتە‌ جێی سەرنجی خەڵکی باكووری کوردستان و زۆرێک لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانی جیهان.
له‌مباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د مه‌عسوم، فۆتۆگرافه‌ری ناوداری باكووری كوردستان به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند:  یەکەم وێنەم لە ساڵی1970 گرتووە، ئەوکاتە هەرزەکارێکی 13ساڵان بووم. به‌رده‌وام وێنەدەگرم و حه‌ز و خولیایه‌كی تایبه‌تم هه‌یه‌ بۆ كاری فۆتوگرافی. هه‌روه‌ها  یەکەم وێنەی باوک و دایکم و خوشکەکەم گیراوه‌ و تا ئێستا لە ئەرشیفەکەمدا پارێزراوه‌، جگه ‌له‌وه‌ش چه‌ندین وێنەی خێزانی دیكه‌م گیراوه‌.
وتیشی: لە ساڵی 1974 وەک رۆژنامەنووسێکی گەنج دەستم بە کارەکردن کرد و تا ساڵی 1993 بەردەوامبووم، بەدرێژایی ئەو ساڵانە وەک رۆژنامەنووسێك وێنەم وەرگیراوه‌. بەڵام ئه‌وا‌ 15 ساڵە خەریکی گرتنی وێنەی هونه‌ریم. هەزاران وێنەی ناوچەی شوێنەواری و مێژوویی(حەسەن كێف)م گرتووە کە ئێستا لەژێر ئاوی بەنداوی ئەلیسودایە. هەروەها به‌رده‌وام دەستمکردووه‌ بەگرتنی وێنەی ناوچه‌ شوێنەواری و مێژووییەکانی باکووری کوردستان و سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان راکێشاوه‌، چونکە من بە چاوێکی هونەری وێنەدەگرم و خۆم لە هونەری فۆتۆگرافیدا راهێناوە.
هه‌روه‌ها محه‌مه‌د ده‌ڵێت: لە ساڵی2017 لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی هونەری فۆتۆگرافییەوە، وەک فۆتۆگرافەرێکی شارەزا ناسێندرام و خەڵاتم پێبەخشرا، هەروەها چەندین بڕوانامە و خەڵاتم لە زۆر وڵاتدا وەرگرتووە و لە زۆرێک لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان مه‌دالیا و خەڵاتی دیکەم بەدەستهێناوە، ئێستا خەریکی وێنەگرتنی فەرهەنگ و هونەری کوردی و ژیانی رۆژانەی گەلەکەمانم، چونکە وەک شوێنەوارە مێژووییەکانی كوردستان، خه‌ریكه‌ وردە وردە لەناودەچێت. هاوكات کاردەکه‌م به‌ تۆمارکردنی که‌له‌پوور و هونەری کوردی لە باکووری کوردستان و ئەرشیف ده‌كه‌م.  وەک جلوبەرگی کوردی و کەلوپەلی رۆژانە و چالاکییە هونەریەکانی وەک، کۆنسێرتی شانۆ و مۆسیقا، هەر شتێک سەرنجم رابکێشێت وێنەیان دەگرم.
له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره‌ وتی: وێنەی ئەو ئاژەڵانەش دەگرم کە لە پارکەکاندا دەژین. لەرێگەی وێنەکانمەوە دەمەوێت سەرنجی خه‌ڵكی بۆ باخچەکان و ئەو ئاژەڵانە رابکێشم کە تێیدا دەژین، بۆئەوەی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بیانپارێزن. هەروەها وێنەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد بۆ ئەرشیف دەگرم. تا ئەمڕۆ نزیکەی 200 پۆرترێتی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکانی کوردم لەهەموو بوارەکانی هونەرەوە کێشاوە. جگە لە کارە هونەرییەکانم، وەک فۆتۆ رۆژنامەنووسێک وێنەی رووداوەکان یان چالاکییەکانی رۆژانەی گەلی کورد دەگرم و بۆ زۆرێک لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی جیهان دەینێرم. بەم شێوەیە ئەزموونی گەلەکەم لە جیهاندا ده‌گه‌یه‌نم. لە رێگەی وێنەکانمەوە دەمەوێت کەلتوور و سروشت و هەموو جوانییەکانی کوردستان و گەلی کورد بە جیهان بناسێنم. لەم بوارەدا زۆر کارم کردووە.
مه‌عسوم باسی له‌وه‌ش كرد، كاتێک وێنەم ده‌گرت، بیرم لەوە کردەوە کە چۆن بتوانم ئه‌و هونه‌ره‌ بخه‌مە خزمه‌تی بەرژەوەندیی گەلەکەمان، چونکە گەلەکەمان لە زۆر بواردا پێویستی بە وێنە هەیە، هەروەها پەیوەندیم لەگەڵ زۆرێک لە دامەزراوەکانی فۆتۆگرافی لە سەرانسەری جیهان هه‌یه‌، هاوكات بەردەوام لە پەیوەندیدام لەگەڵ زۆرێک لە فۆتۆگرافەرانی وڵاتانی جیاواز، بێگومان وێنە کاریگەریی زیاتری خۆی لەسەر کۆمەڵگا هەیە لە فیلمی سینەما یان هەواڵی تەلەفزیۆنی، فیلمێک لە پێش چاودا دەچڕێت و لە یادەوەریی خەڵکدا نامێنێت. مەگەر دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگ نه‌بێت، بەڵام لەبەرئەوەی وێنە چوارچێوەیەکی بەستووی کاتە و دیمەنەکە ناگۆڕێت، کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر مێشکی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت و هەمیشەییترە.

 

لەلایەن ئەیاز هەرکی-یەوە ئامادە کراوە

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان