هەواڵێک و کۆمێنتێک

10:21 - 2022-06-19
بارزان شێخ عوسمان
542 خوێندراوەتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ئەڵمانیا، ئەفسەرێکی پۆلیس لە شاری گیسن سەر بە هەرێمی هیسن، بە وشەی نەژادپەرستی سووکایەتی بە پیاوێکی بێگانە دەکات و پێی دەڵێت “بڕۆ لاچۆ بۆ دەرەوە، دەنا خۆم ناگرم، بڕۆرەوە بۆ وڵاتە بەرازەکەت.
 بێرند پاول فەرماندەی پۆلیسیش ناڕەزایی دەربڕی و وتی: ئەو گرتە ڤیدیۆیە کاری تێکردم. 
ئێستا پۆلیس ئەفسەرەکەی ناسیوەتەوە و بەدوای ئەو هاووڵاتییەدا دەگەڕێت تا سکاڵا تۆمار بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەفسەرەکە بگرنە بەر.
 پاوڵ ئەوەشی روونکردەوە بارودۆخەکە هەرچۆنێک بووبێت، ئەو جۆرە قسانە پەسەند نییە، دیارە دواتریش راستییەکان رووندەکرێنەوە.
 تا ئێرە هەواڵەکە بوو، کۆمێنتەکە ئەوەیە، ئەو ئەفسەرە تەنیا بە قسەیەک کە بۆنی راسسیزمی لێدێت کەوتۆتە ئەو گێژاوەوە، دامەزراوەی پۆلیس دەیەوێت دەستوور و یاساکان پێشێل نەکرێن.
 من ناڵێم با عیراق و هەرێمی کوردستان وەک ئەڵمانیا بن، بەڵام با لانیکەم شتێکی زۆر کەم لە فەرهەنگ و کلتوری پۆلیس، ئاسایش و هێزەکانی تر لەوان بچن، تا رووداوی شەق تێهەڵدانەکەی دادگای سلێمانی و ئەوانی رابردوو دووبارە نەبنەوە. 
بەهۆی دیمەنی قێزەونی لەو جۆرە و رەفتاری ئەفسەرێک یان  پۆلیسێک، هەموو ئەو هێزانە بەراورد نەکرێن بە سیخوڕەکانی سەدام و جاش و جەیشی شەعبی، لە هێزێکی یاسا چەسپێنەرەوە نەبنە سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر. 
با ئەو هێزانە بە حوکمی جلوبەرگی رەسمییان، بە حوکمی رەفتار و هەڵسوکەوتی یاسایی و رەسمی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، نەک بە ئارەزوو و میزاجی خۆیان کە تووڕە کران ئیتر کۆنترۆڵ لەدەست بدەن. لە ئەوروپا و ئەمریکای شارستانی و مەدەنییەتیش ئەوە هەموان دەزانین کە چۆن بە وردیی پۆلیس یاسا دەچەسپێنن، دیارە لەوێش شت روودەدات بەڵام زۆر کەم.
 لەو رووداوی شەق تێهەڵدانە لە مرۆڤێک لە بینای دادگا زۆر نیگەرانیی تر بەبیرمان هاتەوە، هەموو بەتوندی مامەڵە لەگەڵ رووداو و حاڵەتەکاندا دەکەین. دادوەرەکان بە تووڕەیی بە فیزەوە قسەدەکەن تەنانەت لەگەڵ شایەتەکانیشدا چ جای تۆمەتبار.
 پیاوانی ئاینیی سەر بە مەدرەسە جیاجیاکانی هێزە ئیسلامییەکان بە توندی قسە بە ژیانی مەدەنیەت دەڵێن، مێرد و باوک و برای ژنان و کچانی بێحیجاب، بەر نەفرەت و جنێوی ناشرین دەدەن تا رادەی فتوادان بۆ کوشتنیان، بێ ئەوەی کەس بوێرێ رایان بگرێت، لەنۆبەی نان وەرگرتندا یەکتر دەکوژن، لە رێگەوبان بە تیژڕەوی و بە مێشکی گەرم و تووڕەییەوە ئۆتۆمبیل لێدەخوڕن، کە پێشنیاز بۆ حکومەت و پەرلەمان دەکرێت هەر بە زمانی شەق و تووڕەیی وەڵام دەدەنەوە، خۆ هەندێک لە حزبەکان هەر هیچ کەس ناتوانێت بڵێت فڵانە حزب و فیسارە جووڵانەوە گەرد و تۆزی گەندەڵی، نادیموکراسی، کەللەرەقی، موزایەدە لە خۆتان بتەکێن، هەموان بەزمانی شەق و توندوتیژیی و تووڕەیی مامەڵە لەگەڵ یەکتر و پێشهات و بارودۆخەکاندا دەکەن، با کەمێک بەخۆدا و بە مامەڵەی پۆلیس و ئاسایشدا بچینەوە، تا ئابڕووبردنی تر نەبینینەوە.

وتارەکانی نوسەر