لەنێوان گوشار و دەرفەتدا

رێککەوتن لە نێوان واشنتۆن و تاراندا نزیکبووەتەوە؟

09:44 - 2025-04-15
د. موهەیمن ئاغا
59 خوێندراوەتەوە

ترەمپ، پێیوایە هەڕەشەی سەربازیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی باشتر. بۆیە دەبینین چۆن بانگەوازی دانوستانی راستەوخۆ و هەڕەشەی سەربازیی شان بە شانی یەکتر دەکات و لەپشت ئەم ستراتیژە دوولایەنەیەی ترەمپەوە بەرامبەر بە ئێران، چەندین لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکایی و ئێرانی دەبیستین. 
پەیامێک کە لەلایەنی ئەمریکاوە دەگات، بوونی دوو بۆچوونی جیاوازە لەناو ئیدارەی واشنتۆندا سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا. 
ستیڤ ویتاکەر، نوێنەری تایبەتیی ترەمپ، فێرمیۆن و ئیلۆن ماسک، نوێنەرایەتیی بۆچوونێکی هاوسەنگتر لە ڕووی ئابووریی-میحوەرییەوە دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە، مارکۆ رۆبیۆ و مایک واڵتز بۆچوونێکی توندتر پەیڕەو دەکەن. ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە و پێدەچێت ستراتیژیی تێکەڵاوی ترەمپ  روون بکاتەوە لە نێوان هەڕەشەی سەربازیی و بانگەوازیی دانوستانی ئاشتیدا، ئەمەش نادڵنیاییەک لە هەڵوێستەکانیدا دروستدەکات.

 هەڵوێستی ئیسرائیل
ئەم دۆخە لە هەڵوێستی ئیسرائیلیشدا دەبینرێت، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشتر ئاماژەی بە ئەگەری جووڵەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی دەکرد و هاوکات ئاماژەشی بە پەسەندکردنی چارەسەری دیپلۆماسی کردووە لە رێگەی دانوستانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆوە. بەم شێوەیە، لێدوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک تێکەڵاوییەک لە گوشار و دەرفەت دەردەکەون کە ئێران دەبێت هەڵوێستی خۆی لەو چوارچێوەیەدا دیاری بکات.

 هەڵوێستی ئێران
ئێران رازییە بە دانوستانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەمەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیان و نایەوێت وا دەربکەوێت کە بەزۆر بۆ دانوستان هاندراوە، بەڵکو لە پێگەیەکی بەهێزەوە سەروەریی خۆی بپارێزێت.
بە بۆچوونی چاودێرانی خۆرئاوایی «ترەمپ لەناو ئێراندا وەک تۆڵەسێنێک دەبینرێت، ئەگەر ئێران بچێتە ناو دانوستانەوە، ئەوا لەکاتێکدایە کە هەژموونی لە سوریادا کەمبووەتەوە و باڵە هەرێمییەکانی کە پشتی پێدەبەستن لە ستراتیژی هەرێمی و بەرگریدا (بەرگری پێشەوە) لاوازبوون».

 

پەیامی ئەمریکا، بوونی دوو بۆچوونی جیاوازە لەناو ئیدارەی واشنتۆن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران

 

 پرۆسەی دانوستان
ئێران نەیوتووە کە دانوستان دەکات، بەڵکو بەرپرسانی ئێران تەنها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە رێگای دانوستانی ناڕاستەوخۆ کراوەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە ستیڤ ویتاکەر و ترەمپ بوون کە جەختیان کردەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بەردەوامە.
ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی «NBC NEWS»ی ئەمریکی، بە هەڕەشەوە وتی: «ئەگەر نەگەینە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بەوەی کە چەکی ئەتۆمی دروستناکەن، ئەوا بۆردومان دەکرێت».
بەپێی لێدوانی سەرۆکی ئێران، مەسەلەی دانوستانی راستەوخۆ رەتکراوەتەوە، بەڵام رێڕەوی دانوستانی ناڕاستەوخۆ کراوەیە، ئەو پێیوایە پابەندنەبوونی واشنتۆن بە بەڵێنەکانی بووەتە هۆی کێشە لەم رێڕەوەدا و پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە و متمانە بگەڕێتەوە».

 کێشەی متمانە
لێرەدا کێشەی سەرەکیی نێوان ئێران و واشنتۆن دەردەکەوێت، ئەویش مەسەلەی نەبوونی متمانەیە، بۆیە ئێران دەیەوێت بڵێت: هەڵسوکەوتی واشنتۆن، بەردەوامیی رێڕەوی دانوستان دیاری دەکات. 
بەڵام لەلایەکی ترەوە، ئەمە تاکتیکێکی دانوستانە کە تاران پەیڕەوی دەکات بۆئەوەی دەستکەوتی(هەڵگرتنی گەمارۆکان) بەدەست بهێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی پێشتر رایگەیاندبوو: «سیاسەتی ئێمە هێشتا بریتییە لە دانوستان نەکردن بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەژێر هەلومەرجی گوشاری زۆر و هەڕەشەی سەربازیدا، بەڵام دانوستانی ناڕاستەوخۆ، وەک ئەوەی لە رابردوودا هەبووە، دەکرێت بەردەوام بێت».
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئامادەیی ئێران بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، سەید کەمال خەڕازی، سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، جەختی کردەوە کە ئێران هەموو دەرگاکانی دانەخستووە، بەڵکو ئامادەیە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنەکەی تر، راگەیاندنی مەرجەکانی و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو.
 گۆڕینی هەڵوێستی ئەتۆمی
هەرچەندە عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، جەختی لەسەر ئاشتیخوازیی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردەوە، بەڵام دوودڵ نەبوو لە پیشاندانی جۆرێک لە هەڕەشە ئەگەر ئێران بۆردومان بکرێت و وتی: «فەتوای رابەر ئەوەیە کە ئێران بەرەو خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی ناڕوات، مەگەر ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناچارمان بکات بڕیارێکی تر بدەین».
ئەمەش لێدوانێکە ساڵێک پێش ئێستا راگەیەنراوە بەوەی ئێران بیروباوەڕی ئەتۆمیی خۆی دەگۆڕێت ئەگەر دامەزراوەکانی لەلایەن ئیسرائیل یان واشنتۆنەوە بۆردومان بکرێت.

 چاوەڕوانی رێککەوتن
گرنگترین لێدوان کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە «ئێران دڵنیایە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ترەمپ»دا، ئەوەیە لاریجانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ئاماژە بە نامەکەی ترەمپ وتبووی: «ئەم نامەیە لەوانەیە هۆکاری زۆری هەبێت»، ترەمپ خۆی تایبەتمەندیی کەسیی وایە کە دەیەوێت هەموو شتێک بە ناوی خۆیەوە کۆتایی پێبهێنێت، ئێرانیش لەم ساڵانەدا توانایەکی تایبەتی هەیە.
ئەم لێدوانە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێران دڵنیایە لە ویستی ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵیدا تا بڵێت گرنگترین رێککەوتن لە سەردەمی ئەودا کراوە بەوەی تواناکانی ئێران سنووردار دەکات، واتە ئەوەی بە ئیدارەکانی پێشوو نەکراوە.
بەکورتی، پەیامەکانی ئێران بۆ ترەمپ ئەوەیە کە ئامادەیە تەنها دانوستان بکات لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی خۆی بەپێی رێککەوتنی 2015 و رێزی دووقۆڵی و دژایەتی هەر دانوستانێک دەکات کە لەسەر توانا بەرگری و مووشەکییەکانی بێت. 
لەنێوان گوشاری ئەمریکا و پێداگرتنی ئێراندا لەسەر مەرجەکانی، چاودێرانی سیاسی چاوەڕێ دەکەن بزانن ئایا لە کۆتاییدا رێککەوتن سەردەگرێت یان رووبەڕووبوونەوەکە توندتر دەبێت. بەڵام ئاماژەکانی ئێستا بەو جۆرەن کە هەردوو لایەنەکە سەرەڕای هەڕەشەکانیان، لەژێرەوە دەروویەک بۆ رێگای دیپلۆماسی کراوە دەهێڵنەوە.

وتارەکانی نوسەر