جەنگی ئابووری، شێوازێکی نوێی جەنگ

01:18 - 2025-04-14
عوسمان ساوجی
50 خوێندراوەتەوە

جەنگ (war) یەکێكە لەو رێگە و شێوازانەی تەریب لەگەڵ ژیانی مرۆڤایەتی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان گەشەی کردووە، لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چەند شێوازێکی جەنگ هەڵگیرساون، کە لە رووی جۆرەوە بۆ جەنگی گەرم و سارد پۆڵێن کراون و لە رووی کاراکتەرەکانەوە بریتین لە جەنگی ناوخۆیی و جەنگی نێوان دەوڵەتان و جەنگی نوێنەرایەتی و..هتد، ئەو چەکانەی لەو جەنگانەدا بەکاردەهێنرێن بریتین لە: چەکی سوک و قورس، چەکی کلاسیکی، چەکی پێشکەوتوو، چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژ و چەکی ئەتۆمی.
خۆی بەڕابەری دەزانێت 
لەگەڵ هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا فۆرمێکی نوێی جەنگ برەوی پێدراوە کە بریتییە لە جەنگی ئابووری، (لە راستیدا پێچەوانەی سەرەکیترین پرەنسیپی سیستمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە کە ئەمریکا خۆی بەڕابەری دەزانێت)، خاڵی جیاکەرەوەی ئەم جەنگە ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر تەنها دەوڵەتانی نەیارنین، بەڵکو یار و نەیار کەوتوونەتە بەر رەحمەتی سەپاندنی باج (Tariff)ی نوێ، بە جۆرێک کاڵای هاوردەکراوی هەندێک وڵات بە رێژەی %100 و زیاتریش باجیان خراوەتە سەر، بەوەش بە دڵنیایی ئەگەر ئەو وڵاتانە بە تەواویش بێبەش نەبن لە کەڵکوەرگرتن لە بازاڕەکانی ئەمریکا کە بەهۆی بەهێزیی دۆلار و زۆریی داهاتی تاکەوە بازاڕێکی فراوان و پڕ قازانجن، ئەوا بوارێکی ئەوتۆیان بۆ نامێنێتەوە.

 

 ئابووریی ئەمریکا ئەوەندە بەهێزە، کە دەتوانێت رکابەرەکانی ناچار بە سازشی گەورە بکات و هاوشێوەی جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی سارد بە براوەیی لێی دەربچێت و بەوەش پێشبینی دەکرێت هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بۆ ماوەیەکی زیاتر گرەنتی بکات

 

دەتوانێت بە براوەیی لێی دەربچێت
لە بەرامبەریشدا زۆرێک لە وڵاتان هەوڵیانداوە کار بە تیۆری مامەڵەی هاوشێوە (Reciprocity) بکەن، وەک پەرچەکردار و تۆڵەی خۆیان لە ئەمریکا بکەنەوە، بەڵام قەبارە و تونای ئابووریی ئەمریکا هێشتا ئەوەندە بەهێزە، کە دەتوانێت رکابەرەکانی ناچار بە سازشی گەورە بکات و هاوشێوەی جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی سارد بە براوەیی لێی دەربچێت و بەوەش پێشبینی دەکرێت هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بۆ ماوەیەکی زیاتر گرەنتی بکات.

وتارەکانی نوسەر