مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بیرمەندێکی فرەڕەهەند

10:10 - 2023-04-09
بارزان شێخ عوسمان
551 خوێندراوەتەوە

23 ساڵە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد  ماڵئاواییکردووە، بەڵام فیکر و بیروباوەڕە پێشکەوتنخواز و دیموکراتخوازانەکەی کە فرەڕەهەند و هەمەلایەن بوو، هەر زیندووە، لاپەڕەکانی گۆڤاری گەلاوێژ، چیرۆك و شیعرەکانی، لەسەر رووپەڕی رۆژنامەکان و کتێب و دانراوەکانی مەرەکەبی پێنووسەکانی ئەوێ رۆژێیان لێ دەتکێت.
بەهەر بەرهەمێکی (فیکریی، ئەدەبیی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، قانونیی و رووناکبیریی) مامۆستای مەزندا گوزەر بکەین، ناتوانین لێیان داببڕێین بێ تەواوکردنیان.
 خوێنەر لەدوای خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە ئیدی خوێندنەوەی نووسین و بەرهەمەکانی تری دەبێتە خولیای.
بەندە   زۆر منداڵ بووم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم کە رۆمانی (ژانی گەل)م خوێندەوە، بۆیە ئیتر خوێندنەوەی بەرهەمەکانی تری مامۆستای مەزن بوونە خولیام، کاتێکیش زانیم گۆرانیی خۆشەویستەکەم بە دەنگی کاك خەلیل وەندی  شیعری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە، ئیتر گۆرانییەکەم لەبەرکرد و لە دێڕەکانی شیعرەکە ورد دەبوومەوە. هەر بۆیە ئیدی  پەیداکردنی بەرهە سیاسیی و ئەدەبییەکانی و گۆڤاری گەلاوێژ  بوونە خولیایەکی جیانەبۆوە لە ژیانم.
بە پێداچوونەوەیەکی خێرا  بە تەواوی بەرهەم و نووسینەکانی ئەم رۆڵە هەڵکەوتووەی گەلەکەمان، ئەو راستییە بەرجەستە دەبێت کە مامۆستای مەزن بیرمەندێکی قاڵبووی نێو خەباتی سەختی گەلێکە کە لە پێناوی ئازادیی و سەرفرازییدا  شەڕی مانەوەی دەکات لەسەر خاکەکەی خۆی، بۆیە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدیش لە هەموو بوارەکاندا تێکۆشاوە بۆ زیاتر هوشیارکردنەوە و رێنماییکردنی رۆڵەکانی گەلەکەی  بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان .
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەك بیرمەندێك نەخشەڕێگەی داڕشتووە بۆ شێوازەکانی خەبات و ئامڕازەکانی سەرکەوتنی خەبات و بەدیهێنانی خەون و ویستە رەواکانی گەل و نەتەوەکەی. هەربۆیە ئەم روانینە نیشتمانیی و چینایەتیی و نەتەوەییەی  لە بەرهەمەکانیدا رەنگی داوەتەوە بۆتە ناسنامەیەکی ناسینەوەیان.
مامۆستای هەمیشە زیندوو  وەك بیرمەندێك   لەگەڵ خەباتی چینایەتیی و نەتەوەییدا، یەکسانیی ژن و پیاو و بەدیهێنانی کۆمەڵێکی بێ چەوسانەوە، دابینکردنی ئازادییە گشتییەکانیشی لەیاد نەکردووە، هەربۆیە  بەردەوام دەستەواژەی دیموکراسیی و خەباتکردن بۆ بەدیهێنانی  لە بەرهەم و نووسین و وتارەکانیدا پانتاییەکی فراوانی هەیە.
راستە مامۆستا کوردستانییەکی سازش نەکەر بووە، بەڵام ئەوە نەبۆتە رێگر کە وەك بیرمەندێک نەخشەڕێگە دابنێت بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکەی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا  بۆ سڕینەوەی  عەقڵییەتی دواکەوتووی نەتەوەی سەردەست و  نەتەوەی بن دەست، هەربۆیە کتێبی (الأکراد و العرب) کە زیاتر لە  هەشتا ساڵ لەمەوبەر نووسیوێتی، بۆ ئەمڕۆش  گونجاوە کاری پێ بکرێت، نەك هەر لە عیراق، بەڵکو لە ئێران و تورکیا و سوریاش. 
ئەوەش  ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بیرفراوانیی و تێگەیشتنی مامۆستای مەزن لەئاست ئەم مەسەلە ئاڵۆزەدا کە زیاتر لە سەدەیەکە لە تورکیا، ئێران، عیراق و سوریا چارەسەر نەکراوە.
دیارە بەرهەمە شیعری و ئەدەبی و سیاسی و رۆژنامەییەکانی تری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد  هەمان تێز و بیریان تێدا بەرجەستە بووە کە هەمیشە بە زیندویی دەمێننەوە و دەتوانرێت وەك رێبازێکی کار و خەبات بکرێنە رێنما.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد

وتارەکانی نوسەر